بەشی ٢٤

1 دوای پێنج ڕۆژ شاندێک هاتنە کەیسەریە، پێکهاتبوو لە ئەنانیاس، سەرۆک کاهین، و هەندێک لە پیران، و پارێزەرێک بە ناوی تەرتولۆس، بۆ ئەوەی سکاڵاکەیان لە دژی پۆڵس بخەنە بەردەم فەرمانڕەوا. 2 فەرمانڕەوا پۆڵسی بانگهێشت کرد، و تەرتولۆس دەستی کرد بە تۆمەتبارکردنی، و گوتی: « ئەو ئاشتی زۆرە و چاکسازییە کە بە بەخششی تۆ گەلەکەمان سوودی لێ دەبینن بەهۆی گرینگی پێدانی تۆوە بووە 3 جەنابی فەرمانڕەوا فیلیکس ئێمە بە تەواوی، و لە هەموو شوێنێک، بە سوپاسێکی زۆرەوە پێشوازی لێدەکەین. 4 لەبەر ئەوەی نامەوێت ماندووت بکەم بە قسەکانم، هیوادارم ئەوەندە میهرەبان بی کە گوێ لە پێشکەشکردنی کورتی داواکارییەکەم بگری: 5 ئێمە ئەم تۆمەتبارەمان بە وێرانکەرێک زانیوە، و ئاژاوەی لە نێوان هەموو یەهودییەکان لە سەرجەم وڵاتەکەدا دروست کردووە، و ئەو سەرکردایەتی رێبازی ناسری دەکات. 6 کاتێک هەوڵیدەدا پەرستگاکەمان گڵاو بکات، ئێمە دەستگیرمان کرد و ویستمان بەپێی تەوڕاتەکەی خۆمان دادگایی بکەین. 7 بەڵام فەرماندە لیسیاس هات و بە زۆر لە دەستی ئێمەی دەرهێنا، 8 پاشان فەرمانی بە سکاڵا کارەکان کرد داواکەیان بەرز بکەنەوە بۆ بەردەم تۆ. ئێستا دەتوانی دڵنیابی لە دروستی داواکارییەکەمان بە لێپرسینەوە لەسەر ئەم بابەتە!» 9 ئەندامانی یەهودی شاندەکە پشتگیریان لە داواکاری پارێزەرەکە کرد و پشتراستیان کردەوە کە ئەوە ڕاستە. 10 فەرمانڕەوا ئاماژەی بە پۆڵس کرد کە بەرگری لە خۆی بکات، گوتی: «دەزانم کە تۆ ساڵانێکی زۆرە فەرمانڕەوای کاروباری یەهودییەکانیت، بۆیە بە ئاسوودەییە بەرگری خۆم دەخەمە بەردەمت. 11 دەتوانن بە خێرایی بزانن کە من دوانزە ڕۆژ زیاتر نیە کە گەیشتوومە یورشەلایم، بۆ پەرستش. 12 یەک کەس لە یەهودییەکان هەرگیز نەیانبینیم کە لە پەرستگاکەدا لەگەڵ کەسدا مشت و مڕ بکەم نە لە پەرستگا و نە لە شەقامەکانی شارەکەدا ئاژاوە دروست بکەم. 13 ئەمان ناتوانن ئەو کارانە بسەلمێنن کە منی پێ تۆمەتبار دەکەن. 14 بەڵام دان بەوەدا دەنێم کە من شوێن رێبازەکە دەکەوم، کە ئێوە پێی دەڵێن لاڕێ، من خودای باوباپیرانمان دەپەرستم، باوەڕم بە تەوڕات و هەموو ئەو شتانە هەیە کە لە پەرتووکی پێغەمبەراندا نووسراون، 15 من هەمان هیوام بە خودا هەیە کە ئەم پیاوانە هەیانە: ئەو هەم چاکەکاران و هەم ناڕەواکان هەڵدەستێنێتەوە. 16 بۆیە منیش خۆم ڕاهێنان دەکەم کە هەمیشە بە ویژدانێکی ڕوون لەبەردەم خودا و خەڵکدا بژیم. 17 دوای ئەوەی چەند ساڵێک لە یورشەلایم دوور بوومەوە، گەڕامەوە بۆ ئەوەی هەندێک بەخشین بۆ گەلەکەم بهێنم و پێشکەشکردن پێشکەش بکەم. 18 لە کاتی ئەنجام دانی لە پەرستگە هەندێک یەهودی هەرێمی ئاسیا، لە پەرستگاکەدا منیان بینی کە خەریکی تەواوکردنی ڕێوڕەسمی پاککردنەوە بووم. نە قەرەباڵغی لە دەوروبەرم بوو و نە ئاژاوەگێڕیم کرد، 19 ئەگەر بەڵگەیان لە دژی من هەبوایە، دەهاتنە بەردەمت و بەپێی پێویست سکاڵایان لەسەر من تۆمار دەکرد. 20 ئێستا، با بیری ئامادەبووان بهێنمەوە چ تاوانێكیان له‌ مندا دۆزییه‌وه‌، كاتێ له‌به‌رده‌م ئەنجەمەنەکە بۆ دادگاییکردنم ڕاوه‌ستام، 21 جگە لەوەی کاتێ لەبەردەمیان رامگەیاند گوتم: بە هۆی باوەڕم بە هه‌ستانه‌وه‌ی مردووانه‌ ئه‌مڕۆ ئێوه‌ بڕیارم لە سەر ده‌ده‌ن». 22 فیلیکس لە نزیکەوە دەربارەی ڕێگاکە دەیزانی، بۆیە کاتێک گوێی لە بەرگریکردنی پۆڵس بوو دەرکردنی بڕیارەکەی دواخست، و بە شاندی سکاڵاکارەکەی گوت: «لەسەر داواکارییەکەتان بڕیار دەدەم کاتێک فەرماندە لیسیاس دەگاتە ئێرە». 23 پاشان سەرۆک سەدەکە فەرمانی دا کە پۆڵس بخرێتە ژێر چاودێرییەوە، بۆ ئەوەی هەندێک ئازادی هەبێت، و هاوڕێکانی ڕێگەیان پێبدرێت سەردانی بکەن وخزمەتەکەی ئەنجام بدات. 24 دوای چەند ڕۆژێک فیلیکس لەگەڵ هاوسەرەکەی دروسیلا هات، کە یەهودی بوو، پۆڵسی بانگ کرد و گوێی لە قسەکانی گرت دەربارەی باوەڕ بە مەسیحی یەشوا. 25 کاتێک پۆڵس باسی ڕاستودروستی و دانبەخۆداگرتن و لێپرسینەوەی داهاتووی کرد فێلیکس ترسا، و بە پۆڵسی گوت: «ئێستا بڕۆ، کاتێک کاتم هەبوو جارێکیتر بانگت دەکەمەوە». 26 فێلیکس هیوای ئەوە بوو کە پۆڵس بڕێک پارەی پێبدات بۆ ئەوەی ئازادی بکات، بانگهێشتی دەکرد و زۆرجار قسەی لەگەڵدا کرد. 27 دوو ساڵ تێپەڕی و پۆڵس لەم دۆخەدا مایەوە. لە کۆتاییدا پۆرخیۆس فێستۆس وەک فەرمانڕەوا دەستنیشان کرا بۆ ئەوەی شوێنی فیلیکس بگرێتەوە. فیلیکس ویستی ڕەزامەندی یەهودییەکان بەدەست بهێنێت پۆڵسی لە زیندان بەجێهێشت.