1 چونکە مەلخیسەدەک کە پێشتر باسمان کرد، لە سەردەمێکدا پاشای شاری شالۆم و کاهینی خودای هەرەبەرزبووە. پێشوازی لە ئەڤراهام کرد کە بە سەرکەوتویی لە شەڕدا گەڕایەوە کە تێیدا ژمارەیەک پاشای بەزاند، بەرەکەتی خستە سەری. 2 ئەڤراهام دەیەکی پێدا کە لە شەڕەکەدا دەستی کەوتبوو. لە لایەکەوە ناوی مەلخیسەدەک بە واتای «پاشای دادپەروەری» دێت لە لایەکی ترەوە نازناوی «پاشا شالۆم» بوو بە واتای «پاشای ئاشتی». 3 سروش باسی باوک و دایکی و ڕەچەڵەک، و لەدایکبون و مردنی نەکردووە. بەدروستی هێمای ڕۆڵەی خودایە، کە کاهینی هەتاهەتاییە. 4 بیرکەنەوە ئەم کەسە چەندە مەزنبووە. تەنانەت ئەڤراهام، باپیرە گەورەمان، دەیەکی دەسکەوتی پێدا. 5 ئێمە دەزانین تەوڕاتی موشە فەرمان بەو کاهینانە دەکات کە لە لێڤیەوە هاتوون دەیەک لە گەلەکە وەربگرن، واتە لە براکانیان، هەرچەندە سەرچاوەی هەمویان دەگەڕێتەوە بۆ ئەڤراهام. 6 بەڵام مەلخیسەدەک کە هاوڕەچەڵەکی ئەم خەڵکە نەبوو، دەیەکی لە ئەڤراهام وەرگرت و بەرەکەت داریکرد، لەگەڵ ئەوەی ئەڤراهام بەڵێنی بەرەکەتی لەخودا وەرگرتبوو. 7 کەواتە، هیچ ناکۆکییەک نییە کە مەلخیسەدەک لە ئەڤراهام مەزنترە، ئەگەرنا بەرەکەتی نەدەخستە سەری! 8 جگە لەوەش ئەو کاهینانەی لە نەوەی لێڤی هاتوون و بەگوێرەی تەوڕات دەیەک وەردەگرن هەرچەندە مرۆڤن و دەمرن. بەڵام مەلخیسەدەک کە دەیەکی لە ئەڤراهام وەرگرتووە، شایەتی بۆ دەدرێت کە زیندووە. 9 با شتێکتان پێبڵێم : تەنانەت نەوەی لێڤی کە دەیەک وەردەگرن ، ئەویش لە ڕێگەی ئەڤراهامەوە دەیەکی بە مەلخیسەدەک داوە 10 هەرچەندە هێشتا لێڤی لەدایک نەببوو، بەڵام لە پشتی ئەڤراهامی باپیرەیدا ئامادە بوو کاتێک مەلخیسەدەک چاوی پێی کەوت. 11 تەوراتی موشە هەمووی لەبارەی ڕێوڕسمی کاهینایەتیە کە ئەرکەکانی لەلایەن نەوەکانی لێڤیەوە ئەنجام دەدرا. بەڵام ئەو ڕێکخستنە نەگەیشتە کامڵ بوون بۆ ئەو کەسانەی کە لەسەر بناغەی ئەو ڕێکخستنە خودایان دەپەرست. ئەگینا پێویستی بە دانانی کاهینێکی دیکە نەدەکرد لە پلەی مەلخیسەدەک، نەک لە پلەی ئارون! 12 کاتێک هەر گۆڕانکارییەک لە کاهینایەتیدا ڕوودەدات، پێویستە گۆڕانکارییەک لە یاسای کاهینایەتیدا بکرێت. 13 مەسیح، سەرۆک کاهینمانە، لە هۆزی لێڤی نەبووە، کە کاهینەکانی یەهودیەکان لێیەوە هاتوون. 14 لە ڕووی مێژوییەوە ڕوونە کە پەروەردگارمان سەرچاوەی بەجەستە بوونەکەی دەگەڕێنێتەوە بۆ یەهودا. لە تەوڕاتی موشە باسی پەیوەندی نێوان نەوەکانی یەهودا و ئەرکی کاهینایەتی نەکراوە. 15 ئەوەی بابەتەکە زیاتر ڕوونتر دەکاتەوە ئەوەیە کاهینە نوێیەکە هاوشێوەی مەلخیسەدەکە، 16 نەک لەسەر بنەمای تەورات سەبارەت بە ڕەچەڵەکەکەی بەڵکو لەسەر بناغەی ئەو هێزەی لە ژیانیەوە سەرچاوەی گرتووە کە هەرگیز بە سەر ناچێت بووە بە کاهین. 17 ئەمەش لەبەر ئەوەیە کە سروش شایەتی بۆ دەدات و دەڵێت: «تۆ کاهینیت بۆ هەتاهەتایە بە پلەی مەلخیسەدەک!» 18 بەم شێوەیە ڕوون دەبێتەوە کە ڕێکخستنی کۆنی کاهینایەتی هەڵوەشاوەتەوە، چونکە لاوازو بێ سودبوو. 19 تەوڕات نەیتوانی خودا پەرستەکان بەرەو کامڵی ببات. بۆیە خودا بناغەیەکی نوێی دانا بۆ نزیکبوونەوە لێی، هیوایەکی باشتری پێشکەش کردین. 20 دانانی مەسیح وەک سەرۆکی کاهین بە سوێند پشتگیری کرا. 21 کوڕەکانی لێڤی، بەبێ هیچ سوێندێک بوون بە کاهین. ئەم سوێندە لە قسەکانی خودا ڕوونە: «پەروەردگار سوێندی خواردووە و پاشگەزنابێتەوە: تۆ بۆ هەتاهەتایە کاهینی» 22 لەسەر بناغەی ئەو سوێندە، یەشوا پەیمانێکی باشتری دەستەبەرکرد! 23 سەرەڕای ئەمەش، کاهینەکان لە گۆڕاندا بوون، چونکە مردن ڕێگربوو لەمانەوەیان. 24 بەڵام مەسیح، بۆ هەتاهەتایە زیندووە، وەک خاوەن کاهینیەتێکی بەسەرنەچوو دەمێنێتەوە! 25 بۆیە هەمیشە دەتوانێت ئەوانە بە کامڵی ڕزگار بکات کە لە خودا نزیک دەبنەوە. ئەو لە ئامادە بونی خودادا، هەمیشە زیندووە بۆیان دەپارێتەوە و بەرگرییان لێدەکات! 26 بەڵێ، ئەمە ئەو سەرۆک کاهینەیە کە پێویستمان پێی بوو. ئەو پیرۆزە، کەموکوڕی تێدانیە، بێگەردە، لە گوناهباران جیابۆوە و بەرز بۆوە بەرزتر لە ئاسمانەکان. 27 ئەو پێویستی بەو شتە نییە کە هەموو سەرۆک کاهینێک لە کۆندا پێویستیان پێی بوو: ڕۆژانە قوربانی پێشکەش بکات بۆلێخۆشبونی گوناهەکانی خۆی سەرەتا، پاشان بۆ گوناهەکانی گەل، چونکە جارێک قوربانی بۆ گوناهەکانیان کرد، کاتێک لە پێناویاندا خۆی پێشکەش کرد. 28 کەواتە، تەوڕات هەموو سەرۆک کاهینەکانی لە نێو خەڵکی لاوازەوە دەستنیشان دەکرد. سەبارەت بە وشەی سوێند کەدوای تەوڕات هات، ڕۆڵەی خودای دانا کە بە تەواوی شایستەی ئەرکەکەی بوو، وەک سەرۆک کاهین بۆ هەتاهەتایە!