باشی ٥
1
ئەی دەوڵەمەندەکان، ئێستا بە هۆی ئەو نەهامەتییەی کە کە چاوەڕێتان نەدەکرد، بگرین و بناڵێنن.
2
سامانە زۆرەکەتان لە ناوچوو، جلە جوانەکانتان مۆرانە دەیخوات
3
ئاڵتون و زیوەکەتان ژەنگی هێناوە، ژەنگە شایەتحاڵتان دەبێت و گۆشتان دەخوات وەک ئاگر ئایا بۆ ڕۆژانی دوایی سامانتان کۆکردۆتەوە؟
4
وە ئەمە کرێی ئەو کرێکارانەیە کە کێڵگەکانتان دروێنە دەکەن، ئەو کرێیەی کە تا ئێستاش بە ناڕەوا لێیان ڕادەگیرێت، هاوار دەکەن، وە هاواری هەر ئەو کرێکارانە لەلایەن پەروەردگاری سوپاسالارەوە بیستراوە!
5
ئێوە لەسەر زەوی بە خۆشگوزەرانی دەژین و خۆتان بە خۆشی و چێژەوە سەرقاڵ دەکەن؛ دڵتان قەڵەو بکەن وەک ئەوەی ئامادەبن بۆ ڕۆژی قوربانی.
6
ئێوە بێتاوانتان تاوانبار کرد و کوشتان، ئەویش بەرەنگارتان نەبۆوە!
7
سەبارەت بە ئێوەش، ئەی براکانم، بۆیە دانبەخۆتاندا بگرن، چاوەڕێی گەڕانەوەی پەروەردگار بن. وانەیەک لە جووتیارەکە وەربگرن: چاوەڕێی زەوییەکەی دەکات تا بەرهەمی گرانبەهای پێبدات، وەک چۆن دان بەخۆدادەگرێ تاوەکو بارانی پاییز و بەهار بەسەر زەویەکەیدا ببارێت.
8
بۆیە ئارام بگرن و دڵتان بەهێز بکەن، چونکە گەڕانەوەی پەروەردگار نزیکە.
9
ئەی برایان، لە بەرامبەر یەکتردا مڕومۆچ مەبن، تاکو بڕیار بەسەرتاندا نەدرێت. هەمیشە لەبیرتان بێت کە دادوەر زۆر نزیکە، لەبەردەم دەرگاکەدایە.
10
ئەی براکانم، لە بەرگەگرتنی ئازار و دانبەخۆداگرتن، وەک پێغەمبەران بن کە بەناوی پەروەردگارەوە قسەیان کردووە.
11
سەبارەت بەوانەی لە ئازاردا دانبەخۆدا دەگرن دەڵێین: «خۆزگە بەوان!» ئێوە گوێتان لە ئارامی و خۆڕاگری ئیۆڤ بووە، بینیتان کە پەروەردگار لە کۆتاییدا چۆن مامەڵەی لەگەڵدا کردووە. ئەمەش ئەوە دەردەخات کە پەروەردگار زۆر میهرەبان و بە بەزەییە.
12
بەڵام پێش هەموو شتێک، ئەی برایانم، نە بە ئاسمان و نە بە زەوی و نە بە هیچ سوێندێکی تر سوێند مەخۆن. بەڵام با «بەڵێ»تان بۆ بەڵێ بێت، و «نەخێر»تان ئەگەر نەخێربێت. ئەمەش بۆ ئەوەیە بڕیارتان لە سەر نەدرێ.
13
ئایا کەسێک هەیە لە نێو ئێوەدا ئازار بچێژێت؟ با نزا بکات! ئایا لە نێو ئێوە کەس هەیە دڵخۆش بێت؟ با سروود بۆ خودا بڵێت!
14
هەرکەسێک لە ئێوە نەخۆشە، با بانگی پیرەکانی کڵێسا بکات، بۆ ئەوەی نزای بۆ بکەن و بە ناوی پەروەردگار بە زەیت چەوری بکەن.
15
ئەو نزایەی کە بە باوەڕ بەرزدەکرێتەوە، نەخۆشەکە چاک دەکاتەوە، وەک چۆن پەروەردگار تەندروستی بۆ دەگەڕێنێتەوە. ئەگەر نەخۆشییەکەی بەهۆی گوناهێکەوە بووبێت، پەروەردگار لێی خۆش دەبێت.
16
با هەر یەکێک لە ئێوە دان بە تاوانەکەیدا بنێت بەرامبەر بە براکەی، نزا بۆ یەکتر بکەن، تاکو چاک ببنەوە. ئەو نزا بە تینەی کە مرۆڤی چاکەکار دەیکات کاریگەرییەکی زۆری هەیە.
17
ئیلیاش وەک ئێمە مرۆڤ بوو، لە ڕێگەی نزاوە داوای لە خودا کرد کە بارانەکە ڕابگرێت. بەم شێوەیەش بوو، بۆ ماوەی سێ ساڵ و شەش مانگ دڵۆپێک باران نەبارییە سەر زەویدا.
18
پاشان نزای دووهەمی کرد، لە ئاسمان باران باری و زەوی بەرهەمی دا!
19
ئەی برایان، ئەگەر کەسێک لە ئێوە لە ڕاستی لابدات، و کەسێکی تر بیگەڕێنێتەوە،
20
با دڵنیا بێت هەرکەسێک گوناهبارێک لە گومراییەکەی رزگار بکات، وەک ئەوەیە کەسێک لە مردن ڕزگار بکات و گوناهەی زۆر دادەپۆشێت!