1 پوختەی قسەکەم ئەوەیە، مەسیح ئەو سەرۆک کاهینەکەمانە، کە لێرەدا باسی کاهینایەتیەکەمان کردووە. ئێستا لە ئاسمان لە ڕاستەی تەختی مەزنایەتی خودا دانیشتووە. 2 لەوێ ئەرکەکەی جێبەجێ دەکات، لە شوێنی هەرەپیرۆز: لە چادری پەرستنی ڕاستەقینە ئەوەی پەروەردگار دایناوە، نەک مرۆڤ. 3 ئەرکی هەر سەرۆک کاهینێک پێشکەشکردنی قوربانیە بۆ نزیک بوونەوەی لە خودا. پێویست بوو وەک سەرۆک کاهینەکەمان شتێکی هەبێت پێشکەشی بکات. 4 ئەگەر مەسیح زەمینی بووایە، نەدەبووە کاهین. کەسانیتر هەن کە بەگوێرەی تەوڕات، قوربانی دەکەن و تەنیا لە نەوەی لێڤین. 5 ئەوان تەنها خزمەت بەو شتانە دەکەن هێما و سێبەری شتە ئاسمانیەکان پێک دەهێنن. ئەمەش ڕوونە پێش ئەوەی موشە چادری پەرستن دروست بکات خودا پێی ڕاگەیاندبوو. بۆیە سروشی بۆ هات و پێی فەرموو: «ئاگاداربە! دەبێت چادرەکە و هەموو شتەکانی ناوی تێدا دروست بکەیت بە گوێرەی ئەو نموونەیەی کە لەسەر چیاکە پیشانم دایت!» 6 کەواتە سەرۆک کاهینەکەمان خزمەتێکی باشتری لە کاهینایەتی زەمینی بەدەست هێناوە، چونکە ئەو نێوانگیرە پەیمانێکی نوێی ڕاگەیاند، کەباشترە لە پەیمانە کۆنەکە، و ئەو پەیمانە نوێیە بەڵێنی باشتر لەخۆدەگرێت. 7 ئەگەر پەیمانی پێشوو بێ کەموکوڕی بوایە، پێویستی بە پەیمانێکیتر نەدەبوو بۆ جێگرتنەوەی. 8 لە ڕاستیدا خودا لۆمەی گەلەکەی دەکات و دەفەرمووێت: ڕۆژانێک دادێت، پەروەردگار دەفەرمووێ پەیمانێکی نوێ لەگەڵ نەوەی یەسرائیل و نەوەی یەهودا دەبەستم . 9 ئەو پەیمانە نوێیە وەک ئەو پەیمانە نییە کە لەگەڵ باوباپیرانیان بەستم، کاتێک دەستم گرتن و لە خاکی میسر دەرمهێنان. لەبەر ئەوەی ئەو پەیمانەیان شکاند، منیش فەرامۆشم کردن، پەروەردگار دەفەرموێت! 10 چونکە ئەمە ئەو پەیمانەیە کە دوای ئەو ڕۆژانە لەگەڵ نەوەی یەسرائیل دەیبەستم، پەروەردگار دەفەرموێت: یاساکانم دەخەمە ناو ویژدانیان و لەسەر دڵیان دەیاننووسم، من دەبمە خودایان و ئەوانیش دەبنە گەلی من. 11 دوای ئەوە، کەس فێری براکەی ناکات و بڵێت: پەروەردگار بناسە! لەبەر ئەوەی هەموویان من دەناسن، لە بچوکترینەوە تا گەورەترین. 12 چونکە لە تاوانەکانیان خۆش دەبم و ئیتر گوناهه و سەرپێچییەکانیان بەبیر خۆم ناهێنمەوە!» 13 خودا کە باسی پەیمانی نوێ دەکات، واتا پەیمانەکەیتر کۆن بووە. سروشتیە هەر شتێک کۆن و پیر ببێت، مانای وایە بەرەو لەناوچوونە!