بەشی ٢٥
1
سێ ڕۆژ دوای دەستبەکاربوونی لە پێگەی خۆی فێستۆس، لە کەیسەریەوە چوو بۆ یورشەلایم.
2
پاشان سەرۆک کاهینەکە و کەسایەتییە گەورەکانی یەهود هاتنە لای و داواکارییان لە دژی پۆڵس پێشکەشی کرد و داوایان لێکرد
3
هانیاندا بۆ ئەوەی ڕێزیان لێبگرێت بە هێنانی پۆڵس بۆ یورشەلایم. لە ڕێگادا بۆسەیان بۆ دانابوو بۆ کوشتنی.
4
فێستوس وەڵامی دایەوە کە پۆڵس لە کەیسەریە دەستبەسەر دەمێنێتەوە و خۆی دوای ماوەیەکی کورت دەگەڕێتەوە کەیسەرە.
5
گوتی: «با کەسە ناودارەکانی ناو ئێوە لەگەڵمدا بێن؛ ئەگەر ئەم پیاوە هەر تاوانێکی لەسەرە، لەبەردەممدا تۆمەتباری بکەن!»
6
فێستوس هەشت یان دە ڕۆژ زیاتر لە یورشەلایم نەمایەوە، پاشان گەڕایەوە کەیسەرە. ڕۆژێک دوای گەیشتنی لەسەر کورسی دادوەرەی دانیشت، و فەرمانی دا پۆڵس بهێنرێت.
7
کاتێک ئامادە بوو یەهودییەکان کە لە یورشەلایمەوە هاتبوون، لە دەوری کۆبوونەوە و چەندین تۆمەتی گەورەیان خستە سەر، کە نەیانتوانی بیسەلمێنن.
8
پۆڵس بەرگری لە خۆی کرد و گوتی: «من هیچ تاوانێکم لە دژی تەوڕاتی یەهود و پەرستگا و قەیسەر ئەنجام نەداوە».
9
لەگەڵ ئەوەشدا فێستۆس ویستی ڕەزامەندی یەهودییەکان بەدەست بهێنێت، بۆیە لە پۆڵسی پرسی: «ئایا دەتەوێت بچیتە یورشەلایم، لەوێ بە ئامادە بوونی من دادگایی بکرێیت لە سەر ئەم تۆمەتانە؟»
10
پۆڵس لە وەڵامدا گوتی: «ئێستا لە دادگای کەیسەرەم، و لەبەردەمیدا دەبێ دادگایی بکرێم. من تاوانێکم بەرامبەر یەهودییەکان ئەنجام نەداوە، و ئێوەش زۆر باش ئەمە دەزانن.
11
ئەگەر تاوانێکم هەبووایە کە شایەنی سزای لەسێدارەدان بوومایە، لە مردن ڕزگارم نەدەبوو. بەڵام تا ئەو کاتەی تۆمەتەکانی ئەم کەسانە لە دژی من بێ بناغە بن، کەس مافی ئەوەی نییە من ڕادەستی ئەوان بکات بۆ ئەوەی بڕیارم لەسەر بدەن. من داوای پێداچوونەوە لە قەیسەر دەکەم!»
12
فێستوس لەگەڵ ڕاوێژکارەکانی باسی ئەو بابەتەی کرد، پاشان بە پۆڵسی گوت: «مادام داوای پێداچوونەوە لە قەیسەر دەکەیت، دەچیتە لای قەیسەر!»
13
دوای چەند ڕۆژێک پاشا ئەگریپا و بێرنیخی هاتنە کەیسەریە بۆ ئەوەی سڵاو لە فێستۆس بکەن.
14
بۆ چەندین ڕۆژ لەوێ مانەوە. فێستۆس بابەتی پۆڵسی خستە بەردەم پاشا و گوتی: «لێرە پیاوێک هەیە کە فیلیکس بە زیندانی بەجێی هێشتووە.
15
کاتێک چوومە یورشەلایم سەرۆک کاهینەکان و پیرەکان، سکاڵایان لێکرد و داوایان دەکرد بڕیاری لەسەر دەربکرێت.
16
بۆیە پێم گوتن لە داب و نەریتی ڕۆمانییەکاندا نییە کەسێک پێش ئەوەی ڕووبەڕووی تۆمەتبارەکانی ببێتەوە بڕیاری لەسەر دەرببڕن، بۆ ئەوەی دەرفەتی بەرگریکردن لە خۆی هەبێت.
17
کە هاتنە ئێرە ڕۆژی دواتر بەپەلە دانیشتنێکم ئەنجامدا بۆ ئەوەی بەدواداچوون بۆ بابەتەکە بکەم فەرمانم دا تۆمەتبارەکە بهێنرێت.
18
کاتێک سکاڵاکارەکان رووبەڕووی بوونەوە، باسی یەک تاوانیان نەکرد وەک ئەوەی چاوەڕێم دەکرد پێی تۆمەتبار بکەن.
19
بەڵکو لەگەڵیدا مشتومڕیان لەسەر بابەتەکانی تایبەت بە ئایینەکەیان و لەسەر پیاوێک بوو بە ناوی یەشواکە مردووە، و پۆڵس دەڵێت کە لە ژیاندایە!
20
بۆیە بەدواداچوونم بۆ بابەتەکە کرد، و پێشنیارم کرد کە تۆمەتبارەکە بچێتە یورشەلایم و لەوێ دادگایی بکرێت،
21
بەڵام داوای پێداچوونەوەی لە جەنابی قەیسەر کرد بۆ ئەوەی بە ئامادەبوونی ئەو دادگایی بکرێت، بۆیە فەرمانم دا چاودێری بکرێت تا ئەو کاتەی کە دەینێرم بۆ لای قەیسەر».
22
پاشان ئەگریپا بە فێستۆسی گوت: «حەز ئەکەم بزانم ئەم پیاوە چی دەڵێت». وەڵامی داوە: «سبەی گوێت لێ دەبێت».
23
ڕۆژی دواتر ئەگریپا و بێرنیسی هاتن و بە ئاهەنگێکی گرانبەها پێشوازییان لێکرا، بە دەورەدانی فەرماندە سەربازییەکان و کەسایەتییە دیارەکانی شارەکە چوونە ناو هۆڵەکە، فێستوس فەرمانی دا پۆڵس بهێنرێت.
24
کاتێک هێنایان، فێستۆس گوتی: «ئەی پاشا ئەگریپا، و هەموو ئەو گەورانەی لێرە ئامادەبوون: لەبەردەمتاندا ئەم پیاوە هەیە کە هەموو گەلی یەهود لە یورشەلایم سکاڵایان لێکرد و هاواریان دەکرد کە نابێت لە ژیاندا بمێنێتەوە
25
بۆم ڕوون بۆوە کە هیچ شتێکی نەکردووە کە شایستەی سزای لەسێدارەدان بێت. بەڵام داوای پێداچوونەوەی لە جەنابی قەیسەر کردووە، بۆیە بڕیارمدا بنێرم بۆ لای.
26
بەڵام هیچ شتێکم نیە لێی دڵنیا بم کە بۆ جەنابی قەیسەر بنووسم. بۆیە ئەوم هێنایە بەردەم هەمووتان، و بە تایبەتی لەبەردەمت ئەی پاشا ئەگریپا، بۆ ئەوەی بە پشکنین لە بابەتەکە شتێک بدۆزمەوە کە لەسەری بنووسم.
27
ژیرمەندانە نیە، وەک من دەیبینم، زیندانییەک بەبێ ئەوەی تۆمەتەکانی لەسەر دیاری بکرێت بنێردرێتە لای قەیسەر!»