بەشی ٤

1 ململانێ و ڕکابری نێوانتان لە کوێوە سەرچاوە دەگرێت؟ ئایا بەهۆی ئارەزووە خراپەکانتانەوە نییە کە لە ئەندامەکانی لەشتاندا دەجەنگن؟ 2 ئێوە ئارەزووی ئەوەتان هەیە خاوەندارێتی ئەو شتانە بکەن کە هی خۆتان نییە، بەڵام ئەوەی دەتەوێت بەدەستی ناهێنیت، کەواتە دەکوژن، و ئیرەیی دەبەن، و توانای گەیشتن بە ئامانجەکەتان نییە. وە بەم شێوەیە ڕکابری و تێکۆشان دەکەن! ئەوەی دەتانەوێت ئەوەتان نییە، چونکە لە خودا داوای ناکەن. 3 ئەگەر داوای شتێکی لێ بکەن، بەدەستی ناهێنن: چونکە بە پاڵنەرێکی خراپ داوای دەکەن، بەو پێیەی ئێوە بەنیازن ئەوەی بەدەستی دەهێنن تەنها بۆ تێرکردنی ئارەزووەکانتان بەکاری بهێنن. ​ 4 ئەی ناپاکان! ئایا نازانن دۆستایەتی لەگەڵ جیهاندا دوژمنایەتیکردنە لەگەڵ خودا؟ بۆیە ئەوەی بیەوێت ببێتە دۆستی جیهان، ئەوە بۆتە دوژمنی خودا. 5 پێتان وایە تەوڕات بێهودە قسە دەکات! ئایا گیانەکە کە لە ئێمەدا نیشتەجێیە ئارەزووی ئیرەیی دەکات؟ 6 نەخێر، بەڵکو بەخششێکی گەورەترمان پێ دەبەخشێت. هەر بۆیە تەوڕات دەڵێت: «خودا بەرەنگاری لۆتبەرزەکان دەبێتەوە، بەڵام بەخشش بە بێ فیزەکان دەبەخشێت». 7 کەواتە، ملکەچی خودا بن. بەرەنگاری شەیتان ببنەوە و ئەویش لێتان هەڵدێت. ​ 8 لە خودا نزیک ببنەوە و ئەویش لێتان نزیک دەبێتەوە. ئەی گوناهباران دەستەکانتان پاک بکەنەوە، ئەی خەڵکی ڕاڕا دڵتان پاک بکەنەوە. 9 خەفەت بخۆن و بگریێن و شیوەن بکەن. پێکەنینتان بگۆڕن بۆ گریان و خۆشیتان بۆ خەفەت. 10 لەبەردەم پەروەردگاردا بێ فیز بن، ئەویش بەرزتان دەکاتەوە! 11 ئەی براکانم، زەمی یەکتر مەکەن. هەرکەسێک ئەم کارە بکات و براکەی تاوانبار بکات، سوکایەتی بە تەوراتی خودا دەکات و بڕیاری لە سەر دەدات. ئەگەر لە سەرتەورات بڕیار بدەیت، ئەوا تۆ کار بە تەورات ناکەیت، بەڵکو خۆت دەکەیت بە دادوەر بەسەرییەوە. 12 تەنها یەک دادوەر هەیە بۆ تەورات، ئەویش خودایە کە دانەرییەتی، ئەو بە تەنیا دەسەڵاتی هەیە کە بڕیار بدات لە سەر ڕزگاربوون یا لەناوچوون. بەڵام تۆ کێی بڕیار لەسەر کەسانی تربدەیت؟ 13 ئێوە، ئەوانەی پلانتان هەیە دەڵێن: «ئەمڕۆ یان سبەی، دەچینە فڵان شارێک، و ساڵێک لەوێ بەسەر دەبەین، و بازرگانی دەکەین و قازانج دەکەین». 14 لەسەرەخۆبە! ئێوە نازانن سبەی چی ڕوودەدات! ژیانتان چی بەسەر دێت؟ ئەوە هەڵمێکە، بۆ ماوەیەکی کورت دەردەکەوێت و دواتر نامێنێت! 15 لەبری ئەوە، کە وەڵام بدەنەوەو بلێن: «ئەگەر پەروەردگار خواستی لەسەر بوو و ژیاین، و ئەم یان ئەو کارە دەکەین!» 16 لەبەرئەوە، ئێوە لۆت بەرز و خۆبەزلزانن. هەموو شانازییەکی لەو شێوە، شانازییەکی خراپە. 17 هەرکەسێک بزانێت چ کارێک چاکەیە، و نەیکات، ئەمەش بۆ ئەو بە گوناهە دادەنرێت.