بەشی ٥
1
بەڵام پیاوێک بە ناوی ئەنانیا، لەگەڵ سافیرای هاوسەری ڕێککەوتنیان کرد و خاوەنی کێڵگەیەک بوون و فرۆشتیان،
2
بە ئاگاداری خێزانی بەشێک لە پارەکەی بۆ خۆی هێشتەوە، ئەوەی مابۆوەوە هێنای و لە بەردەم نێردراوان داینا.
3
پەترۆ پێی گوت: ئەنانیا، بۆچی ڕێگەت دا شەیتان دڵت پڕ بکات، و درۆت لەگەڵ گیانی پیرۆز کرد، و بەشێک لە بەهای کێڵگەکەت بۆ خۆت هێشتەوە؟
4
ئایا پێش ئەوەی بفرۆشرێت هی تۆ نەبووە؟ وە دوای ئەوەی فرۆشرا ئایا پارەکە لەبەردەستتدا نەبوو؟ چی وای لێکردی بیر لە ئەنجامدانی کارێکی لەو شێوەیە بکەیتەوە؟ ئێوە تەنها درۆتان لەگەڵ مرۆڤەکان نەکردووە، بەڵکو لەگەڵ خوداتان کردووە!»
5
کاتێک ئەنانیا ئەمەی بیست دەستبەجێ کەوتە سەر زەوی و مرد! ترسێکی زۆریش دەستی بەسەر هەموو ئەوانەدا گرت کە بەم ڕووداوەیان زانی.
6
پاشان هەندێک گەنج هاتن و تەرمی ئەنانیایان هەڵگرت و بردیانە دەرەوە و ناشتیان.
7
نزیکەی سێ کاتژمێر دواتر ژنەکەی هاتە ژوورەوە نەیدەزانی چی ڕوویداوە،
8
پەترۆ لێی پرسی: «پێم بڵێ: ئایا ئەمە ئەو پارەی کێڵگەکەیە کە تۆ و ئەنانیا فرۆشتتان ؟» ژنەکە گوتی: «بەڵێ، ئەوە بەهاکەیەتی».
9
پەترۆ پێی گوت: «بۆچی لەگەڵ مێردەکەت گیانی پەروەردگارتان تاقیکردەوە؟ هێشتا ئەو پیاوانەی مێردەکەتیان ناشت لە بەر دەرگاکەدان، و تۆش دەبەنە دەرەوە!»
10
لەو ساتەدا لە بەر پێی پەترۆ کەوت و مرد! پاشان گەنجەکان هاتنە ژوورەوە و بە مردوویی بینییان، و هەڵیانگرت و لە تەنیشت مێردەکەیەوە بە خاکیان سپارد.
11
ترسێکی گەورە دەستی بەسەر هەموو کڵێساکەدا گرت، و هەموو ئەوانەیش کە هەواڵی ئەم ڕووداوانە یان بیست.
12
نێردراوان چەندین نیشانە و سەرسوڕهێنەریان لەناو خەڵک ئەنجامدا. هەموو باوەڕداران بە یەک دڵییەوە لە هۆڵی شلۆمۆ پێکەوە کۆدەبوونەوە.
13
کەسی تر نەیدەوێرا لە دەرەوە پەیوەندییان پێوە بکات، هەرچەندە لەلایەن گەلەوە ڕێزێکی زۆریان لێدەگیرا.
14
سەرەڕای ئەوەش ژن و پیاو زیاتر و زیاتر باوەڕیان بە پەروەردگار دەهێنا و ژمارەیان بەردەوام زۆر دەبوو.
15
خەڵکانێک بوون نەخۆشەکانیان بە پێخەفەوە دەهێنایە سەر شەقامەکان، و دایاندەنان بۆ ئەوەی لانیکەم سێبەری پەترۆ بکەوێتە سەر هەندێکیان لەکاتی تێپەڕبوونیدا.
16
هەروەها خەڵکێک لە شارۆچکەکانی دەوروبەری یورشەلایمەوە کۆبوونەوە و نەخۆشەکانیان و ئەوانەی کە لەلایەن گیانە ناپاکەکانەوە، ئازار دەدران دەهێنا و هەموویان پاکبوونەوە.
17
پاشان سەرۆک کاهینەکە و کۆمەڵەی کە سەر بە رێبازی سەدوکیمەکان بوون، پڕ بوون لە ئیرەیی بە نسبەت نێردراوان،
18
بۆیە نێردراوانیان گرت و خستیانە زیندانی گشتی.
19
بەڵام لە شەودا فریشتەیەکی پەروەردگار دەرگای زیندانەکەی کردەوە و دەریهێنان، فەرمووی:
20
«بڕۆن لە پەرستگا بە هەموو خەڵک مزگێنی ئەم ژیانە نوێیە بە تەواوی رابگەیەنن!»
21
بەرەبەیان وەک ئەوەی پێیان گوترابوو چوونە ناو پەرستگا و دەستیان کرد بە فێرکردنی خەڵک. لە کاتێکدا ئەنجومەنەکە کۆبوونەوەی ئەنجامدا، لەسەر بانگهێشتی سەرۆک کاهین و جەماوەرەکەی، هەموو پیرانی یەسرائیل بەشدارییان کرد و فەرمانیان دا کە نێردراوان لە زیندانەوە بهێنرێن،
22
بەڵام پاسەوانەکان لەزیندان نەیاندۆزینەوە! بۆیە گەڕانەوە و هەوڵیان پێدان
23
گوتیان: «زیندانەکە بە شێوەیەکی پارێزراو داخرابوو، پاسەوانەکان لە بەردەمیا وەستابوون، بەڵام کاتێک کردمانەوە، کەسمان لە ژوورەوە نەدۆزیەوە!»
24
فەرماندەی پاسەوانی پەرستگاکە و سەرۆک کاهینەکان کاتێک ئەمەیان بیست سەریان سووڕما و پێیان سەیر بوو، وپرسیاریان کرد: «ئەم بابەتە چۆن کۆتایی دێت؟»
25
پاشان کابرایەک هاتە ئەنجومەنەکە و گوتی: «ئەو پیاوانەی کە ئێوە خستاننە زیندانەوە، لە پەرستگا وەستاون و خەڵکی فێر دەکەن».
26
بۆیە فەرماندە پاسەوانەکان لەگەڵ پیاوەکانیدا ڕۆیشت، و بە بێ توند و تیژی نێردراوانی هێنا، چونکە دەترسان خەڵک بەردەبارانیان بکەن.
27
نێردراوان هێنرانە ژوورەوە بۆ بەردەم ئامادەبووانی ئەنجومەنەکە بۆ ئەوەی لەلایەن سەرۆک کاهینەوە لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بکرێت.
28
گوتیان: «ئێمە فەرمانی توندمان پێداون کە بەم ناوە فێرکاری نەکەن. بەڵام ئێوە یورشەلایمتان پڕ کردووە لە فێرکارییەکانتان و بڕیارتان داوە بە رشتنی خوێنی ئەم پیاوە تاوانبارمان بکەن!»
29
پەترۆ و نێردراوانی دیکە لە وەڵامدا گوتیان: «ئێمە دەبێ گوێڕایەڵی خودا بین نەک خەڵک!
30
خودای باوباپیرانمان یەشوا کە لە مردن هەستایەوە لە سەرخاچ هەڵتانواسی و کوشتتان.
31
بەڵام خودا بەرزی کردەوە بۆ ڕاستەی خۆی و کردی بە سەرکردە و ڕزگارکەر بۆ ئەوەی پاشگەزبوون و لێخۆشبوونی گوناهەکان بە یەسرائیل ببەخشێت؛
32
ئێمە شایەتحاڵی ئەم شتانەین، هەروەها گیانی پیرۆزیش کە خودا بەخشیویەتی بەو کەسانەی گوێڕایەڵی دەکەن».
33
کە ئەمەیان بیست، تووڕە بوون و دەیانویست بیانکوژن،
34
بەڵام فەریسییەک بە ناوی گەمالەئێل، کە مامۆستای تەوڕات شوێنکەوتووی رێبازی فەریسی بوو، و لەلایەن هەموو خەڵکەوە ڕێزی لێدەگیرا، لە ئەنجومەنەکە هەستا و فەرمانی دا کە پیاوەکان بۆ ماوەیەکی کەم ببردرێنە دەرەوە،
35
روویکردە کۆمەڵەکەو گوتی: «پیاوانی یەسرائیل، بە وردی بیر لەوە بکەنەوە کە بەنیازن چی لەگەڵ ئەم پیاوانە بکەن.
36
ماوەیەک لەمەوبەر تیوداس دەرکەوت و بانگەشەی ئەوەی دەکرد کە کەسێکی مەزنە و نزیکەی چوار سەد کەسی لەگەڵ بوو، کوژرا و هەموو شوێنکەوتووانی بڵاوەیان پێکرا، و کۆتایی پێهات.
37
دوای ئەو یەهودای گەلیلی لە ڕۆژانی سەرژمێریدا دەرکەوت و سەرکردایەتی کۆمەڵێک خەڵکی کرد بۆ ڕاپەڕین، ئەویش کوژرا و هەموو شوێنکەوتووانی پەرش و بڵاو بوون.
38
بۆیە ئامۆژگاریتان دەکەم لەم پیاوانە گەڕێن بێڵن با برۆن. چونکە ئەگەر مەبەست یان چالاکییەکەیان لە خەڵکەوە بێت، ئەوا شکست دەهێنن،
39
بەڵام ئەگەر لە خوداوە بێت ناتوانن ڕێگرییان لێبکەن، تەنها خۆتان دەبیننەوە کە شەڕ لەگەڵ خودا دەکەن».
40
وتارەکەی ئەوانی ڕازی کرد، نێردراوانیان بانگ کرد و بە قامی لێیاندان پاشان فەرمانیان پێکردن بە ناوی یەشوا قسە نەکەن، و وازیان لێهێنان.
41
نێردراوان بە خۆشحاڵییەوە ئەنجومەنەکەیان بەجێهێشت، چونکە بە شایستەی ئەوە هەژمار کرابوون کە لە پێناوی ناوی یەشوا سوکایەتییان پێکراوە.
42
هەموو رۆژێ، لە پەرستگا و ماڵەکان، بێبڕانەوە فێرکارییان دەکرد و بە یەشوای مەسیح مزگێنیان دەدا.