بەشی٤

1 بەو پێیەی مەسیح بەرگەی ئازاری جەستەیی گرتووە لەپێناو ئێوە، خۆتان چەکدار بکەن هەمیشە ئامادە بن بۆ بەرگەگرتنی ئازار. ئەوەی بەرگەی ئازاری جەستەیی بگرێت لە گوناهکردن دابڕاوە. 2 هەروەها مەبەستیەتی تا کۆتایی تەمەنی لەو جەستەیەدا بژییەت، نەک بۆ ئارەزووی خەڵکی، بەڵکو بۆ خواستی خودا. 3 بەسە ئەو کاتانەی ڕابردوو لە ژیانتاندا، کە وەک بتپەرستەکان ڕەفتارتان دەکرد، کاتێک لە بەڕەڵای و هەوەسبازی و ئالودەبوونی ئاهەنگەکانی سەرخۆشی، و پەرستنی بتە قەدەغەکراوەکاندا دەژیان. 4 هەروەها هاوڕێکانی پێشووتان لەم ژیانەدا سەریان سوڕدەمێنێت کە ئێوە لەگەڵیان ناچنە ناو لافاوی ئەم بەدڕەوشتییە، ئەوانیش ناوبانگتان دەزڕێنن. 5 هەژماری خۆیان دەدەنە بەردەم ئەوەی لێپرسینەوە لە زیندووان و مردووەکان دەکات. 6 لەبەر ئەم هۆکارە مزگێنیی بە مردووەکانیش درا، بۆ ئەوەی هەمیشە بە گیانەکە لەگەڵ خودادا زیندوو بن، هەرچەندە سزای مردن بەسەر جەستەیاندا جێبەجێ بووە، ئەوانیش وەک مرۆڤەکانی تر مردن. 7 کۆتایی هەموو شتێک نزیک بۆتەوە. بۆیە ئاگادار بن و لە بەرزکردنەوەی نزاکانتان بەردەوام بن. 8 بەڵام گرنگترین شت ئەوەیە کە بە پەرۆشیەوە یەکتریتان خۆش بوێت. چونکە خۆشەویستی زۆر خراپە دادەپۆشێت. 9 میوانداریی یەکتر بکەن بەبێ ئەوەی گلەیی بکەن. 10 هەر یەکێکتان بەگوێرەی ئەو بەهرەیەی خودا پێیداوە، خزمەتی یەکتری پێبکەن بەو پێیەی ئێوە بریکاری ئەو بەهرە جۆراوجۆرانەن کە خودا بە بەخشش دەیدات. 11 ئەوەی قسە دەکات دەبێت بەگوێرەی فەرمایشتەکانی خودا بێت؛ ئەوەی خزمەت دەکات، دەبێت بەگوێرەی ئەو هێزەی کە خودا پێی بەخشیوە خزمەت بکات. ئەمەش بۆ ئەوەیە کە خودا لە هەموو شتێکدا شکۆمەند بێت، بە یەشوای مەسیح، کە هەموو شکۆمەندی و دەسەڵاتێکیش هەر بۆ ئەوە هەتاهەتایە. ئامین! 12 خۆشەویستان، سەرتان سووڕ نەمێنێت کە ئاگری چەوسانەوە لە نێوانتاندا هەڵگیرساوە تا تاقیتان بکاتەوە، وەک ئەوەی شتێکی سەیروسەمەرەتان بەسەر هاتبێت! 13 بەڵام دڵشاد بن: چونکە هەروەک چۆن ئێستا هاوبەشی ئازارەکانی مەسیحن، دەبێت دڵخۆش بن بە هاوبەشیکردنی شادی لەگەڵیدا کاتێک بە شکۆمەندییەکەی دەردەکەوێت. 14 بەڵام ئەگەر سوکایەتیتان پێکرا لەبەر ئەوەی ناوی مەسیحتان هەڵگرتووە، خۆزگەتان پێ دەخوازرێت! چونکە گیانی شکۆمەندییەکەی واتە گیانی خودا لەسەرتان جێگیر دەبێت. 15 با کەسێک لەنێو ئێوەدا نەبێت کە وەک سزایەک ئازار بچێژێت لەسەر خراپەیەک کە ئەنجامی داوە: وەک کوشتن، دزی، یان هەر تاوانێکی تر، یان دەستوەردان لە کاروباری کەسانی تر. 16 بەڵام ئەگەر یەکێک لە ئێوە لەبەر ئەوەی «مەسیحییە» ئازاری چەشت، با شەرم نەکات، بەڵکو لە پێناوی ئەم ناوە خودا شکۆمەند بکات! 17 بەڕاستی کاتی ئەوە هاتووە لێپرسینەوە لە خەڵکی ماڵی خوداوە دەست پێ بکات. ئەگەر یەکەمجار لێپرسینەوە لە ئێمەوە دەست پێ بکات، چارەنووسی ئەوانەی باوەڕیان بە مزگێنی خودا نییە چییە؟ 18 ئەگەر چاکەکاران بە هەوڵدان ڕزگاریان بێت، چی بەسەر خراپەکار و گوناهباراندا دێت؟ 19 بۆیە پێویستە ئەوانەی بەپێی خواستی خودا ئازار دەچێژن خۆیان ملکەچی بەدیهێنەری دڵسۆز بکەن، و بەردەوام بن لەسەر کاری چاکە!