1 لە پەیمانی کۆن ڕێوڕەسم و یاساو ڕێکخستنی پەرستنی خودا لە چادرێکی پیرۆزدا لەسەر ئەم زەوییە دانرا، 2 ئەم چادرە گەورە دوو بەشبوو بە پەردەیەک لەیەکتر جیاکرابوونەوە. بەشی یەکەم کە ناوی «پیرۆزەکە» بوو، چرادانێکی زێڕین و مێزێکی تێدابوو کە نانی نزیکبوونەوە لە خودای لەسەر دانرابوو. 3 بەشی دووەم دەکەوێتە پشت پەردەکەوە، ناوی «پیرۆزی هەرە پیرۆزەکان»، 4 بخوردانێکی لە زێڕ دروستکراوی تیادابوو، تابوتێک کە هەمووی بە زێڕ ڕوپۆشکرابوو پێی دەگوترێت «سندووقی پەیمان». لەناو سندووقەکە قاپێک لەزێڕ دروستکرابوو هەندێک مەنی تێدابوو. گۆچانەکەی ئارۆن کە گەڵای سەوزی دەرکردبوو؛ لەگەڵ دوو تەختە بەردەکە کە فەرمانەکانی پەیمانیان لەسەر هەڵکەندرابوو. 5 لەسەر سندووقەکە، دوو کەڕوبی شکۆمەندی (پەیکەری دوو فریشتە) هەبوون، بە باڵەکانیانەوە سێبەریان کردبووە سەر قاپەکەی کە پێی دەگوترا «کورسی بەزەیی»، لێرەدا، ئەو وردەکارییە بەسە. دەرفەت نیە زیاتربەوردی باسی بکەین. 6 بەو پێیەی ئەم شتانە بەم شێوەیە ڕێکخرابوو، کاهینەکان دەچوونە ناو بەشی یەکەم، لەوێ ئەرکەکانی خزمەتەکەیان جێبەجێ دەکرد. 7 بەڵام بەشی دووەم، تەنها سەرۆک کاهینەکە دەچووە ژوورەوە، ساڵانە جارێک. پێویست بوو لەسەری خوێن هەڵبگرێت و بیپڕژێنێتە سەر کورسی بەزەیی وەک قوربانی بۆ خۆی و بۆ ئەو تاوانانەی کە گەلەکەی بە نەزانی کردویانە. 8 بەم شێوەیە گیانە پیرۆزەکە ئاماژە بەوە دەکات ڕێگای «پیرۆزی هەرە پیرۆزەکان» ی، ڕاستەقینە لە ئاسمان هێشتا نەکرابۆوە. چونکە نشینگەی یەکەم هێشتا مابوو. 9 ئەوە هێمای سەردەمی ئێستایە کە بەگوێرەی ڕێکخستنی پەیمانی کۆن قوربانی پێشکەش دەکرێت. بەڵام ناتوانێت ویژدانی ئەوانە پاک بکاتەوە کە لەو ڕێگەیەوە لە خودا نزیک دەبنەوە، هەروەها ناتوانێت بەرەو بێتاوان بوونیان ببات و ویژدانیان پاک بکاتەوە. 10 بەو پێیەی پەیمانەکەی پێشوو سنووردار بوو بە قەدەغەکردنی هەندێک خواردن و خواردنەوە و ڕێگەپێدانی بە هەندێکیتر، دانانی ڕێسا و یاسا تایبەت بە ئەنجامدانی شۆردنو ڕێوڕەسمی جیاواز. بەڵکو هەموو ئەو شتانەی لەو یاسای جەستەیی بوون کە کاتی چاکسازی هات کارەکانیان کۆتایی پێهات. 11 لەبەر ئەوەی بەرەکەتە ئاسمانییەکان لە مەسیحدا بەدیهات. ئێستا سەرۆک کاهینمانە ئەرکی خۆی لە چادرە ڕاستەقینەکەدا ئەنجام دەدات، کە لە چادرە زەمینیەکە گەورەتر و کامڵترە. لە ئاسماندایە. بە دەستی مرۆڤ دروست نەکراوە سەر بەم جیهانە نیە. 12 لەم چادرەدا، مەسیح جارێک هاتە ناو «پیرۆزی هەرە پیرۆزەکان»، خوێنی خۆی هەڵگرتبوو، نەک خوێنی بزن و گۆیرەکە. ئەمەش دوای ئەوە بوو لەبری ئێمە خوێنی خۆی ڕشت. قوربانی هەتاهەتایی بۆمان دەستەبەرکرد. 13 هیچ سەیر نییە! بە پێی ڕێکخستنی پێشوو خوێنی گا و بزن لەگەڵ خۆڵەمێشی گۆیرەکە بەسەر گڵاوەکاندا دەپڕژێنرا، جەستەیانی پاک دەکردەوە. 14 چەندە زیاتر خوێنی مەسیح کە بە گیانێکی ئەزەلی خۆی پێشکەش بە خودا کرد وەک قوربانییەکی بێ تاوان، چەندە زیاتر ویژدانمان لە کارە مردووەکان پاک دەکاتەوە بۆ ئەوەی خودای زیندوو بپەرستین. 15 بۆیە، مەسیح ڕێکخەری پەیمانی نوێیە. تاکو بانگکراوان بەڵێنی میراتی هەتاهەتایی وەربگرن، چونکە مردنەکەی بەهای خوێنە بۆ ئازادکردن لەو گوناهانەی کە لە پەیمانی یەکەمدا کردوویانە. 16 کاتێک یەکێک دەمرێت و وەسیەت نامەیەک بەجێدەهێڵێت، دەبێت مردنەکەی بسەلمێنرێت بۆ ئەوەی سوود لە وەسیەتنامەکەی وەربگیرێت. 17 کەواتە وەسیەتنامەکە هیچ هێزێکی نییە تا خاوەنەکەی لە ژیاندا بێت. وەسیەتنامە تەنها بە مردنی خاوەنەکەی دەسەلمێنرێت. 18 بەم شێوەیە، پەیمانی کۆنیش جێبەجێ نەکرا تەنها بە پڕژاندنی خوێن نەبێت. 19 موشە هەموو فەرمانەکانی تەوڕاتی بۆ گەلەکەی خوێندەوە. خوێنی گوێرەکە و بزن هەندێک ئاویش، خوری سور و گیای زوفای لەگەڵ خۆی برد بە سەر پەرتووکی تەوڕات و گەلەکەیدا پڕژاند. 20 گوتی: ئەمە خوێنی ئەو پەیمانەیە کە خودا ڕایسپاردوون جێبەجێی بکەن. 21 هەروەها خوێنی بەسەر چادرەکەی، پەرستن و کەرەستەکانی خزمەتکردن کە لە ناویدابوون پڕژاند. 22 بەگوێرەی تەوڕات نزیکەی هەموو شتێک بە خوێن پاک دەبێتەوە. لێخۆشبوونی گوناهەش بەبێ رشتنی خوێن نابێت! 23 بەو پێیەی پاککردنەوەی چادرە زەمینیەکە پێویستی بە پڕژاندنی خوێنی قوربانی ئاژەڵەکان بوو، چادرە ڕاستەقینەکە خوێنی قوربانیەکی باشتری دەویست لە قوربانیەکەی دیکە. 24 مەسیح، سەرۆک کاهینەکەمان، نەچووە ناو «پیرۆزی هەرە پیرۆزییەکان»ی زەمینی، کە بە دەستی مرۆڤ دروستکراوە و تەنها سێبەری ڕاستییەکە، بەڵکو چووە ناو ئەوەی ئاسمان، کە ئێستا نوێنەرایەتیمان دەکات لەئامادەیی خودی خودادا. 25 ئەو نەچووە ژوورەوە بۆ ئەوەی چەندجارێک خۆی وەک قوربانی پێشکەش بکات، وەک چۆن کاهینی باڵا لەسەر زەوی ساڵانە جارێک بە خوێن دەچووە ناو «پیرۆزی هەرە پیرۆزییەکان» بەخوێنێک کە خوێنی خۆی نەبوو 26 ئەگەرنا مەسیح لە سەرەتای دامەزراندنی جیهانەوە چەندین جار ناچار دەبوو لە ئازاردا بمرێت! بەڵام ئێستا، لە کۆتایی زەماندا، جارێک دەرکەوت بۆ ئەوەی هێزی گوناهە پووچەڵ بکاتەوە بە پێشکەشکردنی خۆی وەک قوربانییەک بۆ خودا. 27 وەک چۆن بۆ چارەنووسی مرۆڤەکان دانراوە جارێک بمرن و دواتر لێپرسینەوەیان لەگەڵ بکرێت، 28 بە هەمان شێوە مەسیح: جارێک مرد خۆی کردە قوربانی و گوناهەی زۆرینەی هەڵگرت، لەجیاتی ئەوان خۆی پێشکەشکرد. و دەبێت دووبارە دەربکەوێتەوە. نەک بۆ چارەسەرکردنی گوناهەکان، بەڵکو بۆ ڕزگارکردنی یەکجارەکی بۆ هەموو ئەوانەی چاوەڕێی دەکەن!