بەشی١٣

1 بچەسپێن لە خۆشەویستی برایانە. 2 میوانداری نامۆکان پشتگوێ مەخەن، چونکە لەو ڕێگەیەوە هەندێک لە پێشینان بەبێ ئەوەی بزانن میوانداری فریشتەیان کردووە. 3 گرنگی بە بەندکراوەکان بدەن، وەک ئەوەی لەگەڵیان بەندکراوبن. وە هاوسۆزی ستەملێکراوان بن، وەک ئەوەی لەگەڵ ئەوان ستەم لێکراوبن. 4 با هەموان ڕێزی هاوسەرگیری بپاڕێزن، نوێنی هاوسەریتان پاک رابگرن. چونکە خودا ئەوانە سزا دەدات کە لەناو گوناهەی بەڕەلایی و داوێنپیسی نوقم دەبن. 5 با هەڵسووکەوتتان لە سەرووی خۆشویستنی پارەوە بێت، بەوەی هەتانە ڕازیبن، چونکە خودا دەفەرموێت: «هەرگیز وازت لێناهێنم، و هەرگیز دەست بەردارت نابم!» 6 کەواتە دەتوانین، بە هەموو متمانە و بوێرییەکەوە بڵێین: «پەروەردگار لەگەڵمە، لە چی بترسێم! مرۆڤ چیم لێ دەکات؟» 7 هەمیشە ڕابەرەکانتان لەبیربێت کە فێری وشەی خودایان کردوون. هەڵسوکەوتەکانیان لەبەر چاو بگرن و لاسایی باوەڕەکەیان بکەنەوە. 8 یەشوای مەسیح وەک خۆیەتی دوێنێ و ئەمڕۆ و بۆ هەتاهەتایە. 9 هەڵنەخەڵەتێن و دوای فێرکردنی سەیر و سەمەرە و جۆراوجۆر بکەوەن، چونکە باشترە دڵ بە بەخشش بەهێز بێت نەک بە ڕێکخستنی خۆراکێک کە سوودی نیە، بۆ ئەوانەی پێیەوە پابەندن. 10 بەڵام ئێمە، «قوربانگایەک»مان هەیە ئەو کاهینانەی کە خزمەت بە چادرە زەمینییەکە دەکەن مافی خواردنیان نییە. 11 لە کۆندا، تەنها سەرۆک کاهین خوێنی ئاژەڵەکانی هەڵدەگرت و دەیهێنایە ناو «پیرۆزی هەرە پیرۆزییەکان»، لەوێ وەک قوربانی گوناهه پێشکەشی دەکرد، لاشەی ئەو ئاژەڵانە لە دەرەوەی ئەو شوێنە دەسوتێندران کە خەڵکەکەی تێیدا نیشتەجێ بوو 12 هەر بۆیە یەشوا لە دەرەوەی دەروازەی شارەکە ئازاری چەشت، بۆ ئەوەی بە خوێنی خۆی گەل پیرۆز بکات. 13 کەواتە با بچینە دەرەوەی ئۆردوگاکە، بەرەو مەسیح بڕۆین و ئامادەبین لەگەڵیدا بەرگەی شەرمەزاری بگرین! 14 ئێمە لێرە هیچ شارێکمان بۆ نامێنێتەوە، بەڵام بەدوای ئەو شارەی داهاتوودا دەگەڕێین. 15 با بە مەسیح، (سەرۆک کاهینەکەمان)، هەمیشە قوربانی سوپاسگوزاری و ستایش پێشکەش بە خودا بکەین، واتە ئەو بەرهەمانەی کە لە دەممانەوە بەرهەم دێت دان بە ناوەکەیدا دەنێت. 16 هەروەها کەمتەرخەمی مەکەن لە ئەنجامدانی کاری چاک و یارمەتی ئەوانەش بدەن کە پێویستیان هەیە: چونکە ئەو جۆرە «قوربانیانە» خودا دڵخۆش دەکەن! 17 گوێڕایەڵی ڕابەرەکان بن و ملکەچییان بن، چونکە ئەوان چاودێری بەرژەوەندییە گیانییەکانتان دەکەن، هەروەک چۆن یەکێک بەرپرسیارێتی هەڵدەگرێت چاودێری کاروباری خۆی دەکات. پاشان، بەبێ گلەییکردن بە خۆشییەوە ئەرکەکەیان جێبەجێ دەکەن. گلەیی کردنیان هیچ سوودێکی بۆ ئێوە نابێت! 18 نزامان بۆ بکەن، چونکە بڕوامان هەیە کە ویژدانێکی چاکمان هەیە و ئارەزووی هەڵسوکەوتی باش دەکەین لە هەموو شتێکدا. 19 بە تایبەتی هیوادارم خودا بە زووترین کات بمگەڕێنێتەوە لای ئێوە. 20 داوا لە خودا ئاشتی دەکەم، کە یەشوای پەروەردگارمان شوانی گەورەی مەڕەکانی لە مردن زیندوو کردەوە بەهۆی خوێنی خۆیەوە کە پەیمان هەمیشەی پێ مۆر کرد 21 بۆ ئەوەی ئامادەتان بکات بە تەواوی خواستی بەدیبهێنن لە هەموو کارێکی چاکدا کە لە ئێمەدا دەیکات بەو شێوەیەی یەشوای مەسیح ڕازییە، با شکۆمەندی بۆ ئەو بێت هەتاهەتایە. ئامین! 22 برایان، داواتان لێدەکەم، بەرگەی ئەو وشە و ئامۆژگارییانە بگرن کە بە کورتی بۆم نوسیوون! 23 با بزانن تیمۆساوسی برامان لە زیندان ئازاد بووە. ئەگەر خێرا بێتە لام، پێکەوە دێین بۆ بینینتان. 24 سڵاو لە هەموو ڕابەرەکان و هەموو پیرۆزکراوان بکەن. ئەوانەی لە ناوچەی ئیتالیان سڵاوتان لێدەکەن. 25 با بەخشش لەگەڵ هەمووتان بێت!