بەشی٢

1 بەڵام تۆ، دەبێت فێرکردنی دروست پێشکەش بکەی: 2 پیرەکان پێویستە سادە و سەنگین، پەیوەست بن بە دروستی باوەڕ و خۆشەویستی و ئارامگری. 3 بە هەمان شێوە پیرێژنان دەبێ ڕەفتاریان لەگەڵ پیرۆزیدا بگونجێت، نەک بوختانچی یان ئالوودەی مەی بن، بەڵکو خەڵکی فێری چاکە بکەن، 4 ژنە گەنجەکانیش رابهێنن بۆ ئەوەی خۆشەویست بن لەگەڵ مێردو منداڵەکانیان، 5 هۆشیار بن، پاک و خاوێن بن، بە باشی ئاگاداری ماڵەکانیان بن و گوێڕایەڵ مێردەکانیان بن، بۆ ئەوەی کەس وشەی ناشرین لەسەر قسەی خودا نەکات. 6 بەهەمان شێوە ئامۆژگاری گەنجەکان بکە کە هۆشیار بن، 7 لە هەموو شتێک خۆت بکە بە نمونە بۆ کارە چاکەکان، لە فێرکردنەکەتدا پاکی و سەنگینیت پیشان بدە 8 بە وشەی ڕاستی کە ناتوانرێت ڕەخنەی لێ بگیرێت، تا ئەوەی بەرەنگارت دەبێتەوە شەرم بکات کاتێک شتێکی خراپ نادۆزێتەوە لەسەرمان بیڵێ. 9 خزمەتکارەکان فێربکە گوێڕایەلی گەورەکانیان بن، لە هەموو شتێکدا دڵیان ڕازیبکەن؛ کەلەڕەق نەبن؛ 10 دزی مەکەن، بەڵکو دڵسۆزییەکی تەواو و باش پیشان بدەن، بۆ ئەوەی لە هەموو شتێکدا رازاوە بن بە فێرکاری خودای ڕزگارکەرمان. 11 بەخششی خودا کە ڕزگاری بۆ هەموو خەڵک دەهێنێت، بەدەرکەوت. 12 ئەوە فێرمان دەکات پەیوەندیمان لەگەڵ بەدڕەوشتی و ئارەزووە دونیاییەکان بپچڕێنین، و لە سەردەمی ئێستادا بە ژیانێکی ژیرمەندانە و ڕاستودروستی و لە خوداترسی بژین، 13 لە هەمان کاتدا چاوەڕێی هاتنەدی هیوایە خۆشەکەمانیین، پاشان دەرکەوتنی ئاشکرای شکۆمەندی خودای گەورە و ڕزگارکەری مەزنمان یەشوای مەسیح، 14 ە خۆی لە پێناو ئێمەدا بەخت کرد تا لە هەموو ناڕەوایەک ڕزگارمان بکات و پاکمان بکاتەوە بۆ خۆی وەک گەلێکی تایبەت کە بە پەرۆشەوە هەوڵدەدەن بۆ ئەنجامدانی کارە چاکەکان. 15 بە هەموو دەسەڵاتێکەوە ئامۆژگاری بکە و فێربکە و سەرزەنشت بکە ڕێگە بە هیچ یەکێک مەدە بەکەمت بزانێت!