بەشی ٤

1 لە کاتێکدا پەترۆ و یۆخەنا قسەیان لەگەڵ ئامادەبووان دەکرد، کاهینەکان، و فەرماندەی پاسەوانی پەرستگاکە و سەدوکیمەکان هاتن بۆ لایان، 2 ئەوان بێزار بوون چونکە ئەمان خەڵکیان فێر دەکرد و ڕایاندەگەیاند کە هەستانەوەی مردووەکان ئەو ڕاستییەیە کە بە هەستانەوەی یەشوا پشتڕاستکراوەتەوە، 3 بۆیە دەستگیریان کردن و تا ڕۆژی دواتر خستیاننە زیندانەوە، چونکە ئێوارە بوو. 4 زۆرێک لەوانەی گوێیان لە وشەکە بوو باوەڕیان هێنا کە ژمارەی پیاوە باوەڕدارەکان نزیکەی پێنج هەزار کەس بوون. 5 بەیانی ڕۆژی دوایی سەرکردە و پیران و مامۆستایانی یەهوود لە یورشەلایم کۆبوونەوە، 6 ئەنانیای سەرۆک کاهینان، و کەیافا، و یۆخەنا، و ئەسکەندەر، و هەموو ئەوانەی لە خێڵی سەرۆک کاهینەکان بوون لەگەڵیان بوون. 7 پەترۆ و یۆخنایان بانگ کرد و لێیان پرسین: «بە چ هێزێک و بە ناوی کێ ئەم کارەتان کردووە؟» 8 ئینجا پەترۆ پڕ بوو لە گیانی پیرۆز و وەڵامی دانەوە: «ئەی رێبەران و پیرانی گەل، 9 ئەگەر ئەمڕۆ بەهۆی چاکەیەک لەگەڵ پیاوێکی نەخۆش لێپرسینەوەمان لێ بکەن، 10 کەواتە بزانن، و با هەموو گەلی یەسرائیل بزانن، کە بە ناوی یەشوای مەسیحی ناسیرەیی، کە لە خاچتان دا، و لە مردن هەستایەوە، بە ناوی ئەوەوە ئەم پەککەوتە بە تەندروستییەکی تەواوەوە لەبەردەمتان وەستاوە! 11 یەشوا ئەو بەردەیە کە ئێوەی تەلارسازان ڕەتتان کردەوە، و خۆی بوو بە یەکەم بەردی بناغە. ڕزگاربوون لە هیچ کەسێکی تردا نییە، 12 هیچ ناوێکی تر لە ژێر ئاسماندا نییە کە بە مرۆڤ بەخشرابێت تا بەهۆیەوە ڕزگارمان بێت!» 13 ئامادەبووان سەرسام بوون بە بوێری پەترۆ و یۆخەنا، کاتێک زانیان کە ئەوان خوێندەوار نین و لە خەڵکی ئاسایین، تێگەیشتن کە ئەوان لەگەڵ یەشوا بوون. 14 کاتێک بینیان ئەو پیاوە کەمئەندام کە چاک بۆتەوە لەگەڵیان وەستاوە، هیچیان نەدۆزیەوە کە دژایەتییان بکەن! 15 بۆیە فەرمانیان پێکردن کە ئەنجومەنەکە بەجێبهێڵن، تا لە نێوان خۆیاندا ڕاوێژ بکەن. 16 و گوتیان: «چی لەم دوو پیاوە بکەین؟ بۆ هەموو خەڵکی یورشەلایم ڕوونە کە پەڕجوویەکی گەورە لەسەر دەستی ئەوان ڕوویداوە، و ناتوانین نکۆڵی لێبکەین! 17 به ڵام بۆ ئه وەی ئەم بابەته له نێو گەلدا زیاتر بڵاو نەبێتەوه، با هەڕەشەیان لێبکەین که له ئێستاوه ئەم ناوه لای کەس نەهێنن». 18 پاشان هێنایان و فەرمانیان پێکردن ناوی یەشوا قسەمەکەن یان خەڵکیش ئاوا فێر مەکەن. 19 بەڵام پەترۆ و یۆخەنا گوتیان: «خۆتان بڕیار بدەن: ئایا لەبەردەم خودادا ڕاستە کە گوێڕایەڵی فەرمانەکانی ئێوە بین و نە فەرمانی خودا؟ 20 ناتوانین واز لە باسکردنی ئەوە بێنین کە بینیومانە و بیستوومانە». 21 ئەنجومەنەکە توندتر هۆشداری پێدان، بەبێ ئەوەی ڕێگەیەک بۆ سزادانیان بدۆزێتەوە، لە ترسی ڕاپەڕینی گەل فەرمانی ئازادکردنیانی دەرکرد و هەمووان خودایان بۆ ئەو پەڕجووە شکۆمەند کرد ، 22 چونکە ئەو پیاوەی ئەم نیشانەی چاکبوونەوە لێی ڕوودا تەمەنی لە سەرووی چل ساڵەوە بوو! 23 هەر کە پەترۆ و یۆخەنا ئازاد کران، گەڕانەوە بۆ لای هاوڕێکانیان و هەموو ئەو شتانەی کە سەرۆک کاهینەکان و پیران گوتبوویان بۆیان گێڕانەوە، 24 بۆیە بە یەک دڵەوە بە نزا ڕوویان لە خودا کرد، و گوتیان: «ئەی پەروەردگار، بەدیهێنەری ئاسمان و زەوی و دەریا و هەموو ئەو شتانەی تێیدایە، 25 ئەی تۆ کە بە گیانی پیرۆز لە ڕێگەی داڤیدی خزمەتکارتەوە وتت: بۆچی گەلان ئەوەندە توڕە بوون؟ بۆچی کاتەکانیان بە پلانی بێهودە بەفیڕۆ ئەدەن؟ 26 پاشاکانی زەوی و ڕێبەرەکانیان کۆبوونەوە و یەکتریان گرت بۆ دژایەتی پەروەردگار و مەسیحەکەی! 27 ئەم قسانە لە ڕاستیدا هاتنە دی، وەک چۆن هیرۆد و پۆنتیۆس پیلاتۆس و بتپەرستەکان و هۆزەکانی ئیسرائیل، هاوپەیمان بوون بۆ بەرەنگاربوونەوەی پیرۆزەکە یەشوا، کە تۆ کردت بە مەسیح، 28 وە هەموو ئەو شتانەیان لەگەڵدا کرد کە دەست و خواستی تۆ بڕیاری دابوو. 29 ئێستا ئەی پەروەردگار، ببینە چۆن هەڕەشەمان لێ دەکەن، بوێری بە ئێمە خزمەتکارت ببەخشە وشەکانت ڕابگەیەنین، 30 دەستت درێژ بکە بۆ چاکبوونەوە، تاکو بە ناوی یەشوا خزمەتکارە پیرۆزەکەتەوە پەڕجوو و سەرسوڕهێنەر ئەنجام بدرێت». 31 لە کاتێکدا نزایان دەکرد ئەو شوێنەی کە لێی کۆببوونەوە لەرزی، هەموویان پڕ بوون لە گیانی پیرۆز، بۆیە بە هەموو بوێرییەکەوە دەستیان کرد بە ڕاگەیاندنی وشەی خودا! 32 کۆمەڵگەی باوەڕداران یەک دڵ و دەروون بوون، و کەس نەیدەگوت هەر شتێک کە هەیبوو تەنها هی خۆیەتی، بەڵکو هەموو شتێک بە هاوبەشی هی هەمووان بوو. 33 نێردراوان شایەتی هەستانەوی یەشوای پەروەردگاریان دەدا، هێز و بەخششێکی مەزن بەسەر هەموویاندا دادەبەزی. 34 لە نێوانیاندا هیچ هەژارێک نەبوو، چونکە هەموو ئەوانەی کێڵگە و خانوویان هەبوو دەیانفرۆشت و بەهاکەیان دەهێنا. 35 لەبەر پێی نێردراوان دایاندەنا، و بەپێی پێویست بەسەر هەرکەسێکدا دابەشیان دەکرد. 36 لە نێو ئەمانەدا یۆسپ ناوێک بوو کە نێردراوان پێیان دەگووت بەرنابا واتە کوڕی هاندان، ئەو لە هۆزی لێڤی، و خاوەنی ڕەگەزنامەی قوبرسی بوو. 37 خاوەنی کێڵگەیەک بوو، فرۆشتی و بەهاکەی هێنا و لە بەر پێی نێردراوان داینا!