1 لە پەترۆوە، نێردراوی یەشوای مەسیح، بۆ پەراگەندە ئاوارەکان لە پۆنتۆس و گەلاتیە و کەپادۆکیا و ئاسیا و بیتینیا، 2 ئەوانەی خودای باوک هەڵیبژاردن بەگوێرەی زانینی پێشووی پاشان پیرۆزی کردن بە گیان بۆ گوێڕایەڵی یەشوای مەسیح تا پاک ببنەوە بە پڕژاندنی خوێنی خۆی بەسەریاندا. بەخشش و ئاشتی زیاترتان لەسەر بێت. 3 پیرۆزە خودای باوکی پەروەردگارمان یەشوای مەسیح، لە میهرەبانی و مەزنایەتی خۆیەوە لەدایکبوونی دووەمی پێبەخشیوین، پڕ لە هیوا، لەسەر بناغەی هەستانەوەی یەشوای مەسیح لە نێو مردوواندا، 4 بۆ میراتێک کە لەناو ناچێت و گەندەڵ نابێت و بە سەر ناچێت، لە ئاسمانەکاندا بۆتان پارێزراوە. 5 ئێوە بە توانای خودا پارێزراون کە لە ڕێگای باوەڕەکەتان لە کاردایە، تا لەکۆتاییدا ئەو ڕزگارییە بەدەست بهێنن کە بۆتان ئامادەکراوە، ئەوەی لە کۆتایی زەمانەدا خۆی دەردەکەوێت. 6 ئەمەش بانگتان دەکات بۆ شاد بوون، هەرچەندە ئێستا دەبێت بۆ ماوەیەکی کورت لە ژێر قورسایی تاقیکردنەوە جۆراوجۆرەکاندا خەمبار ببن! 7 بەڵام مەبەست لەو تاقیکردنەوانە ئەزموونی ڕاستی باوەڕتانە. وەک چۆن ئاگر زێڕ تاقی دەکاتەوە و پاکی دەکاتەوە، تاقیکردنەوەکان ڕاستی باوەڕتان هەڵدەسەنگێنن کە زۆر لە زێڕی لەناوچوو بەنرخترن. بەم شێوەیە، باوەڕەکەتان دەبێتە هۆکارێک بۆ ستایش و ڕێز و شکۆمەندی بۆتان، کاتێک یەشوای مەسیح بە شکۆمەندییەکەی دەگەڕێتەوە و دەردەکەوێت. 8 ئێوە مەسیحتان نەبینیوە، بەڵام خۆشتان دەوێت. هەرچەندە ئێستا ئەو نابینن، بەڵام باوەڕتان پێی هەیە و شاگەشکە دەبن بە خۆشییەکی شکۆمەندانەی پێناسەنەکراو. 9 ئێوە بە ئامانجی باوەڕەکەتان گەیشتن، کە ڕزگاریی خۆتانە. 10 پێغەمبەران لە کۆندا لێکۆڵینەوە و گەڕانیان بۆ ئەم ڕزگاربوونە کردووە! چونکە ئەوان پێشبینی ئەو بەخششەی خودایان کرد کە بۆتان ئامادە کرابوو، 11 ئەوان هەوڵیان دەدا ئەو کات و بارودۆخە بزانن کە ڕۆحی مەسیح ئاماژەی پێدەکرد کە تێیاندا کاری دەکرد، کاتێک پێشوەختە شایەتی ئەو ئازارانەی، بۆدان کە چاوەڕوانی مەسیح بوون و ئەو شکۆمەندیانەی کە لە دوای ئەوانەوە دێن. 12 بەڵام خودا پێی ڕاگەیاندن کە هەوڵەکانیان بۆ بەرژەوەندی خۆیان نەبوو، بەڵکو بۆ بەرژەوەندی ئێوە بوو. ئەمەش لە پێناو ئەو مزگێنیە بوو کە لە سەردەمی ئێستادا نێردراوان موژدەی پێ دەدەن بە گیانی پیرۆز کە لە ئاسمانەوە نێردراوە. ئەمانە ئەو ڕووداوانەن تەنانەت فریشتەکانیش بە ئاواتن لێیان وردببنەوە! 13 بۆیە بەردەوام وریای بیرتان بن، ئاگادار بن و هەموو هیواکانتان بخەنە سەر ئەو بەخششەی بۆتان دێت کاتێک یەشوای مەسیح بە شکۆمەندییەکەیەوە دەگەڕێتەوە و دەردەکەوێت! 14 چونکە ئێوە بوونەتە منداڵی خودا و گوێڕایەڵی ئەون، مەگەڕێنەوە بۆ ئەوەی لەگەڵ ئەو ئارەزووانەدا بگونجێن کە پێشتر لە ڕۆژانی نەزانیتاندا بەسەرتاندا زاڵ بوون. 15 لە هەموو شتێکدا بە پیرۆزی هەڵسوکەوت بکەن، لاسایی ئەو پیرۆزە بکەنەوە کە بانگی کردوون، 16 چونکە نووسراوە: «پیرۆز بن، چونکە من پیرۆزم!» 17 مادام دان بەوە دادەنێن خودا باوکتانە، ئەو بڕیار لەسەر هەموو مرۆڤێک دەدات بەگوێرەی کارەکانی بەبێ لایەنگری، بە ترسی ئەوەوە هەڵسوکەوت بکەن لەو ماوە کورتەی لەسەر زەوین. 18 هەروەها بزانن ئێوە کڕانەوە بۆ ئەوەی لەو ژیانە پوچە ڕزگارتان بێت کە بە نەریت لە باوکانتان وەرتانگرتووە. ئەم کڕینەوەیە بە شتی لەناوچووی وەک زێڕ و زیو نەبوو، 19 بەڵکو بە خوێنێکی گرانبەها بوو، خوێنی مەسیح، ئەو بەرخە پاکەی کە هیچ کەموکوڕی و پەڵەیەکی تیادا نەبوو! 20 هەرچەندە خودا پێش دامەزراندنی جیهان مەسیحی بۆ ئەم مەبەستە دەستنیشان کردبوو، بەڵام تا ئەم سەردەمانەی دوایی بۆ بەرژەوەندی ئێوە ئاشکرای نەکردبوو 21 ئێوە کە بەهۆی مەسیحەوە باوەڕتان بە خودا هەیە کە لە مردن هەڵیستاندەوە و شکۆمەندی پێدا، بۆ ئەوەی خودا ئامانجی باوەڕ و هیواتان بێت. 22 لەوەتەی ملکەچ بوون بۆ ڕاستی، دەروونتان پاک بۆتەوە و توانیتان بەبێ دووڕوویی خەڵکانی ترتان خۆش بوێت، هەروەها بە خۆشەویستی برایانە یەکترتان خۆش بوێت کە لە دڵێکی پاکەوە دێت! 23 ئێوە دووبارە لەدایک بوونەوە نەک لە تۆوی مرۆڤی لەناوچوو، بەڵکو بەوەی لەناو ناچێت، بە وشەی خودا کە بۆ هەتاهەتایە زیندووە و دەمێنێتەوە. 24 ژیانی مرۆڤ وەکو گژوگیا وایە، هەموو شکۆمەندییەکەی وەک گوڵی گژوگیا وایە. دەبێت لەناو بچێت هەروەک چۆن گژوگیا وشک دەبێت و گوڵەکەی دەکەوێت! 25 بەڵام وشەی پەروەردگار، بۆ هەتاهەتایە بە بەردەوامی دەمێنێتەوە، ئەمە ئەو وشەیەیە کە مزگێنییەکەیتان پێگەیشتووە!