1 بۆ ئەوەی، ڕزگارتان بێت لە هەموو کاریگەرییەکی خراپە و فێڵ و دووڕوویی و ئیرەیی و بوختان. 2 وەک منداڵی تازە لەدایکبوو تامەزرۆی شیری گیانی خاوێن بن تاکو بەمە گەشە بکەن بۆ ئەوەی بگەنە ڕزگاری، 3 چونکە بەڕاستی تامتان کردووە، پەروەردگار چاکە! 4 ئێوە هاتونەتە لای، بەردە زیندووەکە ئەوەی خەڵکی ڕەتیان کردەوە، خودا هەڵیبژارد، و گرانبەهایە لەلای. 5 بۆیە وەک بەردی زیندوو لەگەڵیدا یەک بگرن، خانوویەکی گیانی دروست بکەن، کە تێیدا دەبنە کاهینی پیرۆز، قوربانی گیانی پەسەندکراو پێشکەشی خودا بکەن بە چاکەی یەشوای مەسیح. 6 وەک لە پەرتوکەکەدا هاتووە: «ئەوەتا من لە سەهیۆن بەردی بناغەکە دادەنێم هەڵبژێردراو و گرانبەهایە. ئەوەی باوەڕی پێ بهێنێت بێ ئومێد نابێت!» 7 ئەم بەردە لە چاوی ئێوەدا گرانبەهایه، و باوەڕتان پێی هێناوە. سەبارەت بەوانەی کە باوەڕیان پێ نییە، «ئەو بەردەی بیناسازان ڕەتیان کردەوە، بووە بەردی بناغەی گۆشەی ماڵەکە»، 8 هەروەها « دەبێتە بەردێک بۆ کۆسپ تاشە بەردێکیش کە لێی بکەونە خوارەوە!» بۆیە دەکەون چونکە ڕەتی دەکەنەوە باوەڕ بە وشەکەی بکەن. 9 کەوتنیان مسۆگەرە! بەڵام ئێوە کۆمەڵە کاهینێکی شاهانەن، نەوەیەک کە خودا هەڵیبژاردووە، نەتەوەیەک کە ئەو بۆ خۆی تەرخانی کردووە و گەلێک کە ئەو خاوەندارێتی کردووە. ئەمەش بۆ ئەوەیە چاکەکانی پەروەردگار ڕابگەیەنن، کە لە تاریکییەوە بانگی کردوون بۆ ناو ڕووناکییە سەرسوڕهێنەرەکەی خۆی! 10 چونکە لە ڕابردوودا ئێوە نەببوونە گەل؛ بەڵام ئێستا، ئێوە «گەلی خودان، و پێشتر چێژتان لە بەزەیی خودا نەبینیوە، بەڵام ئێستا چێژی لێ وەردەگرن!» 11 خۆشەویستان، ئێوە نامۆن لەسەر زەوی بەسەردانێکی کاتی تێیدا تێپەڕ دەبن. بۆیە داواتان لێ دەکەم لە ئارەزووە جەستەییەکان دوور بکەونەوە کە لەگەڵ گیاندا ململانێ دەکەن. 12 با ڕەفتارەکانتان باش بن لە نێو گەلاندا. هەرچەندە بە درۆ تۆمەتبارتان دەکەن بەوەی خراپەکارن، بەڵام کاتێک سەرنجی کارە چاکەکانتان دەدەن، جا لەو ڕۆژەدا کە بەسەر دەکرێنەوە خودا شکۆمەند دەکەن. 13 وەک ڕێزێک بۆ پەروەردگار، ملکەچی هەموو ڕێسایەک بن کە کاروباری خەڵکی بەڕێوە دەبات: بۆ پاشا، کە خاوەن دەسەڵاتی باڵایە، 14 بۆ دادوەران، کە نوێنەری پاشان کە سزای تاوانبار دەدەن و ستایشی چاکەکاران دەکەن. 15 چونکە ئەمە خواستی خودایە: کە بەردەوام چاکە بکەن، و بەم شێوەیە نەزانی مرۆڤە گێلەکان ئاشکرا بکەن! 16 وەک مرۆڤی ئازادی ڕاستەقینە مامەڵە بکەن، نەک وەک ئەوانەی ئازادی وەک پەردەیەک بۆ ئەنجامدانی خراپەکاری بەکار دەهێنن بەڵکو وەک ئەوەی خزمەتکاری خودان. 17 ڕێز لە هەموو خەڵک بگرن. برایانتان خۆش بوێت. لە خودا بترسن. ڕێزی پاشا بگرن. 18 ئەی خزمەتکاران بە ڕێزێکی دروستەوە گوێڕایەڵی گەورەکانتان بن. نەک هەر بۆ گەورە باش و نەرم و نیانەکان، بەڵکو بۆ ستەمکارە دڵرەقەکانیش! 19 چەند جوانە مرۆڤ بەرگەی غەم و پەژارە بگرێت کاتێک ئازار دەچێژێت و ستەمی لێ دەکرێت، بە پاڵنەری ویژدانی کە ملکەچی خودایە ! 20 لە ڕاستیدا چ شکۆمەندییەکە ئەگەر ئارام بگرن کە سزای هەڵەکانتان وەردەگرن؟ لەلای خودا هیچ پاداشتێکتان نییە مەگەر بە ئارامییەوە بەرگەی ئازارەکان بگرن ئەوە کارێکی چاک دەکەن. 21 چونکە خودا بانگی کردن بۆ ئەوەی بەشداری ئەم جۆرە ئازارانە بکەن. مەسیح کە لە پێناوتاندا ئازاری چەشت، ئەو پێشەنگە کە پێویستە لاسایی بکەنەوە. کەواتە بەدوای هەنگاوەکانیدا بڕۆن: 22 تەنانەت یەک هەڵەشی نەکرد، فێڵ لە دەمیدا نەبوو. 23 هەرچەندە سوکایەتی پێکرا، بەڵام وەڵامی نەدایەوە. کاتێک بەرگەی ئازارەکانی گرت، هەڕەشەی تۆڵەسەندنەوەی نەکرد، بەڵکو کارەکانی بە خودا سپارد کە بە دادپەروەرانە دادوەری دەکات. 24 ئەو گوناهەکانمانی لە جەستەی خۆیدا هەڵگرت (کاتێک بە خاچ مرد) لەسەر دارەکە، تاکو سەبارت بە گوناهە بمرین، بەڕاستودروستی بژین. بە برینەکانی ئەو چاک بووینەوە، 25 وەک مەڕی ونبوو بوون، بەڵام ئێستا گەڕانەوە لای شوان و پاسەوانەکەی خۆتان!