بەشی ٢٣

1 پۆڵس سەیری ئەنجومەنەکەی کرد و گوتی: «ئەی برایان، تاكو ئه‌مڕۆ به‌ ویژدانێكی پاک بۆ خودا ژیاوم». 2 ئەنانیای سەرۆک کاهینفه‌رمانی به‌ یەکێک لەوانە دا كه‌ له‌لای ڕاوه‌ستابوون تاكو به‌ ده‌میدا بكێشن. 3 پۆڵس پێی گوت: «خودا لێت بدات، ئه‌ی دیواری گۆڕستانی سپی! چۆن دانیشتووی به‌گوێره‌ی ته‌ورات بڕیار ده‌ده‌یت، كه‌چی پێچه‌وانه‌ی ته‌ورات فه‌رمانی لێدانم ده‌ده‌یت؟» 4 ئه‌وانه‌ی له‌لای ڕاوه‌ستابوون گوتیان: «ئایا سووکایەتی به‌ سەرۆکی کاهینی خودا ده‌که‌یت؟» 5 پۆڵس وەڵامی دایەوە: «ئەی برایان نه‌مده‌زانی سەرۆک کاهینە چونكه‌ لە پەرتووکەکەدا نووسراوه‌: به‌ خراپه‌ باسی سه‌ركرده‌یه‌كی گه‌له‌كه‌ت مه‌كه‌!» 6 پۆڵس ده‌یزانی هەندێک لە ئەندامانی ئەنجومەنەکە سەر بە رێبازی سەدوکیمن، و هەندێکیان فەریسین، بانگی ئەنجومەنەکەی کرد: «ئەی برایان، من فەریسی كوڕی فەریسیم، ئێستا لە دادگادام چونکە باوەڕم وایە مردووەکان هیوای هەستانەوەیان هەیە!» 7 ناكۆكی كه‌وته‌ نێوان فەریسی و سەدوکیمەکانی ئەنجومەنەکە، ئامادە بووان دابه‌ش بوون. 8 چونكه‌ سەدوکیمەکان نکۆلی لە هه‌ستانه‌وه‌ و فریشته‌ و گیانەکان دەکەن، به‌ڵام فەریسییەکان دان به‌ هه‌موو ئه‌مانه‌دا ده‌نێن. 9 هاوار به‌رزبۆوه‌، هه‌ندێک لە مامۆستایانی تەوڕات و لایەنگری فەریسییەکان، بە خرۆشەوە ناڕەزایەتییان دەربڕی و گوتیان: «تاوان له‌م پیاوه‌دا نابینین، رەنگە گیانێک یان فریشته‌یەکی خودا له‌گه‌ڵیدا دووابێت!» 10 كاتێ ناكۆكییه‌كه‌ په‌ره‌ی سه‌ند، فه‌رمانده‌كه‌ ترسا پۆڵس پارچه‌ پارچە بكه‌ن، فه‌رمانی به‌ سه‌ربازه‌كان دا دابه‌زن و له‌نێوانیاندا و بیبه‌نه‌وه‌ سه‌ربازگه‌. 11 بۆ شه‌وی دوایی په‌روه‌ردگار بۆ پۆڵس دەرکەوت و فه‌رمووی: «ئازا بە، چونكه‌ وه‌ک له‌ یورشەلایم شایەتیت بۆ دام، هەروەها ده‌بێ له‌ ڕۆماش ئەوە بکەیت». 12 كاتێ رۆژ بۆوە هەندێک یەهودییوکان پیلانیان گێڕا، قەدەغەیان کرد لە سەر خۆیان خواردن و خواردنەوەتاكو پۆڵۆس ده‌كوژن. 13 ئه‌وانه‌ی ئه‌م پیلانه‌یان داڕشت نزیکەی چل پیاو بوون. 14 چوونه‌ لای سەرۆک كاهینان و پیران، گوتیان: «لە سەر خۆمان خواردن و خواردنەوەمان قەدەغە کردووە تاكو پۆڵس ده‌كوژین. 15 داوا بکەن لە فەرماندە وەک ئەندامانی ئەنجومەن، کە پۆڵس ئامادە بکاتەوە بە بیانووی پێداچوونەوە بە بابەتەکەدا ، و ئێمە ئامادە دەبین پێش ئەوەی بگاتە ئەنجومەنەکە بیکوژین!» 16 بەڵام هەواڵی ئەم پیلانگێڕییە بە کچەزای پۆڵس گەیشت، بۆیە چووە سەربازگەکە و ئاگاداری کردەوە. 17 ئینجا پۆڵس یەکێک لە سەرپەلەکانی بانگ کرد و داوای لێکرد خوشکەزاکەی بباتە لای فەرماندەکە تا بابەتێکی گرنگی پێ بڵێت. 18 بردییە لای فەرماندە و گوتی: «پۆڵسی زیندانی بانگی کردم و داوای لێکردم ئەم گەنجە بهێنم بۆلات، چونکە بابەتێکی گرنگی هەیە کە دەیەوێت پێت بڵێت». 19 فەرماندە دەستی گەنجەکەی گرت، و بە تەنیا لەگەڵیدا ڕۆیشت، و لێی پرسی: «ئەو بابەتە چییە کە دەتەوێت ئاگادارم بکەیتەوە لێی؟» 20 گوتی: «یەهودییەکان پیلانێکیان لە دژی پۆڵس داڕشت، و داواتان لێدەکەن بیهێننە ئەنجومەنەکەیان، بە بیانووی ئەوەی کە بابەتەکەدا بچنەوە، 21 بۆیە داواکەیان رەتبکەوە، چونکە زیاتر لە چل کەسیان خواردن و خواردنەوەیان لە سەر خۆیان قەدەغە کردووەو بۆسەیان داناوە بۆ کوشتنی، ئێستاش ئامادەکارییان کردووە بۆ ئەوە، چاوەڕێی جێبەجێکردنی داواکاریەکەیان دەکەین!» 22 فه‌رمانده‌كه‌ گه‌نجه‌كه‌ی به‌ڕێكرد و ڕایسپارد: «به‌ كه‌س نه‌ڵێیت كه‌ ئه‌مه‌ت به‌ من گوتووه‌!» 23 ئینجا دووان له‌ سه‌رپه‌لەکانی بانگ كرد، و فەرمانی پێکردن و گوتی: «دووسه‌د سه‌رباز ئامادە بکەن کاتژمێر نۆی شەو بچن بۆ کەیسەرییە له‌گه‌ڵ حه‌فتا سوار و دووسه‌د ڕم هه‌ڵگر، 24 چەند سوار کە پۆڵس هەڵگرن و به‌ پارێزراوی بیگه‌یەننه‌ لای فیلیکسی فه‌رمانڕه‌وا». 25 نامەیەکی بۆ فەرمانڕەوا نووسی وتێیدا گوتی: 26 «لە کلۆدیۆس لیسیاسەوە بۆ جەنابی فەرمانڕەوا فیلیکس: سڵاو! 27 ئەم پیاوە لەلایەن یەهودییەکانەوە دەستگیرکرا و ویستیان بیکوژن. زانیم هاووڵاتییەکی ڕۆمانییە، بۆیە لەگەڵ چەند سەربازێکدا بەپەلە گەیشتمە لای و ڕزگارم کرد. 28 ده‌مویست بزانم به‌ چی تاوانباری ده‌كه‌ن، بردمه‌ بەردەم ئەنجومەنەکەیان، 29 بۆم روون بۆوە لە سەر بابەتی تایبەت بە ته‌وراته‌كه‌یان تاوانبار كراوه‌. هیچ تاوانێكم تیا نەدۆزییەوە كه‌ شایانی مه‌رگ یان زیندانیکردن بێت. 30 دواتر بۆم روون بۆوە یەهودییەکان پیلانێکیان بۆ کوشتنی داڕشتووە، خێرای بۆ لای تۆم نارد، فه‌رمانم به‌ سكاڵاكاران كرد چییان له‌سه‌ری هه‌یه‌ له‌لای تۆ پێشکەشی بكه‌ن». 31 بەم شێوەیە سەربازەکان شەوانە پۆڵسیان گواستەوە بۆ ئەنتیپاتریس، ئەو فەرمانانەی کە بۆیان دەرکرابوو جێبەجێیان کرد. 32 سەر لە بەیانی گەڕانەوە بۆ سەربازگەکە، سوارەکانیان بەجێهێشت بۆ ئەوەی لەگەڵ پۆڵسدا بچنە کەیسەریە. 33 لەوێ لەگەڵ نامەکەدا ڕادەستی فەرمانڕەوایان کرد. 34 فەرمانڕەوا نامەکەی خوێندەوە، و پرسیاری کرد کە پۆڵس سەر بە کام هەرێمە. کاتێک زانی خەڵکی کیلیکیایە 35 پێی گوت: «کاتێک سکاڵاکەرەکان دێن، سەیری بابەتەکەت دەکەم». فەرمانی دا کە پۆڵس لە کۆشکی هیرۆد، دابنرێت لە ژێر چاودێریدا.