بەشی ٢٧

1 لە کۆتاییدا بڕیار درا کە لە دەریاوە گەشت بکەین بۆ ئیتاڵیا، بۆیە پۆڵس و هەندێک لە زیندانییەکانی دیکە لەلایەن سەرپەلێک بە ناوی جولیۆس کە سەر بە تیمی ئۆگستۆس بوو، پاسەوانییان لێدەکرا. 2 بۆیە سواری کەشتییەک بووین کە لە ئەدرامیتەوە دەهات، بەرەو بەندەرەکانی هەرێمی ئاسیا دەڕۆیشت. ئاریستارخۆس لە شاری تەسالۆنیکی سەر بە هەرێمی مەکەدۆنیا لەگەڵمان بوو لە گەشتەکەدا. 3 ڕۆژی دواتر گەیشتینە سیدۆن. جولیۆس مامەڵەیەکی باشی لەگەڵ پۆڵسدا کرد و ڕێگەی پێدا سەردانی هاوڕێکانی بکات لە سیدۆن بۆ ئەوەی ئەو شتانەیان لێ وەربگرێت کە پێویستی بوو. 4 لە بەندەری سیدۆنەوە بەڕێکەوتین، و بە درێژایی کەنارەکانی قوبرس گەشتمان کرد، چونکە با پێچەوانەی ئاراستەی گەشتەکەمان بوو. 5 لە دەریای تەنیشت هەرێمی کیلیکیا و پامفیلیا پەڕینەوە، گەیشتینە بەندەری میرا لە هەرێمی لیکیا. 6 لەوێ سەرپەلەکە کەشتییەکی بینی کە لە ئەسکەندەریەوە هاتبوو دەچوو بەرەو ئیتاڵیا، بۆیە ئێمەش سواربووین لەگەڵی. 7 کەشتییەکە بۆ ماوەی چەند ڕۆژێک بە هێواشی دەڕۆیشت، ئێمەش دوای هەندێک هەوڵدان لە کەناری کنیدۆس نزیک بووینەوە، بەڵام با نەیهێشت بچینە ناو بەندەرەکەوە، بۆیە نەمانتوانی لەوێ دابەزین، بۆیە نزیک بووین لە کەناری دوورگەی کریت، لە نزیک سالمۆنی بەوێدا تێپەڕین. 8 دوای هەندێک هەوڵ گەیشتینە شوێنێک بە ناوی بەندەری جوان نزیک شاری لەسائیا. 9 ماوەیەکی زۆرمان لەوێ بەسەر برد، تا هاوین تێپەڕی و چوونکە گەشتکردن بە دەریا مەترسیدار بوو، بەو پێیەی بەڕۆژوو بوونیش تێپەڕیبوو، بۆیە پۆڵس ئامۆژگاری دەریاوانانی کەشتییەکەی کرد 10 وتی: «ئەی پیاوان، من ئێستا لە سەفەرەکەماندا مەترسی و زەرەرێکی مەزن دەبینم، نەک تەنها بۆ کەشتی و بارەکەی، بەڵکو بۆ ژیانی ئێمەش». 11 بەڵام سەرپەلەکە مەیلی بەرەو قسەکانی کەشتیوان و خاوەنی کەشتییەکە بوو، نەک قسەکانی پۆڵس. 12 بەو پێیەی بەندەرەکە گونجاو نەبوو بۆ بەسەربردنی زستان، زۆربەی دەریاوانەکان بڕیاریان دا بەجێی بهێڵن، بەو هیوایەی بگەنە بەندەری فۆنیکس بۆ ئەوەی زستان لەوێ بەسەر بەرن، ئەم بەندەرە لە کریت ڕووی لە باشوور و باکووری ڕۆژئاوا بوو. 13 بایەکی هێواش لە باشوورەوە هەڵیکرد، دەریاوانەکان پێیان وابوو پاڵیان دەنێت بەرەو فۆنیکس، بۆیە لەنگەریان بەرزکردەوە و بە کەشتی نزیک لە کەناری کریت تێپەڕین. 14 بەڵام بایەکی زریاناوی ناسراو بە بای باکووری ڕۆژهەڵات دوای ماوەیەکی کەم هەڵیکرد، 15 پاڵی بە کەشتییەکەوە دەنا و نەیتوانی بەرگەی بایەکە بگرێت، بۆیە خۆمان دابەدەستەوە. و زریانەکە ئێمەی هەڵگرت 16 بۆ شوێنێکی نزیک دوورگه‌یه‌کی بچوک بەناوی كله‌ودی، به‌ ئاستەم توانیمان بەلەمەکانی ڕزگاربوون راگیر بکەین. 17 پاشان دەریاوانەکان بە خێرایی ڕێوشوێنی پێویستیان گرتەبەر، ناوەڕاستی کەشتیەکەیان بە گوریس توندتر کردەوە. لە ترسی ئەوەی نەکا بڕۆنە کەنارە لماوییەکان، چارۆکەو و گوریسەکانیان دابەزاند، و با دەستی کرد بە پاڵنانی کەشتییەکە. 18 لە ڕۆژی دووەمدا زریانەکە لەسەرمان بەهێزتر بوو، بۆیە دەستیان کرد بە سووککردنی بارەکە. 19 لە ڕۆژی سێیەمدا بە دەستی خۆیان کەلوپەلی کەشتیەکەیان فڕێدا. 20 ڕۆژ لە دوای ڕۆژ زریانەکە بەهێز دەبوو، تا چەند ڕۆژێک خۆر و ئەستێرەکانمان نەبینی و هەموو هیوایەک بۆ مانەوە لەدەست چوو. 21 گەشتیارەکان بۆ ماوەیەکی زۆر خۆیان لە خواردن بەدوور گرتبوو، بۆیە پۆڵس هاتە لایان و گوتی: «ئەی پیاوان، دەبوو گوێ لە قسەکانم بگرن و لە کریتەوە رێ نەکەوتینایە، بۆیە تووشی ئەم مەترسی و زیانە بووین. 22 بەڵام ئێستا داواتان لێدەکەم دڵنیابن، هیچ کامتان ژیانی خۆتان لەدەست نادەن. بەڵام تەنها کەشتییەکە لەناو دەچێت. 23 ئەم شەو فریشتەیەک بۆم دەرکەوت لەو خودایە کە من هی ئەوم و خزمەتی دەکەم، 24 پێی فەرمووم: مەترسە پۆڵس! دەبێت لەبەردەم قەیسەردا دەربکەویت. خودای گەورە ژیانی هەموو ئەوانەی پێ بەخشیوی کە لەگەڵتدا سەفەر دەکەن! 25 کەواتە دڵنیابن پیاوان چونکە باوەڕم بە خودا هەیە و ئەوەی پێی گوتم بەدی دێت. 26 بەڵام دەبێت کەشتییەکە بگاتە یەکێک لە دوورگەکان». 27 لە ناوەڕاستی شەوی چواردەهەمدا، لە کاتێکدا باکان لە دەریای ئادریادا دەیانبردین بەرەو شوێنێک کە نەماندەزانی، دەریاوانەکان پێیان وابوو لە وشکانی نزیک بوونەوە. 28 بۆیە قووڵی ئاوەکەیان پێوانە کرد و بۆیان دەرکەوت کە بیست باڵایە. دوای کەمێک قووڵاییەکەیان پێوانە کرد و بۆیان دەرکەوت کە پانزە باڵایە. 29 دەترسان کەشتییەکە بکەوێ سەر بەردەکاندا، بۆیە چوار لەنگەریان لە پشتەوەی کەشتییەکەیەوە دابەزاند و چاوەڕێی هاتنی بەیانی بوون. 30 كه‌شتیوانان هه‌وڵیان دا له‌ كه‌شتییه‌كه‌ هه‌ڵبێن، بەلەمی ڕزگاربوونیان بۆ ده‌ریا شۆڕكرده‌وه‌ به‌ بیانووی ئه‌وه‌ی ده‌یانه‌وێ چه‌ند له‌نگه‌رێک دابخەن لە پێشەوەی کەشتیەکە. 31 پۆڵس به‌ سه‌رپه‌ل و سه‌ربازه‌كانی وت: «ئه‌گه‌ر ئه‌مانه‌ له‌ كه‌شتییه‌كه‌دا نەمێنن ئێوه‌ش ڕزگارتان نابێت». 32 سه‌ربازه‌كان گوریسی كه‌شتیه‌كه‌یان بڕی و وازیان لێهێنا بكه‌وێتە نا ئاوەکە. 33 کاتێ نزیک بوو ڕۆژ بێتەوە، پۆڵس تكای له‌ هه‌مووان كرد نان بخۆن، گوتی: «ئه‌مه‌ چواردە رۆژە و ئێوه‌ چاوه‌ڕوان و به‌رده‌وامن بێ ئه‌وه‌ی هیچ بخۆن. 34 بۆیه‌ تكاتان لێ ده‌كه‌م نان بخۆن، چونكه‌ ئه‌مه‌ بۆ ڕزگاربوونتانه‌. كه‌ستان تاڵێكی سه‌ری ناكه‌وێت». 35 پاشان نانێكی هه‌ڵگرت، و له‌به‌رده‌م هه‌مووان سوپاسی خودای كرد، ئینجا شکاندی و خواردی، 36 هەموویان تێر بوون و خواردیان. 37 ژمارەی ئێمە لە کەشتییەکەدا دوو سەد و حەفتا و شەش کەس بوو. 38 دوای ئەوەی تێر بوون گەنمەکەیان فڕێدایە ناو دەریاوە بۆ ئەوەی باری کەشتییەکە سووکتر بکەن. 39 كاتێ ڕۆژ‌بووه‌وه‌، نەیاندەتوانی وشکانی و دەریا لێک جیابکەنەوە، به‌ڵام كه‌نداوێكیان بینی كه‌ناری هه‌بوو، بڕیاریان دا ئەگەر بتوانن كه‌شتییه‌كه‌ به‌ره‌و ئه‌وێ ببه‌ن. 40 ئینجا له‌نگه‌ره‌كانیان پساند و لبە جێیان هێشتن نوقم ببن، له‌ هه‌مان كات گوریسی سه‌وڵه‌كانی ئاراسته‌كردنیان شل كرد و چارۆگه‌یان بۆ با هه‌ڵكرد، و به‌ره‌و كه‌ناره‌كه‌ ڕۆیشتن. 41 بەڵام کەشتییەکە گەیشتە شوێنێک کە ئاوی کەم بوو لە نێوان دوو تەنکە ئاو. بۆیە لەگەڵیدا تا کەنار رۆیشتن کە پێشی کەشتیەکە لە جووڵە کەوت، لە کاتێکدا پشتی کەشتییەکەی هەڵوەشایەوە بەهۆی توندوتیژی شەپۆلەکانەوە. 42 بڕیاری سه‌ربازه‌كان ئه‌وه‌بوو كه‌ به‌ندكراوان بكوژن نه‌وه‌ک كه‌سیان مه‌له‌ بكات و هه‌ڵبێت. 43 به‌ڵام سه‌رپه‌له‌كه‌ ده‌یویست پۆڵس ڕزگار بكات، بڕیارەکەیانی ڕاگرت، فه‌رمانی دا ئه‌وانه‌ی ده‌توانن مه‌له‌ بكه‌ن با یه‌كه‌مجار ئه‌وان خۆیان فڕێده‌ن و بگه‌نه‌ وشكانی. 44 ئه‌وانی دیكه‌ش هه‌ندێكیان به‌ ته‌خته‌ و هه‌ندێكیان به‌ پارچه‌كانی كه‌شتییه‌كه‌. ئیتر هه‌موو به‌ سه‌لامه‌تی گه‌یشتنه‌ وشكایی.