1 مادام ئێمە بە هەورێکی وەها گەورەی شایەتحاڵ دەورە دراوین، با هەموو شتێک کە ڕێگری دەکات، و ئەو گوناهە فڕێ بدەین کە ئەوەندە بە ئاسانی تێکەڵ دەبێت، وە با بە کۆڵنەدان لەو پێشبڕکێیە ڕابکەین، کە بۆمان دیاری کراوە، 2 بەردەوام چاومان لە یەشوایە: پێشەنگ و تەواوکەری باوەڕمان. کە بەرگەی مردنی گرت بە خاچ، گرینگی بەو شەرمەزارییە نەدا کە لە خۆی گرتبوو، ئەو سەیری ئەم خۆشیەی دەکرد کە چاوەڕێی بوو، پاشان لە ڕاستەی تەختی خودا دانیشت. 3 بە وردی بیر لەوە بکەنەوە بەرگەی چی گرتووە بەو مامەڵە توندوتیژییەی گوناهباران لەگەڵیان کردووە، بۆ ئەوەی ماندوو نەبن و نەڕوخێن! 4 هێشتا بەرەنگاری گوناهە نەبوونەتەوە تا ئەو ڕادەیەی خوێنتان بڕێژیت. 5 ئەو ئامۆژگاریەی خوداتان لەبیر کردووە کە وەک منداڵەکانی خۆی لەگەڵتان دەدوێت؟ کە دەفەرمووێت: «ڕۆڵەکەم، سەرزەنشتکردنی پەروەردگار بە کەم مەزانە. ورە بەرمەدە کاتێک سەرزەنشتت دەکات لەسەر هەڵەیەک. 6 چونکە ئەوەی پەروەردگار خۆشی بوێت تەمبێی دەکات. وە هەریەکێک بە ڕۆڵەی خۆی بزانێت بە قامچی لێیدەدات!» 7 کەواتە، بەرگەی تەمبێکردنی پەروەردگار بگرن. کە وەک ڕۆڵەکانی خۆی مامەڵەتان لەگەڵ دەکات: چ ڕۆڵەیەک هەیە باوکی تەمبێی نەکات؟ 8 ئەگەر ئەو تەمبێکردنە وەرنەگرن کە هەموو ڕۆڵەکانی خودا تێیدا هاوبەشن، ئەمە مانای ئەوەیە کە ئێوە زۆڵن و ڕۆڵەی ئەو نین. 9 باوکە زەمینیەکان کە منداڵ بووین تەمبێیان دەکردین، ئێمەش ڕێزمان لێدەگرتن. دەبێ ئێستا چەندە زیاتر ملکەچی باوکی گیانیمان بین، بۆ ئەوەی بە باشتر بژین؟ 10 باوکانمان بۆ ماوەیەک تەمبێیان کردین، بەو شێوەیەی کە بە گونجاویان دەزانی. بەڵام خودا هەمیشە لە پێناو بەرژەوەندی ئێمەدا تەمبێمان دەکات: بۆ ئەوەی هاوبەشی بین لە پیرۆزییەکەیدا. 11 بێگومان هەموو تەمبێکردنێک نابێتە هۆی خۆشی، بەڵکو هۆی دڵ تەنگی. بەڵام پاشان، بە ئاشتیانە بەرهەمی ڕاستودروستی لەوانە بەرهەم دەهێنێت کە وەری دەگرن. 12 بۆیە دەستی لەرزاو و ئەژنۆی چەماوەتان بەهێز بکەن. 13 ڕێگای ڕاست بۆ پێیەکانتان خۆش بکەن، بۆ ئەوەی شەلەکان لانەدەن، بەڵکو چاک ببنەوە! 14 با ئامانجتان ئەوەبێت لەگەڵ هەموو خەڵکیدا لە ئاشتی دابن، ژیانێکی پیرۆز بژین، بەبێ پیرۆزی هیچ یەکێک ناتوانێت پەروەردگار ببینێت. 15 ئاگاداربن هیچ کام لە ئێوە خۆی لەبەخششەکانی خودا بێبەش نەکات، نەک ڕەگی تاڵیتان تیادا داکوتێت و سەرلێشێواوی دروست بکات و زۆرێکتان پیس بکات. 16 وە ئاگاداربن لە ناوتاندا کەسێکی داوێنپیس، یان وەک ئیساڤ لە خودا بێباک نەبێت، کە مافی نۆبەرایەتی خۆی بە ژەمێک خواردن فرۆشت. 17 ئێوە باش دەزانن کاتێک ویستی ئەو بەرەکەتە لە باوکی وەربگرێتەوە، دوای ئەوەی بێڕێزی پێکردبوو، ڕەتکرایەوە چونکە هیچ بوارێکی نەدۆزیەوە بۆ پاشگەزبوونەوە، هەرچەندە بە ڕشتنی فرمێسک داوای بەرەکەتەکەی دەکرد. 18 ئێوە لە شاخێک نزیک نەکەوتونەتەوە کە دەستی لێبدرێت، کە بە ئاگر داگیرسابێت، نە لە تەم و تاریکی ونەڕەشەبا، 19 پاشان دەنگی کەڕەنایەک لێدرا و قسەی ڕوونی لێوە دەردەچوو و ئەوەندە ترسناک بوو ئەوانەی گوێیان لێبوو داوایان لێکرد واز لە قسەکردن بهێنێت. 20 چونکە بەرگەی ئەم فەرمانەیان نەدەگرت کە بۆیان دەهات: «تەنانەت ئەو ئاژەڵەی بەر ئەو شاخە بکەوتایە، دەبوایە بەردباران بکرێت و بکوژرێت!» 21 لە ڕاستیدا دیمەنەکە ئەوەندە ترسناک بوو، وای لە موشە کرد بڵێت: «زۆر دەترسم، تەنانەت لە ترسان دەلەرزم!» 22 بەڵکو ئێوە لە چیای سەهیۆن نزیک بوونەتەوە، بۆ شاری خودای زیندوو، یۆرشەلایمی ئاسمانی. ئێوە هاتوونە ئاهەنگێک کە ژمارەیەکی بێشوماری فریشتە تێیدا کۆبوونەتەوە، 23 بۆ کڵێسایەک کە ڕۆڵە نۆبەرەکانی خودا کۆدەکاتەوە، کە ناوەکانیان لە ئاسماندا نووسراوە. بەڵکو بۆ خودی خودا، دادوەری هەمووان، بۆ گیانی ئەوانەی خودا بیتاوان و کامڵی کردوون. 24 بەو شێوەیە ئێوە هاتوونە لای یەشوا، ڕێکخەری پەیمانی نوێ، بۆ خوێنە پڕژاوەکەی، کە قسە دەکات بە داواکاری باشتر لەوەی کە خوێنی هابیل داوای دەکرد. 25 کەواتە ئاگاداربە ئەو کەسە ڕەت نەکەیتەوە کە قسە دەکات! مادام ئەوانەی ئامادە نەبوون گوێ لەو کەسە بگرن کە لەسەر ئەم زەوییە قسەی لەگەڵ کردوون، هەرگیز لە (سزا) ڕزگاریان نەبووە، چەندە زیاتر دوورین لە ڕزگاربوونمان ئەگەر لەو کەسە دوور بکەوینەوە کە لە خودی ئاسمانەوە قسەمان لەگەڵ دەکات! 26 وە کاتێک خودا لە کۆندا قسەی دەکرد، بە دەنگی خۆی زەوی هەژاند، بەڵام ئێستا جارێکیتر دەفەرمووێت: «جارێکیتر، نەک بەتەنها زەوی، بەڵکو ئاسمانەکانیش دەهەژێنم!» 27 بە گوتنی: «جارێکیتر»، ئاماژە بەوە دەکات کە هەموو ئەو شتانە لا دەبات کە بناغەیەکی تۆکمەیان نییە چونکە دروستکراون، تاکوو ئەو شتانە بمێننەوە کە بناغەیەکی جێگیریان هەیە. 28 بەو پێیەی شانشینێکی سەقامگیرمان بەدەستهێناوە کە لە ناوناچێت، با خودا بپەرستین و بە سوپاسەوە خزمەتی بکەین، بە شێوەیەک کە پێی خۆش بێت، بە هەموو ڕێز و ترسێکەوە، 29 با لەبیرتان بێت کە خودامان ئاگرێکی سووتێنەرە!»