بەشی ١٣
1
هەندێک پێغەمبەران و مامۆستایانی کڵێسای ئەنتاکیە؛ لەوانە بەرنابا؛ شیمۆن کە پێی دەگوترا ڕەشەکە؛ لوسیۆس خەڵکی قیرەوان؛ مەنائین کە بە منداڵی لەگەڵ هیرۆد فەرمانڕەوای تێترارک پەروەردە ببوو؛ و شائۆلیش.
2
ڕۆژێک، کە بەرۆژووەوە پەروەردگاریان پەرستش دەکرد، گیانی پیرۆز پێی فەرموون: «بەرنابا و شائولم بۆ دیاری بکەن بۆ ئەو کارەی کە بانگم کردوون.».
3
بۆیە دوای ئەوەی بە رۆژوو بوون و نزایان کرد دەستیان لە سەر دانان و ڕەوانەیان کردن.
4
کاتێک گیانە پیرۆزەکە بەرنابا و شائۆلی نارد، چوون بۆ بەندەری دەریایی سۆلۆکیا، و پاشان بە کەشتی بەرەو دوورگەی قوبرس ڕۆیشتن.
5
کە گەیشتنە دوورگەکە لە شارۆچکەی سالامیس دابەزین، لە کەنیشتەی یەهودییەکان بانگەشەی وشەی خودایان کرد، و یۆخەنا مارکۆسیش وەک یاریدەدەر لەگەڵیان ڕۆیشت.
6
هەموو دوورگەکەیان تێپەڕاند تا گەیشتنە پافۆس. لەوێ چاویان بە جادووگەرێکی یەهودی و پێغەمبەرێکی درۆزن کەوت کە ناوی باریەشوع بوو،
7
لە سێرگیۆس پاوڵۆس، فەرمانڕەوای قوبرس نزیک بوو. فەرمانڕەوا زیرەک بوو، بۆیە بەرنابا و شائۆلی بانگ کرد، داوای لێکردن بە وشەی خودا قسەی لەگەڵ بکەن.
8
جادووگەرە زاناکە، و ئەمە مانای ناوەکەیەتی، دژایەتی کردن، هەوڵیدا فەرمانڕەوا لە باوەڕ لابدات.
9
بەڵام شائۆل کە ناوی پۆڵس بوو، پڕ بوو لە گیانی پیرۆز، سەیری جادووگەرەکەی کرد و گوتی:
10
«ئەی پڕ لە فێڵ و خراپەکاری! ئەی کوڕی شەیتان! ئەی دوژمنی هەموو ڕاستودروستییەک! ئایا واز لە بەلارێدا بردنی ڕێگا ڕاستەکانی پەروەردگار ناهێنی ؟
11
ئێستا دەستی پەروەردگار بۆت درێژ دەکرێتەوە و کوێر دەبیت و بۆ ماوەیەک ڕووناکی نابینیت». دەستبەجێ هەورێکی ڕەش بەسەر چاوەکانیدا کەوت، و بەدوای کەسێکدا دەگەڕا دەستی بگرێ و بە ڕێی بکات!
12
کاتێک فەرمانڕەوا بینی چی ڕوویدا، باوەڕی هێنا و سەرسام بوو بە فێرکارییەکانی پەروەردگار.
13
پۆڵس و هاوڕێکانی لە پافۆسەوە بە کەشتی بەرەو پێرگا لە پامفیلیا ڕۆیشتن. لەوێ یۆخەنا لە پۆڵس و بەرنابا جیا بۆوە و گەڕایەوە یۆرشەلایم.
14
ئەوانیش لە پێرگاوە رۆیشتن بۆ ئەنتاکیە کە سەر بە پارێزگای پیسیدیایە. لە ڕۆژی شەباتدا چوونە ناو کەنیشتەیەکی یەهودی و دانیشتن.
15
دوای خوێندنەوەی تەوڕات و نووسراوەکانی پێغەمبەران، سەرۆکانی کەنیشتەکە داوایان لێکردن و گوتیان: «برایان، ئەگەر شتێکتان هەیە بانگەشەی بۆ کۆبووەکان بکەن ،بیڵێن».
16
پۆڵس هەستا، بە دەست ئاماژەی کرد، و گوتی: «گوێ بگرن ئەی نەوەی یەسرائیل، وئەی لەخواترسەکان:
17
خودای ئەم گەلەی یەسرائیل باوباپیرانی ئێمەی هەڵبژارد، و بە درێژایی مانەوەیان لە میسر پێگەی گەلەکەمانی بەرزکردەوە، پاشان بە بەهێزی بازووی خۆی هێنانیە دەرەوە.
18
نزیکەی چل ساڵ لە بیاباندا بەخێوی کردن،
19
پاشان حەوت گەلی لە خاکی کەنعان دوورخستەوە، و خاکەکەی بە میرات پێدان،
20
بۆ ماوەی نزیکەی چوار سەد و پەنجا ساڵ. پاشان داوەری بۆ دانان کە دواهەمینیان پێغەمبەر شمۆئیل بوو.
21
جا نەوەی ئیسرائیل داوایان لێکرد پاشایەکیان بۆ دابنێت، بۆیە خودا شائۆلی کوڕی کیشی، دانا بەسەریاندا، لە هۆزی بنیامین، و چل ساڵ فەرمانڕەوایی بەسەردیاندا کرد.
22
پاشان خودا دووری خستەوە، و داڤیدی لە جێی ئەو دانا، کە شایەتی بۆ دا و فەرمووی: بەڕاستی من داودی کوڕی یسام دۆزیەوە پیاوێکە دڵمە، هەموو ئەوەی من دەمەوێت دەیکات.
23
خودا بۆ یەسرائیل لە نەوەی داڤید رزگاریدەرێکی نارد ئەویش یەشوایە، بۆ جێبەجێکردنی بەڵێنەکەی.
24
یۆخەنان پێش یەشوا هات، بۆ ئەوەی هەموو گەلی یەسرائیل بانگهێشت بکات بۆ لە ئاوهەڵکێشانی پاشگەز بوونەوە.
25
کاتێک یۆخەنان ئەرکەکەی تەواو دەکرد، گوتی: پێتان وایە من کێم؟ من ئەو نیم (رزگاریدەرەکە)، بەڵکو ئەو دوای من دێت. وە من شایەنی ئەوە نیم قەیتانی پێڵاوەکانی بکەمەوە!
26
ئەی برایان، ئەی نەوەکانی رەگەزی ئەڤراهام، و هەموو ئەوانەی لە خوداترسن و لێرە ئامادەن: خودا وشەی ئەم ڕزگارییەی بۆ ئێمە ناردووە!
27
چونکە خەڵکی یورشەلایم و سەرۆکەکانیان کاریان کرد بۆ جێبەجێکردنی ئەو پێشبینیانەی کە هەموو ڕۆژێکی شەبات بۆتان دەخوێندرێتەوە، بەڵام نەیاندەزانی. کاتێک بڕیاریان لە سەر یەشوا دا بە مردنیان ،
28
هەرچەندە هیچ تاوانێکیان لە دژی نەدۆزیەوە کە شایەنی مردن بێت، بەڵام داوایان لە پیلاتۆس کرد بیکوژێت.
29
دوای ئەوەی هەموو ئەو شتانەی لەسەری نووسرابوو، لە ئەودا جێبەجێ کران، لە خاچ دایانبەزاند، و لە گۆڕێکدا ناشتیان.
30
بەڵام خودا لە مردن هەڵیساندەوە،
31
چەند ڕۆژێک بۆ ئەوانەی لە گەلیلیەوە بۆ یورشەلایم لەگەڵیدا بوون دەرکەوت. ئێستاش لەبەردەم خەڵکدا شایەتی بۆ ئەو دەدەن.
32
ئەوەتا ئێمەیش مژدەتان ئەو بەڵێنەتان پێدەدەن خودا بە باوباپیرانمان دابوو،
33
و بۆ ئێمەی رۆڵەکانیان بەدیهێنا بە هەستانەوەی یەشوا لە مردن بەپێی ئەوەی لە زەبوری دووهەمدا نووسراوە: تۆ کوڕی منیت؛ ئەمڕۆ بووم بە باوکت.
34
سەبارەت بەو ڕاستییەی کە خودا یەشوای لە مردن هەستاندەوە و ڕێگە نادات ئیتر لەناوچوون دەستی بەسەردا بگرێت، ئەمە لە فەرموودەکەیدا هاتووە: بەخششە پیرۆزە ڕاستەقینەکانتان پێ دەبەخشم، کە بەڵێنم بە داڤید دا.
35
داڤید لە زەبورێکی تردا دەڵێت: ڕێگە نادەیت تاکە پیرۆزەکەت لەناوچوون ببینێت.
36
داڤید دوای خزمەتکردنی گەلەکەی لە سەردەمی خۆیدا بەپێی خواستی خودا مرد، و بە خاک سپێردرا، پەیوەست بوو بە باووباپیرانییەوە، و لە ناوچوون بە سەریدا هات.
37
بەڵام ئەو کەسەی کە خودا هەڵیستاندەوە، هەرگیز تووشی لەناوچوون نەبووە.
38
ئەی برایان، بزانن بە یەشوا مزگێنی لێخۆشبوونی گوناهەکانتان پێدەدرێت،
39
هەرکەسێک باوەڕ بهێنێت بە ئەو بێتاوان دەکرێت لە هەموو شتێک کە تەوڕاتی موشە نەیتوانیوە بێتاوانی بکات.
40
ئاگادار بن با ئەوەی لە پەرتووکی پێغەمبەراندا هاتووە بەسەرتاندا نەیەت:
41
ببینن، ئێوەی گاڵتەجاڕەکان، سەرسام بن و لەناو بچن! چونکە من لە ڕۆژگاری ئێوەدا کارێک دەکەم کە ئەگەر کەسێک پێی بگووتنایەت باوەڕتان پێی نەدەکرد!»
42
لە کاتێکدا ئامادەبووان دەڕۆیشتن، داوایان لە پۆڵس و بەرنابا کرد کە ڕۆژی شەباتی دواتر بێنەوە و باسی ئەم بابەتەیان بۆ بکەن.
43
دوای کۆبوونەوەکە زۆرێک لە یەهودییەکان و ئەوانەی گۆڕابوون بە یەهودی دوایان کەوتن، ئەوانیش بە قسەیان لەگەڵ کردن و هانیان دان لە بەخششی خودادا چەسپاو بن.
44
لە شەباتی دواتر، نزیکەی هەموو خەڵکی شارەکە کۆبوونەوە بۆ گوێگرتن لە وشەی خودا.
45
کاتێک یەهودییەکان خەڵکەکەیان بینی، پڕ بوون لە ئیرەیی و دەستیان کرد بە کوفر کردن دژایەتی قسەکانی پۆڵسیان دەکرد.
46
پاشان پۆڵس و بەرنابا بە بوێرییەوە گوتیان: «پێویست بوو سەرەتا وشەی خوداتان پێ بگەیەنینم، بەڵام ئێوە ڕەتتان کردەوە و دەرتانخست کە شایەنی ژیانی هەتاهەتایی نین. ئەوا ئێمە ڕوو لە نەتەوەکان دەکەین!
47
چونکە پەروەردگار رایسپاردین و فەرمووی : تۆم کردوومە ڕووناکییەک بۆ گەلان، تا ببیتە ڕێگای ڕزگاربوون تا ئەوپەڕی زەوی!»
48
کاتێک نەتەوەکان ئەمەیان بیست، زۆر دڵخۆش بوون و وشەی پەروەردگاریان شکۆمەند کرد. هەموو ئەوانەی خودا بۆ ژیانی هەتاهەتایی ئامادەی کردبوون باوەڕیان هێنا.
49
بەم شێوەیە وشەی پەروەردگار بەسەر هەموو ناوچەکەدا بڵاوبووەوە.
50
بەڵام یەهودییەکان ژنە ناوداران و ئاینییەکان و کەسایەتییە دیارەکانی شارەکەیان هاندا بۆ چەوساندنەوەی پۆڵس و بەرنەبایان ، تا لە وڵاتەکەیان دەریان بکەن،
51
بۆیە تۆز و خۆڵی ئەوێیان لە پێیەکانی خۆیان تەکاند و بەرەو شاری کۆنیا ڕۆیشتن.
52
سەبارەت بە قوتابییەکان، پڕ بوون لە خۆشی و گیانی پیرۆز.