بەشی٣

1 بە هەمان شێوە، ژنەکان ملکەچی مێردەکانتان بن. تەنانەت ئەگەر مێرد باوەڕی بە وشەکە نەبێت، ژنەکەی ڕایدەکێشێت بۆ باوەڕ بە ڕەفتاری گونجاوی خۆی بەبێ قسە. 2 ئەو کاتەی کە سەرنجی ڕەفتارە پاک و سەنگینییەکەی دەدات. 3 -ئافرەت نابێت پشت بە ڕازاندنەوەی دەرەکی ببەستێت بۆ ئەوەی جوانییەکەی دەربخات، بە لۆچکردنی قژی، بە ئاڵتون یان لەبەرکردنی جلوبەرگی گرانبەها. 4 بەڵکو ناخیان ڕازاوە بێت، بۆ ئەوەی دڵیان بە گیانی نەرم و نیان و ئارامی ڕازاوە بێت. ئەمە ئەو ڕازاندنەوەیەیە کە هەرگیز لەناو ناچێت، هەروەها لە چاوی خودادا زۆر گرانبەهایە! 5 لە ڕابردوودا ژنانی خوداپەرست خۆیان پێی دەڕازاندەوە و هەریەکەیان پشتیان بە خودا دەبەست و گوێڕایەڵی مێردەکانیان بوون. 6 بۆ نموونە سارا گوێڕایەڵی ئەڤراهامی هاوسەری بوو و بە «گەورەم».بانگی دەکرد ئەو ژنە باوەڕدارانەی وەک ئەو دەکەن، دەریدەخەن کە کچی ئەون، بەو پێیەی ڕەفتارێکی باش دەکەن، و لە هیچ هەڕەشەیەک ناترسن. 7 هەروەها ئێوەی مێرد، کاتێک لەگەڵ ژنەکانتان دەژین، دەزانن کە ئەوان لە ئێوە لاوازترن، ڕێزیان لێ بگرن بە هاوبەشی خۆتانیان بزانن لە میراتی بەخششی ژیان، بۆ ئەوەی نەبێتە کۆسپ بۆ نزاکانتان. 8 پوختەکەی ئەوەیە، هەمووتان یەک بیر بن، بەزەییتان بە یەکتردا بێتەوە، خۆشەویستی برایانەتان هەبێت، هاوسۆز و ساکار بن. 9 خراپە بە خراپە، جنێو بە جنێو وەڵام مەدەنەوە. بە پێچەوانەوە: بەرەکەت بکەن، بەرەکەت بە میرات وەردەگرن، چونکە خودا بۆ ئەم مەبەستە بانگی کردوون. 10 هەریەکێک دەیەوێت چێژ لە ژیانی خۆش وەربگرێت و ڕۆژەکانی باش بن، با زمانی خۆی لە خراپە و لێوی لە فێڵ بپارێزێت. 11 دوور بکەوێتەوە لە خراپە و چاکە بکات. با داوای ئاشتی بکات و هەوڵی بەدیهێنانی بدات. 12 چونکە پەروەردگار خۆی ئاگاداری ڕاستودروستان دەبێت، و وەڵامی نزاکانیان دەداتەوە. بەڵام دژی ئەوانە وەستاوە کە خراپە دەکەن. 13 کێ زیانتان پێدەگەیەنێت ئەگەر بە پەرۆش بن بۆ چاکە؟ 14 هەروەها ئەگەر لە پێناو ڕاستودروستیدا دەبێت ئازار بچێژن، خۆزگەم بە خۆتان! لە هەڕەشەی ئەوانە مەترسن کە دەتانچەوسێننەوە، وە دڵە ڕاوکێتان نەبێت. 15 بەڵام لە دڵەوە خۆتان بۆ مەسیحی پەروەردگار تەرخان بکەن. هەروەها هەمیشە ئامادە بن وەڵامێکی دڵنیاکەر بدەنە هەریەکێک کە پرسیارتان لێ دەکات لەبارەی ئەو هیوایەی کە لە ناوتاندایە، 16 با ئەمەش بە نەرم و نیانییەوە بێت و ویژدانی پاکتان بپارێزن، هەڵسوکەوتان لە مەسیحدا باش بێت، ئەوانە بێ هیوا دەبن کە تۆمەتی درۆتان بۆ هەڵدەبەستن و سووکایەتیتان پێدەکەن وەک ئەوەی خراپەتان کردبێت. 17 ئەگەر خواستی خودا بێت ئێوە ئازار بچێژن با لەبەر چاکەکردن ئازار بچێژن نەک خراپە. 18 مەسیح خۆی جارێک مرد بۆ لێخۆشبوونی گوناهەکانمان. هەرچەندە ڕاستودروست بوو، بەڵام لە پێناو ئێمەی گوناهباردا ئازاری چەشت، بۆ ئەوەی لە خودا نزیک بینەوە، بە لەشی مرۆڤانە مرد، پاشان لە گیاندا بەزیندووی هاتەوە. 19 هەر بەو گیانە چوو مزگێنیدا بە گیانە بەندکراوەکان. 20 ئەمەش دوای ئەوە بوو کە مزگێنییان ڕەتکردەوە لە سەردەمی نواخدا، کاتێک خودا بە ئارامی و بە درێژایی ئەو ماوەیەی کە نواخ کەشتییەکەی دروست دەکرد، ئەوەی بەهۆیەوە چەند کەسێکی کەم لە ئاوەکەدا ڕزگاریان بوو، تەنها هەشت کەس بوون! 21 ئەم کاری ڕزگاربوونە بە لەئاوهەڵکێشان وێناکراوە ، مەبەست لێی شۆردنی گڵاوی جەستەمان نییە، بەڵکو بەڵێنی ویژدانێکی چاکە لەبەردەم خودادا بە چاکەی هەستانەوەی یەشوای مەسیح، 22 ئەوەی چووە ئاسمان، و ئێستا لە ڕاستەی خودا دانیشتووە؛ فریشتەکان و دەسەڵاتداران و دەسەڵاتە (گیانییەکان) ملکەچی ئەون!