بەشی١١

1 چونکە باوەڕ، متمانەیە بەوەی هیوامان پێیەتی، و دڵنیابوونە لەوەی نایبینین لە ڕاستیدا بوونی هەیە. 2 بەم باوەڕە پیاوانی خودا لە کۆندا شایەتی باشیان لەبەردەم خودا و خەڵکدا بەدەستهێنا. 3 لە ڕێگەی باوەڕەوە تێدەگەین کە هەموو گەردوون بە وشەیەکی فەرمان لەلایەن خوداوە هاتۆتە بوون. تەنانەت جیهانی بیندراوی ئێمەش، لە شتە نەبینراوەکان هاتونە بوون! 4 بە باوەڕ، هابیل قوربانییەکی باشتری پێشکەش بە خودا کرد لەوەی کە قاین پێشکەشی کرد. لەسەر ئەو بناغەیە، خودا شایەتیدا کە هابیل ڕاستودروستە، ئەو قوربانییەی پێشکەشی کرد پەسەند کرا. هەرچەندە هابیل کوژرا، بەڵام هێشتا باوەڕەکەی پەندە بۆمان. 5 بە باوەڕ، خەنۆخ بەبێ ئەوەی بمرێت چووە ناو ئامادەیی خوداوە. لەسەر ئەم زەوییە ونبوو چونکە خودا بردییە لای خۆی. پێش ئەوەی ئەوە ڕووبدات، شایەتی بۆدرا کە خودای ڕازی کردووە. 6 ئەستەمە خودا ڕازی بکەیت بەبێ باوەڕ. چونکە هەریەکێک لە خودا نزیک بێتەوە، دەبێت باوەڕی بەوە هەبێت کە خودا بوونی هەیە و پاداشتی ئەو کەسانە دەداتەوە کە بەدوایدا دەگەڕێن. 7 بە باوەڕ نواخ، کاتێک خودا لە ڕێگەی سروشەوە ئاگاداری کردەوە لە لافاوەکەی داهاتوو، ترسی خودا هانیدا کە کەشتییەکی گەورە دروست بکات وەک ئامرازێکی ڕزگارکەر بۆ خۆی و خێزانەکەی، هەرچەندە پێشوتر لافاوی نەبینیبوو. بەم کارە، جیهانی تاوانبارکرد و بوو بە میراتگری ڕاستودروستی لە سەر بناغەی باوەڕ. 8 بەباوەڕ، ئەڤراهام وەڵامی بانگەوازی خودای دایەوە، وڵاتەکەی بەجێهێشت و چووە خاکێکی تر، کە خودا بەڵێنی پێدا بە میرات پێیبدات. کاتێک ماڵەکەی بەجێهێشت نەیدەزانی بەرەو کوێ دەڕوات. 9 بەباوەڕ، وەک نامۆیەک لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکیتر لەو خاکەی کە خودا بەڵێنی پێدابوو وەک ئەوەی خاکێکی نامۆ بێت گەشتی دەکرد، لەگەڵ یتساخ و یاکۆڤ، لە چادرەکاندا دەژیان، کە هاوبەشی بوون لە میراتگری هەمان بەڵێن. 10 چونکە چاوەڕێی چوونە ناو شارە ئاسمانییەکە بوون ئەوەی بناغەیەکی جێگیری هەیە، کە دروستکەر و بنیاتنەرەکەی خودایە. 11 هەروەها بەهۆی باوەڕەوە، سارای، هاوسەری ئەڤراهام، ​​توانی کوڕێکی ببێت هەرچەندە تەمەنی دووگیانی تێپەڕاندبوو. لە بەر ئەوەی متمانەی بە خودا هەبوو، ئەو بەڵێنەی کە پێیدابوو بۆی دێنێتەدی. 12 بەم شێوەیە لە ئەڤراهام کوڕێکی بوو هەرچەندە توانای نەوە خستنەوەی نەبوو، گەلێکی گەورە «هێندەی ئەستێرەکانی ئاسمان، و لمی کەناری دەریا، بێ شومار بوون». 13 ئەوانە تا کۆتایی، باوەڕەکەیان پاراست. پێش ئەوەی بەڵێنەکەی خوداش بۆیان بێتە دی لەژیاندابوون. بەڵام ئەوان لە دوورەوە بینیویانە، وچاوەڕێ بوون لە داهاتوودا بە تەواوی بەدەستی بهێنن. چونکە باوەڕیان بەو بەڵێنە خوداییە هەبوو زانیان ئەوان نامۆن لەسەر زەوی کە بە سەردان هاتون و تێیدا تێپەڕدەبن. 14 ئەوەش ئەوەمان پێدەڵێت، ئەوان چاویان لەسەر نیشتیمانی ڕاستەقینەی خۆیان بوو. 15 ئەگەریادی ئەو نشتمانە زەمینیەیان بکردایەتەوە کە جێیان هێشتبوو، ئەوا دەرفەتیان دەقۆستەوە و بۆی دەگەڕانەوە. 16 بەڵام، نەخێر، ئێستا ئەوان چاوەڕوانی نشتمانێکی باشترن، واتە نشتمانی ئاسمانی. بەهۆی باوەڕەکەیانەوە خودا شەرم ناکات ناوی لێ بنرێت خودای ئەوان، چونکە شارێکی بۆ ئامادە کردوون! 17 بەباوەڕ، ئەڤراهام کاتێک خودا تاقیکردەوە، یتساخی کوڕی پێشکەش کرد. چونکە بەڵێنەکانی خودای پەسەند کرد، کوڕە تاقانەکەی کردە قوربانی، 18 هەرچەندە خودا پێی فەرموو بوو: «لە ڕێگەی یتساخەوە نەوەیەکت لێدەکەوێتەوە کە ناوی تۆ هەڵدەگرن!» 19 ئەڤراهام باوەڕی هەبوو کە خودا دەتوانێت یتساخ لە مردن هەستێنێتەوە. ڕاستییەکە ئەوەیە ئەڤراهام کوڕەکەی لە مردن گەڕاندەوە، وەک نموونە یان هێمایەک. 20 بە باوەڕ، یتساخ بەرەکەتی بە یاکوڤ و ئیساڤ بەخشی. 21 بە باوەڕ، یاکوڤ پێش مردنی، بەرەکەتی خستە سەر هەریەک لە کوڕەکانی یۆسپ، و خۆی بەسەر گۆچانەکە داداو کڕنۆشی برد. 22 بە باوەڕ، یۆسپ پشتی بە بەڵێنی خودا بەست کە نەوەی یەسرائیل لە خاکی میسر دەربهێنێت، ڕاسپاردەیەکی بەجێهێشت ڕوفاتەکەی لەگەڵ خۆیان ببەنەوە. 23 بە باوەڕ موشە تا تەمەنی سێ مانگ لە لایەن دایک و باوکی شاردرایەوە، چونکە وەک منداڵێکی جوان دەیانبینی، لەو فەرمانەی پاشا نەترسان کە پاشا دەریکردبوو. 24 بەباوەڕ، موشە کە گەورە بوو، ڕەتیکردەوە بە کچەزای فیرعەون بانگ بکرێت. 25 لەبری ئەوەی بۆ ماوەیەکی کاتی چێژ لە گوناهه وەربگرێت، ئەوەی هەڵبژارد لەگەڵ گەلی خودا لە تانگانەدا بێت. 26 ڕسوابوونی لەپێناو مەسیح، بە سامانێکی مەزنتر لە گەنجینەکانی میسر دەزانی، چونکە چاوەڕێی پاداشتەکەی دەکرد. 27 بە باوەڕ میسری بەجێهێشت، لە تووڕەیی پاشا نەترسا. بەردەوام بوو لە جێبەجێ کردنی بڕیارەکەی، وەک ئەوەی خودای نەبینراو لە پاڵی بێت. 28 بە باوەڕ جەژنی پەسخەی کردو خوێنەکەی پڕژاند، بۆ ئەوەی لەناوبەر دەست لە هیچ کام لە ڕۆڵەی گەلەکەی نەدات. 29 بە باوەڕ گەلەکەی بە دەریای سوردا تێپەڕین وەک ئەوەی زەوییەکی وشک بێت. سەبارەت بە میسرییەکان، کاتێک ئەویان تاقیکردەوە خنکان! 30 بە باوەڕ شووراکانی شاری یەریخۆ ڕووخا دوای ئەوەی گەلەکەی ماوەی حەوت ڕۆژ بە دەوریدا دەسووڕانەوە. 31 وەک پاداشتی باوەڕ، ڕاخابی لەشفرۆش لەگەڵ یاخیبووەکاندا لە مردنێکی دڵنیا ڕزگاری بوو، دوای ئەوەی بە ئاشتی پێشوازی لە سیخوڕەکان کرد. 32 ئایا هێشتا پێویست بە نمونەی زیاتر هەیە؟ کاتێکی تەواوم نییە بۆ ئەوەی هەواڵەکانی باوەڕ بگێڕمەوە دەربارەی: گەدعۆن، باراخ، شەمشۆن، یەفتاخ، داڤید، شمۆئیل و پێغەمبەران. 33 ئەمانە بە باوەڕ بەسەر شانشینی دوژمندا زاڵ بوون و بە دادپەروەرانە دادوەریان کرد و ئەوەی خودا بەڵێنی پێدابوون بەدەستیان هێنا. بەوە دەمی شێرەکانیان بەست، 34 هێزی ئاگریان پووچەڵکردەوە و لە کوژرانیان بە شمشێر لە مردن ڕزگاریان بوو. هەروەها بەوە هێزیان بەدەستهێنا دوای لاوازیان و لە شەڕەکاندا، بەهێز بوون و سوپای نامۆکانیان گەڕاندەوە دواوە. 35 بە باوەڕ، ژنان مردووەکانیان وەرگرتەوە زیندووکرانەوە. هەندێکی تریش هەبوون کە ئەشکەنجە دەدران، ڕەتیانکردەوە ئازاد بکرێن، بۆ ئەوەی زیندووبوونەوەیەکی باشتر بەدەستبهێنن. 36 هەندێکیان ڕووبەڕووی گاڵتەکردن و لێدان، و تەنانەت کۆت و بەند و زیندانیکردن بوونەوە. 37 بەردباران کران؛ بە مشار دوولەت کران؛ بە شمشێر کوژران. بە پێستی مەڕ و بزنەوە دەگەڕان، لانەواز کران و چەوسێندرانەوەو خراپ مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرا. 38 جیهان شایستەی ئەوان نەبوو، وەک چۆن لە دەشتایی و شاخ و ئەشکەوتەکاندا سەرگەردان بوون. 39 ئەم خەڵکانە هەموو ئەو شتانەیان بەدەست نەهێنا کە خودا بەڵێنی پێدابوون، هەرچەندە شایەتحاڵی باشیان هەبوو سەبارەت بە باوەڕەکەیان. 40 بەو پێیەی خودا شتێکی باشتری بۆ داڕشتبووین بۆ ئەوەی تەنها لەگەڵ ئێمەدا کامڵ ببن.