بەشی٣

1 بەبیر باوەڕداران بهێنەوە کە گوێڕایەڵی فەرمانڕەوا و دەسەڵاتداران بن، گوێڕایەڵی یاسا بن، ئامادەبن بۆ هەموو کارێکی باش، 2 قسەی خراپ بە کەس نەڵێن، دژایەتی نەکەن، بەڵکو میهرەبان بن و بە نەرم و نیانی تەواو مامەڵە لەگەڵ هەموواندا بکەن. 3 چونکە ئێمەش لە ڕابردوودا نەزان و گوێڕایەڵ نەبوین و لە خراپە و تاریکیدا بووین، کۆیلە بووین خزمەتی هەوەس و چێژە جۆراوجۆرەکانمان دەکرد، لە خراپەکاری و ئیرەییدا دەژیاین، خۆشەویست نەبوین و ڕقمان لە یەکتربوو. 4 بەڵام کاتێک میهرەبانی خودای ڕزگارکەرمان، و خۆشەویستییەکەی بۆ مرۆڤەکان دەرکەوت، 5 ڕزگاری کردین، نەک لەسەر بناغەی کارە ڕاستودروستەکان کە کردوومانە، بەڵکو بەهۆی بەزەییەکەیەوە، بەتەواوی شۆردراینەوە تا ببینە دروستکراوێکی نوێ بە گیانە پیرۆزەکە، 6 ئەوەی بەدەوڵەمەندی بەسەرمانیداڕژاند بە یەشوای مەسیحی ڕزگارکەرمان. 7 کە کاتێک بە بەخششی ئەو بێتاوان دەبین، دەبینە میراتگر، بەگوێرەی هیوامان بە ژیانی هەتاهەتایی. 8 ئەم وتەیە ڕاستە! وە دەمەوێت ئەم بابەتانە بە شێوەیەکی یەکلاکەرەوە یەکلایی بکرێتەوە، تاکو ئەوانەی باوەڕیان بە خودا هەیه وریا بن لە هەوڵدان بۆ ئەنجامدانی کارە چاکەکان. ئەم شتانە باشن و بەسودە بۆ خەڵکی. 9 دەربارەی بابەتی گەمژانە، وەک ڕەچەڵەک، و دوژمنایەتی، و دووبەرەکی لەسەر تەوڕات، خۆتان بەدوور بگرن، چونکە بێ سودە و پۆچە. 10 ئەوەی گومڕایی بڵاو دەکاتەوە، پەیوەندیی لەگەڵدا بپچڕێنە دوای ئەوەی بۆ جاری یەکەم و دووەم ئاگادارت کردەوە، 11 دەزانن ئەوانە لادەرن و لە گوناهەدا دەمێننەوە وخۆیان بڕیار لەسەر خۆیان دەدەن! 12 هەر کە ئارتیماس یان تیخیکۆسم بۆ ناردی، هەوڵبدە بێیتە لام بۆ شاری نیکۆپۆلیس، چونکە بڕیارم داوە زستان لەوێ بەسەر بەرم. 13 هەوڵێک بدە بۆ ئەوەی یارمەتی زیناس پارێزەر و ئەپۆلۆس بدەیت بۆ ئازادبوونیان، پاشان دڵنیا بیت لەوەی هەموو پێداویستیان دابین کراوە. 14 خێزانەکانمان فێربن کاری چاکە بن بۆ دابینکردنی پێداپێویستەکانیان، بۆ ئەوەی بێ بەرهەم نەبن. 15 هەموو ئەوانەی لەگەڵمن سڵاوتان لێدەکەن. سڵاو لە هەموو خۆشەویستان بکە لە باوەڕدا. بەخشش لەگەڵ هەمووتان بێت!