بەشی ١٥

1 هەندێک لە یەهودییەکان کە باوەڕیان بە مەسیح هەبوو لە ناوچەی یەهودیاوە هاتنە ئەنتاکیە، و دەستیان کرد بە فێرکردنی براکان و گوتیان: «ناتوانن ڕزگارتان بێت ئەگەر بەپێی تەوڕاتی موشە خەتەنە نەکرێن» 2 پاشان پۆڵس و بەرنابا بە مشتومڕێکی توندیان لەگەلدا کردن. دوای مشتومرەکە، باوەڕدارانی ئەنتاکیە بڕیاریان دا کە پۆڵس و بەرنابا لەگەڵ هەندێک باوەڕداردا بچن بۆ ئەوەی لە یورشەلایم چاویان بە نێردراوان و پیرەکان بکەوێت، بە دوادا چوون بۆ ئەم بابەتە بکەن. 3 دوای ئەوەی کڵێسا ماڵئاواییان لێکردن، گەشتیان کرد بۆ یورشەلایم بە شارەکانی فینقیا و سامریدا تێپەڕین، برایانی ئەوێیان ئاگادار کردەوە کە نەتەوەکانیش بەرەو مەسیح رێنمایی کراون، بەم شێوەیەش خۆشییەکی زۆر لەنێو هەموو برایاندا بڵاو بۆوە. 4 کاتێک گەیشتنە یورشەلایم، کڵێسا پێشوازیان لێکردن بە نێردراوان و پیرانییەوە، لە هەموو ئەو شتانە ئاگاداریان کردنەوە کە خودا لە ڕێگەی ئەوانەوە کردبووی. 5 بەڵام هەندێک لەوانەی کە لە سەر رێبازی فەریسییەکان بوون، پاشان باوەڕیان هێنابوو، هەستان و گوتیان: «ئەو باوەڕدارانەی کە یەهوودی نین دەبێ خەتەنە بکرێن و پابەندیان بکەن بە تەوڕاتی موشە کار بکەن». 6 نێردراوان و پیران کۆبوونەوەیەکیان ئەنجامدا بۆ لێکۆڵینەوەی ئەم بابەتە. 7 دوای مشتومڕێکی زۆر، پەترۆ هەستا و گوتی: « ئەی برایان، دەزانن کە زۆر لەمەوبەر خودا ویستی نەتەوەکان وشەی مزگێنییەکە لە زمانی منەوە ببیسن و باوەڕیان هێنا. 8 خودای زانا بەوەی لە دڵەکاندایە شایەتیدا لە سەر وەرگرتنی ئەوان، کاتێک گیانی پیرۆزی پێبەخشین وەک چۆن بە ئێمەی بەخشی. 9 کەواتە ئەو لە هیچ شتێکدا جیاوازی لە نێوان ئێمە و ئەواندا نەکرد، کاتێک دڵی ئەوانی بە باوەڕ پاک کردەوە. 10 کەواتە بۆچی دژایەتی خودا دەکەن بارێکی قورس بە قوتابییەکانی پەروەردگار هەڵدەگرن کە باوکان ناتوانا بوون و ئێمە ناتواناینلە هەڵگرتنی؟ 11 ئێمە باوەڕمان وایە کە ڕزگارمان دەبێت، وەک چۆن ئەوان ڕزگاریان دەبێت، بە بەخششی پەروەردگار یەشوا». 12 پاش ئەوەی مشتومڕەکانی نێوان ئامادەبووان وەستا، و گوێیان لە بەرنابا و پۆڵس گرت باسی ئەو نیشانە و سەرسوڕهێنەرانەیان بۆ کردن کە خودا لە ڕێگەی ئەوانەوە لەناو نەتەوەکاندا کردوویەتی. 13 دوای ئەوەی قسەکەیان تەواو کرد، یاکۆڤ وتی: 14 «ئەی برایان گوێ بگرن: شیمۆن ئاگاداری کردنەوە کە چۆن خودا لە سەرەتاوە بەدوای نەتەوەکاندا گەڕا بۆ ئەوەی لە نێویاندا گەلێک وەربگرێت کە ناوی ئەو هەڵبگرێت؛ 15 ئەمەش لەگەڵ قسەی پێغەمبەراندا یەکدەگرێتەوە، وەک لە پەرتووکەکەدا هاتووە. 16 دوای ئەمە دەگەڕێمەوە و چادرە رووخاوەکەی داڤید ئاوەدان دەکەمەوە پاشان وێرانەکانی هەڵدەستێنمەوە و سەرلەنوێ بنیاتی دەنێم، 17 بۆ ئەوەی خەڵکیتر و هەموو ئەو گەلانەی کە ناوی منیان هەڵگرتووە، بەدوای پەروەردگاردا بگەڕێن، پەروەردگار دەفەرموێت، ئەوەی ئەم کارانە دەکات 18 لە سەرەتاوە ناسراوە. 19 بۆیە من پێم وایە نابێت بارگرانی بخەینە سەر ئەو کەسانەی کە لە ناو نەتەوەکان بەرەو خودا رێنوێنی کراون، 20 بەڵکو نامەیەکیان بۆ دەنووسین کە تیایدا رایاندەسپێرن خۆیان بە دوور بگرن لە خواردنی قوربانی ناپاکی پێشکەشکراو بە بتەکان، و داوێنپیسی، و گۆشتی ئاژەڵە خنکێنراوەکان، و خوێن. 21 چونکە موشە، هەر لە کۆنەوە، شوێنکەوتووانی لە هەموو شارێکدا، هەموو شەباتێک تەوڕاتەکەی دەخوێننەوە و لە کەنیشتەکاندا بانگەشەی بۆ دەکەن». 22 ئینجا نێردراوان و پیران و هەموو کۆمەڵگاکە ڕێککەوتن لەسەر ئەوەی لەنێو برایان دوو پیاو هەڵبژێرن بۆ ئەوەی لەگەڵ پۆڵس و بەرنابادا بیاننێرن بۆ ئەنتاکیە. بۆیە یەهودایان هەڵبژارد، کە پێی دەگوترا بارسابا، و سیلاس، کە پێگەیەکی باڵای هەبوو لە نێو برایاندا. 23 وە ئەم نامەیان رادەست کردن: «لە نێردراوان و پیران و برایانەوە، بۆ برایان باوەڕدار لە نەتەوەکان لە هەرێمەکانی ئەنتاکیە و سوریا و کیلیکیا: سڵاو! 24 زانیومانە کە هەندێک کەس لە ئێمەوە هاتوون بۆ لای ئێوە، بەبێ مۆڵەتی ئێمە بە قسەکانیان پشێویان لە نێوانتاندا دروست کردووە و بیرکردنەوەکانتانیان تێکداوە. 25 بۆیە ئێمە بە یەک بۆچوون ڕێککەوتین کە دوو پیاو هەڵبژێرین کە ژیانی خۆیان تەرخان کردووە بۆ ناوی پەروەردگارمان یەشوای مەسیح، لەگەڵ برا خۆشەویستەکانمان بەرنابا و پۆڵس دەیاننێرین بۆلاتان. 27 بۆیە یەهودا و سیلاسمان نارد، بۆ ئەوەی پەیامەکە بە زارەکی پێتان بگەیەنن. 28 گیانی پیرۆز و ئێمە بە باشمان زانی کە ئێمە هیچ باریک لە سەرووی ئەوەی کە لەسەرتانە، نەخەینە سەرتان. 29 بەڵکو لەسەرتانە خۆتان بەدوور بگرن لە خواردنی قوربانی پێشکەشکراو بە بتەکان ، لە خواردنی خوێن و گۆشتی ئاژەڵە خنکێنراوەکان، و لە داوێنپیسی. کارێکی باشە بۆتان ئەگەر خۆتان لەم بابەتانە بپارێزن. خوا لێتان خۆشبێت!» 30 بۆیە هەڵگرانی نامەکە بەڕێکەوتن، و گەشتیان کرد بۆ ئەنتاکیە، لەوێ کۆمەڵەکەیان بانگهێشت کرد بۆ کۆبوونەوە، 31 و نامەکەیان پێشکەش کردن. کاتێک خوێندیانەوە، شاد بوون بەو هاندانەی کە تێیدا بوو. 32 یەهودا و سیلاش پێغەمبەر بوون، بۆیە زۆر ئامۆژگاری براکانیان کرد، ورەیان بەهێزتر کردن. 33 دوای ماوەیەک برایانی ئەنتاکیە بە ئاشتی ڕەوانەی ئەو کەسانەیان کردن کە ناردبوویانن. 34 بەڵام سیلاس پێی باش بوو لە ئەنتاکیە بمێنێتەوە، بۆیە یەهودا بە تەنیا گەڕایەوە. 35 هەروەها پۆڵس و بەرناباش لەوێ مانەوە و بە وشەی پەروەردگار، فێرکاریان دەکرد و مزگێنیان دەدا.زۆر کەسی دیکەش هاوکاریان دەکردن. 36 دوای چەند ڕۆژێک پۆڵس بە بەرنابای گوت: «با بگەڕێینەوە و بزانین بارودۆخی ئەو شارانە چۆنە کە بە وشەی پەروەردگار مزگێنیمان تیا داوە». 37 بەرنابا پێشنیاری کرد یۆخەنا کە نازناوی مارکۆس بوو لەگەڵ خۆیان ببەن. 38 بەڵام پۆڵس ڕەتیکردەوە لەگەڵ خۆیان بیبات، چونکە لە پامفیلیا لێیان جیا ببۆوەو، لە خزمەتدا یاوەری نەدەکردبوون. 39 ناکۆکییەک وا کەوتە نێوانیان کە لەیەکتر جیابوونەوە. بەرنابا مارکۆسی هەڵگرت و بە کەشتی گەشتیان کرد بەرەو قوبرس. 40 پۆڵس سیلاسی هەڵیبژارد کە لەگەڵیدا بێت. جا برایانی بە بەخششی خودا سپارد، 41 بە هەرێمەکانی سوریا و کیلیکیادا گەشتی دەکرد و کڵێساکانی بەهێز دەکرد.