بەشی ٢١
1
كاتێ لێیان جیابووینهوه، به دهریادا ڕێک بهرهو كووس ڕۆیشتین. ڕۆژی دواتر گەیشتینە دوورگەی ڕۆدس، لهوێشهوه بەرەو بەندەری پاترا،
2
لهوێ كهشتییهكمان بینی دهچوو بەرەو فینیقیا، سواربووین و ڕۆیشتین.
3
دورگەی قوبرس لەبەردەممان دەرکەوت، بۆیە بەلای باکوری خۆماندا تێپەڕین، و بەردەوام بووین لە گەشتکردن بەرەو سوریا، گەیشتینە بەندەری سور و لەوێ دابەزین، چونکە کەشتییەکە بڕیار بوو بارەکەی لەوێ دابەزێنێت.
4
لهوێ لەگەڵ قوتابییهكان قسەمان کرد، و حهوت ڕۆژ لە لایان ماینهوه، ئەوانیش بە سرووش لە گیانەکە، ئامۆژگاری پۆڵسیان دەکرد کە نەچێتە یورشەلایم.
5
بهڵام كاتێ ماوەی مانەوهمان کۆتایی پێهات لەوێ رۆیشتین بۆ تەواو کردنی گەشتەکەمان، ههموویان تاكو دهرهوهی شار به ژن و منداڵیانهوه لەگەڵمان هاتن و ماڵئاواییان لێکردین. له كهنارهی دەریاكه چۆكمان دادا و نزامان كرد،
6
پاشان ماڵئاواییمان له یهكتری كرد، و سواری كهشتییهكه بووین، ئهوانیش گهڕانهوه ماڵهكانیان.
7
لە گەشتە دەریاییەکەمان لەسورەوە بەردەوام بووین بەرەو بۆتۆلمایس، لەوێ سڵاومان له برایان كرد و ڕۆژێک لهلایان ماینهوه.
8
بۆ رۆژی دوایی رۆیشتین بۆ شاری کهیسهریه و میوانی ماڵی فیلیپۆسی مزگێنیدەر بوین، كه یهكێكه له حهوت بەڕێوەبەرەکە،
9
ئهو چوار كچی پاكیزهی ههبوو کە پێشبینییان دهكرد.
10
چه ڕۆژێک ماینهوه. لە کاتێکدا ئێمە لەوێ بووین، پێغەمبەرێک بە ناوی ئەگابوس لە ناوچەی یەهوداوە هاتە لامان.
11
پشتێنەکەی پۆڵسی وەرگرت، و خۆی و دەست و پێیەکانی پێ بەستەوە و گوتی: «گیانی پیرۆز دەڵێت بەم شێوەیە خاوەنی ئەم پشتێنە لەلایەن یەهودییەکانی یورشەلایمەوە دەبەسترێتەوە، و رادەستی بیانییەکان دەکرێت».
12
کاتێک ئەمەمان بیست هەموومان، ئێمەی هاوڕێکانی پۆڵس و باوەڕدارانی شارەکە، تکامان لە پۆڵس کرد کە نەچێتە یورشەلایم،
13
بەڵام پێی گوتین: «بۆچی دەگرین و دڵم دەشکێنن؟ من ئامادەم نەک تەنها لە یورشەلایم کۆت وبەند بکرێم، بەڵکو لەپێناو ناوی پەروەردگار یەشوا بمرم!»
14
کاتێک نەمانتوانی رازی بکەین بێدەنگ بووین و گوتمان: «با بە خواستی پەروەردگار بێ!»
15
دوای ماوەیەک خۆمان بۆ گەشت ئامادە کرد و بەرەو یورشەلایم بەڕێکەوتین.
16
لەگەڵ هەندێک قوتابی خەڵکی کەیسەریە، ئێمەیان بردە ماڵی مەنەسۆنی قوبرسی کە قوتابییەکی کۆن بوو، ئێمەش بووینە میوانی ئەو.
17
كاتێ گهیشتینه یورشلایم، برایان به خۆشییهوه پێشوازییان لێكردین.
18
لە ڕۆژی دواییدا پۆڵس لهگهڵمان هاته لای یاکۆڤ، ههموو پیرانیش کۆ ببوونەوە لەگەڵیان.
19
پاشان پۆڵس سڵاوی لێکردن و دەستی کرد بە گێڕانەوەی یەک لە دوای یەک هەموو ئەو شتانەی کە خودا لە ڕێگەی خزمەتەکەیەوە لەنێو نەتەوەکاندا کردوویەتی.
20
کاتێک هەواڵی ئەوانەیان بیست، خودایان شکۆمەند کرد، و پێیان گوت: براکەم دەبینیت ئەو یەهودییانەی باوەڕیان بە پەروەردگار هێناوە ژمارەیان هەزارانە، و بە پەرۆشەوەن بۆ تەوڕات،
21
ئەوان بیستوویانە کە تۆ بانگهێشتی ئەو یەهودییانە دەکەیت کە لە نێو نەتەوەکاندا دەژین بۆ هەڵگەڕانەوە لە موشە، و ئامۆژگارییان دەکەیت کە منداڵەکانیان خەتەنە نەکەن و ئەو داب و نەریتانەی بە میرات ماوەتەوە پەیڕەوی نەکەن،
22
کەواتە چی بکەین، چونکە دەبێت بیستبێتیان کە هاتوویت؟
23
کەواتە ئەوەی پێت دەڵێین بیکە: ئێمە چوار پیاومان هەیە کە نەزریان لە سەرە،
24
بیانبە بۆ پەرستگا ولەگەڵیان خۆت پاک بکەوە، بەخشینی سەر تاشینەکەیان بدە، بۆ ئەوەی هەمووان بزانن ئەوەی لەبارەی تۆوە بیستوویانە ڕاست نییە، وە تۆش وەک ئەوان بە رێگای کارکردن بە تەوڕات رەفتار دەکەیت.
25
دهربارهی ئەو باوەڕدارانەی کە یەهودی نین ، نامەیەکمان بۆ ناردوون و رامانسپاردن تێدا خۆیان له خواردنی قوربانی پێشکەشکراو بە بتەکان، و خواردنی خوێن، و له خواردنی گۆشتی ئاژەڵی خنکێندراو، و له داوێنپیسی بپارێزن».
26
وە بەو شێوەیەش بوو. بۆ رۆژی دوایی پۆڵس چوار پیاوهكەی برد؛ و لهگهڵیان خۆی پاک كردهوه، چووە ناو پەرستگاکە بۆ ئەوەی ئەو رۆژە تۆمار بکات کە تێیدا هەفتەی پاککردنەوە کۆتایی هاتووە، تا پێشکەشکردنەی بەناوی هەر یەکێکیانەوە کە لەسەریانە بدرێت.
27
كاتێ خهریک بوو حهوت ڕۆژهكه تهواو بێت، یەهودییەکانی هەرێمی ئاسیا لهنێو پهرستگا پۆڵسیان بینی، ههموو كۆمهڵهكهیان ورووژاند، و دەستەبسەریان کرد،
28
هاواریان دهكرد: «ئەی نەوەی یەسرائیل فریابكهون! ئهمه ئهو پیاوهیه كهبانگهێشتی خەڵک دەکات له ههموو شوێنێک دژ به گهل و تهوراتەکەمان و ئهم شوێنه، تهنانهت یۆنانیەکانی هێناوته پهرستگا و ئهم شوێنه پیرۆزەی گڵاو كرد!»
29
چونكه ترۆپیمۆسی ئەفەسۆسییان له شارهكهدا لهگهڵی بینیبوو، وایانزانی پۆڵس لهگهڵ خۆی هێناویهتی بۆ پهرستگا.
30
ئینجا هەموو خەڵکی شارەکە شڵەژان، و هێرشیان کردە سەر پۆڵس و پەلکێشیان کرد بۆ دەرەوەی پەرستگاکە، لەوکاتەدا دەرگاکانیان داخست.
31
لەکاتێکدا هەوڵی کوشتنیان دەدا فەرماندەی یەکەی ڕۆمییەکان بیستی کە لە هەموو یورشەلایم پشێوی دروست بووە.
32
دەستبەجێ کۆمەڵێک سەرباز و سەرپەلی برد و بەخێرایی ئامادە بوو. کاتێک یەهودییەکان فەرماندەو سەربازەکانییان بینی، وازیان لە هێرشکردنە سەر پۆڵس هێنا.
33
فەرماندەکە چووە پێش و گرتی و فەرمانی بە سەربازەکانی کرد بە دوو زنجیر بیبەستنەوە، پرسیاری کرد: «ئەوە کێیە، و چی کردووە؟»
34
هەندێکیان بانگەوازیان بۆ شتێک دەکرد و هەندێکی تر بۆ شتێکی تر. کاتێک بەهۆی پشێوییەکە نەیتوانی ڕاستی بابەتەکە روون بکاتەوە، فەرمانی کرد پۆڵس ببرێتە سەربازگەکە.
35
کاتێک گەیشتنە سەر پلیکانەکان، سەربازەکان ناچار بوون هەڵیبگرن بۆ ئەوەی لە توندوتیژیی جەماوەرەکە ڕزگاری بکەن.
36
جەماوەرەکە بەدوایدا دەڕۆیشتن و هاواریان دەکرد: «لە سێدارەی بەن!»
37
پێش ئەوەی پۆڵس بچێتە ناو سەربازگەکە، بە زمانی یۆنانی بە فەرماندەکەی گوت: «دەتوانم شتێکت پێ بڵێم؟» فەرماندەکە گوتی: تۆ بە زمانی یۆنانی قسە دەکەیت؟
38
تۆ پیاوه میسڕییهكه نیت ماوهیهک لهمهوبهر ئاژاوهیهكت نایهوه و به چوار ههزار بكوژهوه بهرهو بیابان هەڵات!»
39
پۆڵس گوتی: «من یەهودییەکی خەڵکی تەرسۆسم، کە شارێکی بەناوبانگی هەرێمی کیلیکیایە. تکات لێدەکەم ڕێگەم بدە لەگەڵ گەل قسە بکەم».
40
فەرماندە مۆڵەتی پێدا. پۆڵس لەسەر پلیکانەکە وەستا، و بە دەستی ئاماژەی بە خەڵکەکە کرد. کاتێک بێدەنگی زاڵ بوو، دەستی کرد بە قسەکردن لەگەڵیان بە زمانی عیبری و گوتی: