بەشی١٠

1 یاسای موشە سێبەرێکی لاوازی ئەو شتە باشانەی لەخۆگرتبوو کە مەسیح دەیهێنا، وێنە ڕاستیەکەی وەک خۆی پیشان نەدەدا. بۆیە نەیتوانی ئەو کەسانە بگەیەنێتە کامڵ بوون کە لەو ڕێگەیەوە لە خودا نزیک دەبوونەوە، هەمیشە هەمان قوربانی ساڵانەیان پێشکەش دەکرد، 2 ئەگینا هیچ هۆکارێک نەدەبوو بۆ بەردەوام بوون لە پێشکەشکردن! چونکە ویژدانی خوداپەرستان، کاتێک یەکجار بەتەواوی پاککرانەوە، چیتر پێویست ناکات بۆ جاری دووەم پاکبکرێنەوە: هەستکردن بە تاوانباری نامێنێت. 3 بەڵام قوربانیکردنی دووبارەی ساڵانە، گوناهەکانیانی بیردەخستنەوە. 4 چونکە ئەستەمە خوێنی گا و بزن گوناهی مرۆڤەکان لاببات. 5 بۆیە کاتێک مەسیح هاتە سەر ئەم زەوییە فەرمووی: قوربانی و پێشکەشکردنەکان ئەوەیە کە من ویستم. بەڵام تۆ جەستەیەکی مرۆڤت بۆ ئامادە کردم. 6 بەو ئاژەڵانە کە لەبەردەمتدا وەک کەفارەتی گوناه سەربڕدرابوون و سووتێنران رازی نەبوویت. 7 پاشان گوتم: من لێرەم هاتووم بۆ ئەوەی ویستی تۆ جێبەجێ بکەم خودای من. ئەوەی لە پەرتووکەکەدا دەربارەی نووسراوە!» 8 دوای ئەوەی مەسیح نارەزایەتی خودای لە قوربانی و پێشکەشکراوەکان دەربڕی لەگەڵ ئەوەی بەگوێرەی تەوڕات پێشکەش دەکران. 9 جارێکیتر دەفەرمووێت: «ئەوەتا هاتووم ئەوکارە بکەم کەدەتەوێت !» کەواتە، ڕێسای یەکەم لادەبات و ڕێسایێکی نوێ لە شوێنی دادەنێت. 10 بەهۆی ئەو خواستە خوداییەی، ئێمە پیرۆز بووین کە یەشوای مەسیح، جارێک، جەستەی خۆی لە جیاتی ئێمە پێشکەش کرد! 11 لە کۆندا هەموو کاهینێک ڕۆژانە لەبەردەم قوربانگاکەدا هەمان ئەو قوربانیانەی پێشکەشی خودا دەکرد، کە هەرگیز نەیان دەتوانی گوناهە لابەرن. 12 بەڵام مەسیح، سەرۆک کاهینەکەمان، یەک قوربانی بۆ گوناهەکانمان پێشکەش کرد، پاشان بۆ هەتاهەتایە لە ڕاستەی خودادا دانیشت، 13 چاوەڕێیە هەموو دوژمنەکانی ببنە تەختەی پێیەکانی. 14 چونکە بە یەک قوربانی ئەوانەی پیرۆزی کردن بۆ هەتاهەتایە کامڵی کردن. 15 گیانە پیرۆزەکە خۆی شایەتیمان بۆ ئەدا بۆ ئەم ڕاستییە. کاتێک بۆ یەکەمجار فەرمووی: 16 ئەمە ئەو پەیمانەیە کە دوای ئەو ڕۆژانە لەگەڵیان دەیبەستم، پەروەردگار دەفەرمووێت: وشەکانم دەخەمە دڵیانەوە، و لەهزریاندا دەیان نووسم». 17 پاشان دەفەرمووێت: «هەرگیز گوناه و سەرپێچییەکانیان بە بیری خۆم ناهێنمەوە». 18 کاتێک لێخۆشبون بۆ گوناهەکان دەستەبەرکرا، ئیتر پێویست بە پێشکەشکردنی قوربانی ناکات! 19 ئێستا برایان، مافی ئەوەمان هەیە بە متمانەوە نزیک ببینەوە لە «پیرۆزی هەرە پیرۆزەکان» (لە ئاسمان) بە خوێنی یەشوا. 20 بە پیادەکردنی ئەم ڕێگا نوێیە زیندووە مەسیح ئەوپەردەیەیی دوولەتکرد، واتە بە جەستەی خۆی. 21 کاهینێکی مەزنمان هەیە کە دەسەڵاتدارە بەسەر ماڵەکەی خودادا. 22 با بە دڵێکی ڕاست و بەباوەڕ و متمانەیەکی کامڵەوە لێی نزیک ببینەوە، دوای ئەوەی بە پڕژاندی خوێن دڵمانی پاککردەوە لە هەستکردن بە تاوان، وە بە ئاوێکی پاک جەستەمانی شۆرد. 23 با هەمیشە دەست بەو هیوایەوە بگرین و دانی پێدابنێین، بێگومان بین کە دێتە دی، چونکە ئەوەی بەڵێنی پێداوین سەرڕاست و ڕاستگۆیە. 24 لەسەرمانە کە هەریەکەمان ئاگاداری ئەوەیتر بێت، بۆ ئەوەی هانی یەکتری بدەین بۆ خۆشەویستی و کاری چاکە. 25 پێویستە، واز لە کۆبوونەوەمان لەگەڵ یەکتر نەهێنین، وەک هەندێکتان ڕاهاتون. چونکە ئێوە شایانی ئەوەن کە هاندەری یەکتربن، و بەردەوام بن لەسەری وە دەبینن ڕۆژەکە نزیک دەبێتەوە. 26 ئەگەر ئێمە بە ئەنقەست گوناهمان کرد بە ڕەتکردنەوەی مەسیح دوای ئەوەی ڕاستیمان ناسی، هیچ قوربانییەک نیە بۆ لێخۆشبوونی گوناهەکان، 27 بەڵکو چاوەڕوانی سزای بڵێسەی ئاگریین کە یاخیبووان دەخوات. چاوەڕوانییەکی چەندە ترسناکە! 28 دەزانن ئەوەی تەوڕاتی موشەی پێشێل دەکرد سزاکەی مردن بوو بێ بەزەییانە، بەمەرجێک تاوانەکەی دوو سێ شایەتی هەبووبێت. 29 کەواتە بە بۆچونی ئێوە سزای ئەوە چەندە کە ڕۆڵەی خودا پێشێل دەکات، و کە پێی وایە خوێنی پەیمانەکە، کە بەهۆیەوە پیرۆز دەکرێت، خوێنێکی گڵاوە، بەم شێوەیە بێڕێزی بەگیانی بەخششەکەی دەکات؟ 30 ئێمە دەزانین کێ فەرمووی: «تۆڵەسەندنەوە هی منە، منم سزادەدەم، پەروەردگار دەفەرموێت!» وە هەروەها: «پەروەردگار بڕیار لەسەر گەلەکەی دەدات!» 31 بەڕاستی چەندە ترسناکە کە بکەویتە دەستی خودای زیندوو! 32 هەرگیز ئەو ڕۆژانەی ڕابردوو لەبیر مەکەن دوای ئەوەی ڕووناکی باوەڕتان بە مەسیح بەسەرتاندا هەڵهات، بەرگەی تێکۆشانێکی زۆرتان گرت، ئازارێکی زۆرتان چەشت. 33 کاتێک توشی سوکایەتی و تەنگانە بوون لەلایەک، لە لایەکی دیکەش لەگەڵ ئەوانە هاوبەشیتان کرد کە بەم شێوەیە مامەڵەیان لەگەڵدا کراوە. 34 هاوسۆزی زیندانیەکان بوون، بە خۆشییەوە تاڵانکردنی موڵک و ماڵی خۆتان پەسەندکرد، دەزانن لە ئاسماندا سامانێکی باشتر و نەبڕاوەتان هەیە. 35 کەواتە، واز لە متمانەکردن بە پەروەردگارمان مەهێنن. پاداشتێکی مەزنتان دەبێت. 36 پێویستتان بە ئارامی و خۆڕاگرییە بۆ ئەوەی خواستی خودا جێبەجێ بکەن، ئەو بەرەکەتە وەربگرن کە بەڵێنتان پێدراوە. 37 زۆر نزیکە ئەو کەسەی کە دێت دێت و دواناکەوێت. 38 بەڵام هەریەکێک بە باوەڕ ڕاستودروست بێت، بە باوەڕ دەژی. وە هەریەکێک هەڵگەڕێتەوە گیانم پێی شاد نابێت! 39 بەڵام ئێمە هەڵگەڕاوە نین تاکوو بەرەو لەناوچوون بچین، بەڵکو سەر بەو باوەڕەین کە بەرەو ڕزگاریمان دەبات!