بەشی٦

1 لە بەر ئەوە، با ئەو بابەتە سەرەتاییانە لەبارەی مەسیح، بەجێ بهێڵین و بەرەو پێگەیشتنێکی کامڵ پێشبکەوین. تا نەگەڕێینەوە بۆ ئەو بناغانەی پێشتر کە فێریبوین، کە ئەمانەن: پاشگەزبوونەوە لەو کارانەی دەبنە هۆی مردن، باوەڕبوون بە خودا، 2 ئەو ڕێکخستنەی تایبەتە بە ڕێوڕەسمی لەئاوهەڵکیشان. دەست لەسەر دانان، و هەستانەوەی مردووان، و سزای هەتا هەتایی. 3 وە ئەگەر خودا ڕێگا بدات، ئەمانەش دەکەین! 4 ئەمەش لەبەر ئەوانەیە کە جارێک بەر ڕووناکی باوەڕی مەسیح کەوتن، تامی بەخشینی ئاسمانییان کرد، بوونە هاوبەشی گیانە پیرۆزەکە، 5 تامی وشەی باشی خودایان کرد. و پەرجوی «جیهانی داهاتوو» یان بینی، 6 پاشان هەڵگەڕانەوە، ئەستەمە جارێکی تر نوێ ببنەوە و پاشگەزببنەوە. چونکە ئەوانە ڕۆڵەی خودا بۆ جاری دووەم لەخاچ دەدەن و شەرمەزاری دەکەن. 7 سەیر نییە، ئەو خاکەی کە چەندین جار لەو بارانە دەخواتەوە کە بەسەریدا دەبارێت، پاشان ڕووەک بەرهەم دەهێنێت کە سوودی بۆ ئەوانە دەبێت کە دەکێڵن، بەرەکەت لە خودا وەردەگرن! 8 بەڵام ئەگەر دڕک و گیای کێوی بەرهەم بهێنیت، ئەوا ڕەتدەکرێتەوە و شایەنی نەفرەت دەبێت، کۆتاییەکەی جگە لە ئاگر هیچی تر نابێت. 9 ئەی خۆشەویستان، هەرچەندە مەبەستم بوو بەو شتانەی لێرەدا گوتم ئاگادارتان بکەمەوە، بەڵام باوەڕم وایەو گومانم لە ڕزگاربوونتان نیە. چونکە کارێکی باشتان کردووە کە هاوتای ئەم ڕزگاریەن. 10 خودا زۆردار نییە کە کارەکانتانی لەبیربچێت لە پیشاندانی خۆشەویستان بۆی لە ڕێگەی خزمەتەکەتان بۆ پیرۆزکراوان بۆ ڕێزگرتن لە ناوەکەی، کە پێشتر کردوتانە، ئێستاش دەیکەن! 11 هیوادارین هەر یەکێک لە ئێوە تێکۆشانی هاوشێوە پیشان بدات تاکۆتایی بۆ پاراستنی متمانەی تەواوی بە هیواکەی. 12 ئەمەش بۆ ئەوەیی تەمبەڵ نەبن، بەڵکو لاسایی ئەوانە بکەنەوە کە بەڵێنی خودا بەمیرات وەردەگرن، لە ڕێگەی باوەڕو و ئارامیەوە. 13 با بەڵێنی خودا بۆ ئەڤراهام بە نموونە وەربگرین. کاتێک ئەو بەڵێنەی پێیدا، سوێندی بەخۆی خوارد، چونکە کەس لە خۆی مەزنترنییە سوێندی پێبخوات. 14 پێی فەرموو: «من بەرەکەتدارت دەکەم و نەوەیەکی زۆرت پێ دەبەخشم!» 15 بەم شێوەیە، ئەڤراهام بە ئارامییەوە چاوەڕێی کرد و ئەو بەڵێنەی پێدرابوو وەریگرت. 16 لەڕاستیدا مرۆڤەکان سوێند بە مەزنترینەکان دەخۆن و بۆ ئەوان سوێند کۆتایی بە هەموو ناکۆکییەک دەهێنێت و بابەتەکان یەکلایی دەکاتەوە. 17 بەهەمان شێوە خودا ویستی بە شێوەیەکی یەکلاکەرەوە بۆ میراتگرانی بەڵێنەکەی کە هەرگیز ناگۆڕێت، بە سوێند بیسەلمێنیت. 18 لەسەر بنەمای بەڵێن و سوێندی خودا، کە بابەتی جێگیر و نەگۆڕن و ئەستەمە خودا درۆیان تێدا بکات، هاندانی بەهێز بەدەست دەهێنین، دوای ئەوەی پەنامان بردە بەر چەسپاندن بەو هیوایەی کە لەبەردەممان دانراوە. 19 ئەم هیوایەمان هەیە کە وەک لەنگەرە بۆ دەروونمان، چەسپاو و ڕاگرە. دەچێتە ناو شوێنی هەرەپیرۆز لە پشت پەردەکە. 20 لەوێدا یەشوا پێشتر و لەبری ئێمە چوە ناوی دوای ئەوەی بوە سەرۆکی کاهینان بۆ هەتاهەتایە لە پلەی مەلخیسەدەکە!