بەشی ٢٠

1 دوای کۆتایی هاتنی پشێوییەکە، پۆڵس قوتابییەکانی بانگهێشت کرد و هانیدان، پاشان ماڵئاوایی لێکردن و گەشتی کرد بۆ هەرێمی مەکەدۆنیا، 2 لەوێ گەشتی دەکرد و لە هەموو شوێنێک بانگەشەی ئامۆژگاری دەکرد و هانی خوێندکارانی دەدا. لە کۆتاییدا گەیشتە یۆنان، 3 سێ مانگ لەوێ بوو، لەکاتێکدا خۆی ئامادە دەکرد بە دەریادا بۆ سوریا گەشت بکات، زانی کە یەهودییەکان پیلانێک داڕشتووە بۆ کوشتنی. بۆیە بڕیاریدا بە ڕێگای مەکەدۆنیا بگەڕێتەوە. 4 لە گەشتەکەدا سۆپاتریس کوڕی پێرێس خەڵکی بێریا؛ ئەریستارخۆس و سێکۆندۆس لە تەسالۆنیکی؛ گایۆس و تیمۆساوس لە دێربی، و تیخیکۆس و ترۆفیمۆس لە هەرێمی ئاسیا هاونڵی بوون. 5 ئەمانە پێش ئێمە لەگەڵ پۆڵس ڕۆیشتن و لە ترۆئاس چاوەڕێمان بوون. 6 دوای جەژنی فەتیرە یەهودییەکان، لە فیلیپیەوە، بە دەریادا گەشتمان کرد، دوای پێنج ڕۆژ گەیشتینە ترۆئاس، پەیوەندیمان پێوە کردن، وحەوت رۆژ لەێ ماینەوە. 7 لە یەکەم ڕۆژی هەفتەدا، کاتێک کۆببووینەوە بۆ شکاندنی نان، پۆڵس وتاری بۆ ئەوانە دا کۆببوونەوە. چونکە بە نیاز بوو ڕۆژی دواتر گەشت بکات، وتاری تا نیوەشەو درێژ کردەوە. 8 کۆبوونەوەکەمان لە ژوورێکدا لە نهۆمی سەرەوە بوو، و چرایەکی زۆر لەوێ داگیرسێندرابوو. 9 گەنجێک بە ناوی ئەفیتیخۆس لە سەر پەنجەرەکە دانیشتبوو، و خەوێکی قووڵ دایگرتبوو، لە کاتێکدا پۆڵس بەردەوام بوو لە وتارە دوور و درێژەکەی، لە نهۆمی سێیەمەوە کەوتە خوارەوە و ، بە مردوویی هەڵگیرا. 10 پاشان پۆڵس رۆیشتە خوارەوە و خۆی دا بە سەریا و باوەشی پێدا کرد و گوتی: «نیگەران مەبن! دەژی!» 11 دوای ئەوە پۆڵس سەرکەوتەوە و نانەکەی شکاند و خواردنی خوارد، پاش ئەوەی تا بەرەبەیان بەردەوام بوو لە قسەکانی، بە وشکانیدا ڕۆیشت (بۆ ئەسۆس). 12 سەبارەت بە گەنجەکەش بە زیندووی هێنایان، و ئەوە دڵنەوایییەکی مەزن بوو بۆ ئەوان. 13 سەبارەت بە ئێمەش پێش پۆڵس بە دەریادا بەرەو ئەسۆس ڕۆیشتین، لەوێ چاوەڕێی هاتنی بووین بەپێی ئەو پلانەی کە داینابوو چونکە بە نیاز بوو به‌ پێ بێت. 14 کاتێک گەیشتنە ئێمە، سواری کەشتییەک بووین، و بە دەریادا بەرەو بەندەری میتیلین ڕۆیشتین. 15 بەردەوام بووین لە گەشتەکە و ڕۆژی دواتر گەیشتینە بەردەم دوورگەی خیۆس. لە ڕۆژی سێیەمدا لە نزیک دوورگەی سامۆس تێپەڕین، ڕۆژی چوارەم گەیشتینە میلیتۆس. 16 پۆڵس بڕیاری دابوو بە دەریا بە ئەفسوسدا تێپەڕێت بۆ ئەوەی دوا نەکەوێت لە هەرێمی ئاسیا، دەویست تا بتوانێت بە خێرایی لە ڕۆژی پەنجاهەمین بگاتە یورشەلایم. 17 لە میلیتۆسەوە پۆڵس ناردی بە شوێن بانگهێشتی پیرانی کڵێسای لە ئەفەسۆس. 18 کاتێک هاتنە لای، پێی گوتن: «دەزانن بە درێژایی ئەو ماوەی کە لە نێوانتاندا بەسەرم برد، هەر لە یەکەم ڕۆژی هاتنم بۆ هەرێمی ئاسیا چۆن ڕەفتارم لەگەڵ ئێوەدا کردووە. 19 من بە هەموو بێ فیزی، و بە فرمێسکێکی زۆرەوە، خزمەتم بە پەروەردگار کرد، من بەدەست ئەو تەنگانە دەناڵێنم کە بە پیلانی یەهوودییەکان بەسەرمدا هاتووە. 20 هەرگیز هیچم له‌و شتانه‌ پشت گوێ نەخستووە كه‌ سوودبه‌خشن و پێم ڕاگه‌یاندوون، به‌ ئاشكرا و ماڵه‌ بە ماڵ فێرم كردوون. 21 بۆیە داوام لە یەهودی و یۆنانییەکان کرد کە پاشگەز ببنە لە گوناهەکانیان و بەرەو لای خودا و باوەڕ بهێنن بە پەروەردگارمان یەشوا. 22 من ئەمڕۆ دەچمە یورشەلایم، بە پاڵنەری گیانەکە، نازانم لەوێ چی چاوەڕێم دەکات. 23 به‌ڵام گیانە پیرۆزەکە له‌ هه‌موو شارێک کە دەڕۆم پێم رادەگەیەنێت كه‌ زیندان و ته‌نگانه‌ چاوه‌ڕێم ده‌كات. 24 بەڵام ژیانی من هیچ بەهایەکی نیە، تا ئەو کاتەی هەوڵ دەدەم بۆ پێگەیشتووی ئامانجەکەم و تەواوکردنی ئەو خزمەتەی کەپەروەردگار یەشوا پێی سپاردووم: شایەتی دەدەم بە مزگێنی بەخششی خودا. 25 دەزانم لە ئەمڕۆ بە دواوە ڕووخساری من نابینن، ئێوە هەموو ئەوانەی کە من لە نێوانیاندا دەگەڕام و مزگێنی شانشینی خودام دەدا. 26 بۆیە ئەمڕۆ شایەتیتان بۆ دەدەم کە لە خوێنی هەمووتان بێبەریم، 27 چونکە خۆم لە گەیاندنی هەموو مەبەستەکانی خودا بە ئێوە بە دوور نەگرتووە. 28 كه‌واته‌ ئاگاتان له‌ خۆتان و له‌ هه‌موو مێگه‌له‌كه‌ بێت، ئه‌وه‌ی گیانە پیرۆزەکە به‌ چاودێری داناون بۆی، بۆ شوانی کڵێسای خودا کە بە خوێنی خۆی کڕیویەتیەوە. 29 چونكه‌ ده‌زانم پاش ڕۆیشتنم گورگی ڕفێنه‌ر دێنه‌ نێوتان، به‌زه‌یی به‌ مێگه‌له‌كه‌ نایه‌ته‌وه‌. 30 بەڵکوو له‌نێو خۆتاندا کەسانێک سەرهەڵدەدەن فێرکاری لاڕێتان فێر دەکەن، تاكو قوتابییه‌كان به‌دوای خۆیاندا ڕابكێشن. 31 بۆیە وریا بن، و لەبیرتان بێت کە، بۆ ماوەی سێ ساڵ، شەو و ڕۆژ نەوەستام لە ئامۆژگاریکردنی هەریەکێکتان بە فرمێسکەوە. 32 ئێستاش ڕادەستی خودا و وشەی بەخششە توانادارەکەیتان دەکەم بۆ ئەوەی بنیاتتان بنێت و میراتێکتان پێبدات بە هاوبەشی لەگەڵ سەرجەم پیرۆزکراوان بۆ خودا. 33 من هەرگیز ئارەزووی زیو و زێڕ و جل و بەرگی کەسم نەکردووە. 34 دەزانن من بە دەستی خۆم کارم کردووە بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی خۆم و هاوەڵەکانم. 35 بە ڕوونی نیشانم داون کە چۆن دەبێت کۆشش بکەین لە یارمەتیدانی نیازمەندان، وشەکانی پەروەردگار یەشوا، بە بیر بهێنینەوە، کاتێک فەرمووی: خۆشیەک کە لە بەخشیندایە زیاتر لەوەی کە لە وەرگرتندایە!» 36 دوای ئەم قسانە، پۆڵس لەگەڵ هەموویان چۆکی دادا و نزای کرد. 37 هەمووان زۆر گریان، و پۆڵسیان لە باوەش گرت و بە گەرمی ماچیان کرد، 38 زۆر دڵتەنگ بوون، بە تایبەت لەبەر ئەوەی پێی وتبوون کە جارێکی تر ڕووخساری نابیننەوە. پاشان لەگەڵیدا ڕۆیشتن بۆ لای کەشتییەکە و ماڵئاوایییان لێکرد.