بەشی ٧

1 پاشان سەرۆک کاهینەکە لە ستیڤانۆسی پرسی: «ئایا ئەم تۆمەتانە ڕاستن؟» 2 وەڵامی دایەوە: «برایان و باوکان گوێم لێ بگرن، خودای شکۆمەندی بۆ ئەڤراهام باوکمان دەرکەوت کە هێشتا لە نێوان دوو رووبار بوو، پێش ئەوەی لە خاران نیشتەجێ بێت، 3 پێی فەرموو: خاک و هۆزەکەت بەجێبهێڵە و بڕۆ بۆ ئەو زەوییەی کە رێنوێنیت دەکەم بۆی. 4 «بۆیە گوێڕایەڵی کرد و وڵاتی کلدانەکانی بەجێهێشت و لە خاران نیشتەجێ بوو، لەوێ مایەوە تا باوکی کۆچی دوایی کرد پاشان خوای گەورە ناردی بۆ ئەم خاکە کە ئێستا ئێوە تێیدا دەژین، 5 لێرە هیچ زەوی و پێگەیەکی پێنەدا، هەرچەند منداڵی نەبوو، بەڵام خودا بەڵێنی پێدا کە لە دوای خۆی ئەم نیشتمانە بدا بە خۆی و نەوەکانی دوای خۆی. 6 خودا فەرموویەتی: نەوەکانی تووشی دەربەدەری دەبن لە وڵاتێکدا کە هی ئەوان نییە، بۆ ماوەی چوار سەد ساڵ، لەو ماوەیەدا ڕووبەڕووی کۆیلایەتی و خراپ مامەڵەکردن دەبنەوە؛ 7 بەڵام من سزای ئەو گەلە دەدەم کە وەک کۆیلە خزمەتیان دەکەن، دواتر لەوێ دێنە دەرەوە و لەم شوێنە دەمپەرستن. 8 پاشان خودا داوای لە ئەڤراهام کرد کە نێرینەکانی ناو خێزانەکەی خەتەنە بکات وەک نیشانەی پەیمانەی کە لەگەڵیدا کردبووی. ئەڤراهام یتساخی بوو و دوای هەشت ڕۆژ لە لەدایکبوونی خەتەنەی کرد. دواتر یتساخ بوو بە باوکی یاکۆڤ، یاکۆڤیش دوانزە کوڕەکەی خەتەنە کرد، کە باوکانی یەکەم بوون. 9 «بەهۆی ئەوەی باوکانی یەکەم ئیرەیییان بە یۆسپ برد، وەک کۆیلەیەک فرۆشتیان بە میسر. بەڵام خودا لەگەڵی بوو، 10 و لە هەموو ناخۆشییەکانی ڕزگاری کرد، بەخشش و دانایی لای فیرعەونی پاشای میسری بە یۆسپ بەخشی، بۆیە فیرعەون کردی بە فەرمانڕەوای میسر و هەموو کۆشکەکەی. 11 پاشان برسێتییەک هەموو میسر و کەنعانی گرت، و ئازارێکی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا، و باوباپیرانمان نەیانتوانی خواردن بدۆزنەوە. 12 کاتێک یاکۆڤ بیستی کە دانەوێڵە لە میسر هەیە باوباپیرانی ئێمەی نارد بۆ میسر. 13 بۆ جاری دووهەم کە چوون، یۆسپ خۆی بە براکانی ناساند و فیرعەونیش بنەماڵەی یۆسپی ناسی. 14 دوای ئەمە یۆسپ یاکۆڤی باوکی، و هەموو بنەماڵەو براکانی بانگهێشت کرد کە بە گشتی حەفتا و پێنج کەس بوون. 15 پاشان یاکۆڤ چووە بەرەو میسر، لەوێ خۆی و باوباپیرانمان مانەوە تا کۆچی دواییان کرد، 16 تەرمەکانیان هێنرانەوە بۆ شەخەم و لە نێو ئەو گۆڕەدا دانران کە ئەڤراهام لە کوڕانی خەمۆر لە شەخەم بە بڕێک زێو کڕیبووی. 17 «لەگەڵ نزیکبوونەوەی کات بۆ ئەوەی خودا بەڵێنەکەی بە ئەڤراهام جێبەجێ بکات، ژمارەی گەلەکە لە میسر زۆر زیادی کردبوو. 18 پاشان پاشایەکی نوێ کە هیچی دەربارەی یۆسپ نەدەزانی لە میسردا دەسەڵاتی گرتە دەست. 19 ستەمی گەلەکەماندا کرد، و خراپ لەگەڵ باوباپیرانمان مامەڵەی کرد بە ناچارکردنیان بۆ فڕێدانی کۆرپە تازە لەدایکبووەکانیان بۆ مردن. 20 لەو کاتەدا موشە لەدایک بوو. زۆر جوان بوو، بۆ ماوەی سێ مانگ لەلایەن خێزانەکەیەوە لە ماڵەوە چاودێری دەکرا، 21 بە ناچار وازیان لێ هێنا، بەڵام کچەکەی فیرعەون بردی و وەک کوڕی خۆی بەخێو و پەروەردەی کرد. 22 موشە بە زانیاری میسرییەکان رۆشنبیر کرابوو، و تا لە قسەکردن و کرداردا بەهێز بووە. 23 کاتێک تەمەنی چل ساڵ بوو، بڕیاریدا سەردانی برایانی خۆی بکات کە لە نەوەی یەسرائیل، 24 بینی یەکێکیان لەلایەن میسرییەکەوە ستەمی لێدەکرێت، بۆیە لایەنگری ستەملێکراوەکەی کرد و بە کوشتنی میسرییەکە تۆڵەی لێکردەوە، 25 موشە پێی وابوو برایانی خۆی لەوە تێدەگەن کە خودا بەکاری دەهێنێت بۆ ڕزگارکردنیان. بەڵام ئەوان تێنەگەیشتن! 26 ڕۆژی دواتر موشە بە سەر دووان لە برایانی ببینی کە شەڕیان بوو، هەوڵیدا بەم شێوەیە ئاشتیان بکاتەوە و پێی گوتن، پیاوەکان، ئێوە برای یەکن، بۆچی دژایەتی یەک دەکەن؟ 27 بەڵام ئەو پیاوەی خراپ رەفتاری لەگەڵ ئەویتردا دەکرد پاڵی بە موشەوە نا، و گوتی: کێ تۆی کردووە بە سەرۆک و دادوەر لە سەر ئێمە؟ 28 دەتەوێ من بکوژیت وەک چۆن دوێنێ میسریەکەشت کوشت؟ 29 موشە لە میسر هەڵات بۆ میدیان، لەوێ وەک بێگانەیەک نیشتەجێ بوو. دوو کوڕی بوو. 30 دوای تێپەڕبوونی چل ساڵ، پەروەردگار لە بڵێسەی دەوەنێکی گڕگرتوودا لە بیابانەکانی نزیک چیای سینا، بۆ موشە دەرکەوت. 31 موشە کاتێک ئەمەی بینی سەرسام بوو بەو دیمەنە، لێی چووە پێش بۆ ئەوەی بزانێ چی روویداوە، گوێی لێبوو پەروەردگار بانگی دەکات: 32 من خودای باوباپیرانتم، خودای ئەڤراهام و یتساخ و یاکۆڤم! موشە لە ترسدا دەلەرزی و نەیدەوێرا سەیری بکات. 33 پاشان پەروەردگار پێی فەرموو: کەوشەکانت داکەنە چونکە ئەو شوێنەی لێی وەستاویت زەوییەکی پیرۆزە! 34 ستەمی گەلەکەمم لە میسر بینیوە، من گوێم لە گریانی ئەوان بووە، و هاتومەتە خوارەوە بۆ ئەوەی ئازادیان بکەم. ئێستا، دەتنێرمەوە بۆ میسر! 35 ئەمە هەمان ئەو موشەیە کە بەم وشانە ڕەتیان کردبۆوەوە: کێ تۆی کردووە بە فەرمانڕەوا و دادوەر؟ ئەو لەلایەن خوداوە نێردراوە بۆ ئەوەی ببێتە سەرۆک و ڕزگاریدەریان، کاتێک پەروەردگار لەناو دەوەنەکەدا بۆی دەرکەوت! 36 گەلەکەی لە میسر دەرهێنا و لەوێ، و لە دەریای سوور، و لە بیابانەکاندا بۆ ماوەی چل ساڵ سەرسوڕهێنەر و پەڕجووی ئەنجامدا. 37 ئەمە ئەو موشەیە کە بە نەوەی یەسرائیل دەڵێت: خودا پێغەمبەرێکی وەک منتان بۆ هەڵدەبژێرێت لە نێو براکاتان. 38 ئەو کەسە بوو کە سەرکردایەتی گەلی دەکرد لە بیابانەکاندا، ڕۆڵی نێوانگیری دەبینی لە نێوان ئەو پەروەردگار کە لە چیای سینا قسەی لەگەڵ دەکرد و باوباپیرانمان، راسپاردەکانی خودای زیندووی پێ گەیاندنن. 39 بەڵام باوباپیرانمان ڕەتیانکردەوە گوێڕایەڵی ئەو بن، تەنانەت سەرۆکاتەییان ڕەت کردەوە و لە دڵیاندا ڕوویان لە میسر کردەوە، 40 بە ئارۆنیان گوت: خودایەکمان بۆ دروست بکە کە لە پێش ئێمەوە بڕوات. چونکە نازانین چ بە سەر ئەو موشەیە هات کە ئێمەی لە میسر دەرهێنا! 41 ئەو کات بتێکیان لە شێوەی گۆلک دروست کرد. قوربانییان بۆ دەهێنا و بەو شتانە خۆشحاڵ بوون کە دەستکردی خۆیان بوو. 42 بەڵام خودا رووی لێ وەرگێڕان و بە دیار پەرستنی خۆر و مانگ و ئەستێرەکانەوە بە جێی هێشتن. هەروا کە لە نووسراوەی پێغەمبەراندا نووسراوە: ئەی نەوەی یەسرائیل، ئایا چل ساڵ لە بیابان پێشکەشی و قوربانیتان بۆ هێنام؟ 43 نا، بەڵکوو خێوەتەکەی مۆلۆخ، و ئەستێرەی خوداوەندەکەتان ڕەمفان، و ئەو بتانەی کە بۆ پەرستنیان دروستتان کردووە هەڵتانگرتووە! بۆیە دوورتاندەخەمەوە بۆ ئەوپەڕی بابێل! 44 باوباپیرانمان لەگەڵ خۆیان چادری شایەتییان هەڵگرتبوو بۆ بیابان. بەو شێوەیەی کە خودا بە موشەی راسپاردبو کە بەپێی ئەو نموونەی کە پیشانی دابوو؛ جێگیری بکات؛ 45 پاشان چوونە ئەم وڵاتە کە بە سەرکردایەتی یەشوع داگیریان کرد، دوای ئەوەی خودا ئەو گەلانەی لەوێ دەژین لە پێشیان دەرکرد. باوباپیرانمان بەردەوام بوون لە پەرستنی خودا لە چادرەکەدا تا سەردەمی داڤید 46 کە پەسندکراوی خوداوبوو، بۆیە هەوڵیدا ماڵێک بۆ خودای یاکۆڤ بدۆزێتەوە. 47 ئەم ئارەزووە بە دی هات لە سەر دەستی شلۆمۆ کە پەرەستگاکەی دروست کرد. 48 لەگەڵ ئەوەشدا خودای هەرەبەرز لەو ماڵانەدا ناژی کە بە دەستی مرۆڤ دروستکراون، وەک پێغەمبەرەکە دەفرموێت: 49 ئاسمان تەختی منە، و زەویش تەختە پێمە. چ جۆرە ماڵ بۆ دروست دەکەن؟ پەروەردگار دەفەرموێت. یان شوێنی پشوودانەکەم لە کوێ دەبێت؟ 50 ئایا بە دەستی من هەموو ئەم شتانە بەدی نەهاتووە؟» 51 پاشان ستیڤانۆس وتی: «ئەی ئەو یاخییانەی و دڵ و گوێتان خەتەنە نەکراوە! ئێوەهەمیشە بەرەنگاری گیانی پیرۆز دەبنەوە. وەک چۆن باووباپیرانتان کردیان ئێوەش دەیکەن! 52 چ پێغەمبەرێک لە چەوسانەوە ڕزگاری بوو کاتێک ئەوانەی پێشەنگایەتی هاتنی چاکەکاریان دەکرد، کە خۆتان ڕادەستتان کرد و کوشتتان! 53 تەوڕاتتان لە دەستی فریشتەکان وەرگرتووە، بەڵام گوێڕایەڵی نەبوون!» 54 کاتێک ئەوانەی کۆببوونەوە ئەم قسانەی ستیڤانۆسیان بیست، تووڕە بوون و ددانیان لێی چیڕ دەکردەوە. 55 بەڵام ستیڤانوس کە پڕ بوو لە گیانی پیرۆز، سەری بەرز کردەوە بۆ ئاسمان، و شکۆی خودای بینی و یەشوا کە لە ڕاستەی خودا بوو. 56 گوتی: «سەیرکەن، ئاسمان بە کراوەیی دەبینم و ڕۆڵەی مرۆڤیش لە ڕاستەی خودادا وەستاوە!» 57 بەم بیستنی ئەم قسەیە گوێچکەی خۆیان گرت، و بە هەموویان هێرشیان کردە سەری، 58 بەردیانە دەرەوەی شار، و دەستیان کرد بە بەردبارانکردنی. لەم نێوەندەدا شایەتحاڵەکان کەواکانیان لە بەر پێی گەنجێک دانا کە ناوی شائۆل بوو بۆ ئەوەی ئاگای لێیان بێ. 59 لە کاتێکدا بەردیان لێدەدا، ستیڤانوس نزای دەکرد: «یەشوای پەروەردگار، گیانم وەربگرە!» 60 ئینجا کەوتە سەر چۆک و هاواری کرد: «پەروەردگار، ئەمەیان بە گوناهەیان لە سەر هەژمار مەکە!» کە ئەمەی وت، نووست.