بەشی ١٠

1 لە کەیسەریە سەرپەلێک هەبوو بە ناوی کۆرنێلیۆس، سەر بە یەکەیەک ئیتالیا ناسرابوو. 2 ئەو و هەموو خێزانەکەی لە خوداترس بوون، لەگەڵ خەڵک زۆر بەخشندە بوو، و بە بەردەوامی بۆ خودا نزای دەکرد. 3 ڕۆژێک نزیکەی کاتژمێر سێی پاش نیوەڕۆ بینینێکی هەبوو، بە ڕوونی فریشتەیەکی خودای بینی کە هاتە لای و فەرمووی: «کۆرنێلیۆس!» 4 کۆرنێلیۆس بە ترسەوە سەیری دەکرد، پرسی، «بفەرموو گەورەم» فریشتەکە وەڵامی دایەوە: «نزا و بەخششەکانت بۆ هەژاران وەک قوربانییەکی یادگاری هاتنە بەردەم خودا. 5 ئێستا کەسێک بنێرە بۆ یافا تا پیاوێک به ناوی شیمۆن کە بە پەترۆ ناسراوە بهێنن بۆ ئێرە. 6 لای شیمۆنی چەرمساز دەمێنێتەوە، کە ماڵەکەی لە کەنار دەریایە.» 7 کاتێک فریشتەکە ڕۆیشت، کۆرنێلیۆس دوو لە خزمەتکارەکانی و سەربازێکی دڵسۆزی بانگ کرد، کە یەکێک بوو لە بەردەستەکانی، 8 هەموو ئەو شتانەی بۆ گێڕانەوە، کە ڕوویدا و ناردنی بۆ یافا. 9 نزیکەی نیوەڕۆی ڕۆژی دواتر، کاتێک لە گەشتەکەیاندا بوون و لە یافا نزیک دەبوونەوە، پەترۆ چووە سەربان بۆ ئەوەی نزا بکات. 10 زۆری برسی بوو، و حەزی لێبوو شتێک بیخوات، و لە کاتێکدا ژەمەکە ئامادە دەکرا، خەوی لێکەوت، 11 بینینێکی دی: ئاسمانی بینی کە کرایەوە، و شتێکی وەک پارچەیەکی گەورەی قوماش بە چوار گۆشەکەیەوە دەخرێتە خوارەوە بۆ سەر زەوی، 12 پڕ بوو لە هەموو جۆرە ئاژەڵێکی سەرزەوی چوار پێ، و هەروەها خشۆکە و باڵندەی ئاسمان. 13 پاشان دەنگێک پێی گوت: «پەترۆ هەستە، سەربڕە و بخۆ!» 14 پیتەر وەڵامی دایەوە :«بە دڵنیاییەوە نەخێر، پەروەردگار، من هەرگیز شتێکی رێگەێنەدراو یا ناپاکم نەخواردووە». 15 دەنگەکە دیسان پێی گوت: «بە شتێک کە خودا پاکی کردۆتەوە با ناپاکی مەزانە!» 16 ئەمە سێ جار ڕوویدا، و پاشان پارچە قوماشەکە بەرزکرایەوە بۆ ئاسمان. 17 لە کاتێکدا کە پەترۆ بیری لە مانای بینینەکەی دەکرد، ئەو پیاوانەی کە کۆرنێلیۆس ناردبووی بۆ ماڵی شیمۆنی چەرمسازیان دەپرسی و لە بەر دەروازەکە وەستان 18 پرسیاریان کرد: «ئایا شیمۆنی ناسراو بە پەترۆ لەوێ دەمێنێتەوە؟» 19 پەترۆ هێشتا بیری لە مانای بینینەکە دەکردەوە، گیانەکە پێی گوت: «شیمۆن، سێ پیاو بەدوای تۆدا دەگەڕێن 20 بچۆ خوارەوە بێ دوودڵی لەگەڵیان بڕۆ، چونکە من ئەوانم ناردووە». 21 پەترۆ رۆیشتە خوارەوە و بە پیاوەکانی گوت: «من ئەو کەسەم کە ئێوە بەدوایدا دەگەڕێن. بۆچی هاتوون؟» 22 پیاوەکان وەڵامیان دایەوە: «ئێمە لە لایەن کۆرنێلیۆسی سەرۆک سەدەوە هاتووین پیاوێکی ڕاستودروست و لەخوداترسە، هەموو گەلی یەهوود شایەتی لە سەر دەدەن. خودا لە رێی فریشتەیەکی پیرۆز پێی فەرموو داوات لێبکات بێیتە ماڵەکەی بۆ ئەوەی قسەکانت ببیستێت». 23 پاشان پەترۆ پیاوەکانی بانگهێشت کرد بۆ ماڵەوە تا ببنە میوانی. ڕۆژی دواتر پەترۆ لەگەڵیان بەڕێ کەوت و هەندێک لە باوەڕدارانی یافاش لەگەڵیاندا ڕۆیشتن، 24 ڕۆژێک دواتر گەیشتنە قەیسەرە. کۆرنێلیۆس چاوەڕوانی ئەوان بوو، و خزم و هاوڕێ نزیکەکانی کۆکردبۆوە. 25 کاتێک پەترۆ هاتە ناو ماڵەکەوە، کۆرنێلیۆس کڕنوشی بۆ برد. 26 بەڵام پەترۆ هەڵیستاندەوە و گوتی: «هەستە! منیش مرۆڤێکم وەک تۆ!» 27 بە دەم قسەکردنەوە پەترۆ لەگەڵیدا چووە ژوورەوە، و جەماوەرێکی گەورەی خەڵکی بینی، 28 پێی گوتن: «ئێوە باش دەزانن کە پێچەوانەی یاسای ئێمەیە کە یەهودییەک هاونشینی لەگەڵ نەتەوەکان بکات یان بچێتە ماڵیان. بەڵام خودا نیشانی دام کە نابێت کەس بە ناپاک بزانم. 29 بۆیە کاتێک بانگم کرا بەبێ ئەوەی هیچ ناڕەزایەتییەکم هەبێت، وەڵامی بانگهێشتەکەتم داوە. کەواتە دەتوانم بپرسم بۆچی ناردووتە بەدواما؟» 30 کۆرنێلیۆس وەڵامی دایەوە: «چوار ڕۆژ لەمەوبەر، لە کاتژمێرە سێی پاش نیوەڕۆدا لە ماڵەکەمدا نزام دەکرد لەناکاو پیاوێک بە جلی درەوشاوە لەبەردەممدا دەرکەوت و 31 پێی گوتم : کۆرنێلیۆس، خودا نزاکانی تۆی بیستووە و بەخششەکانتی بۆ هەژاران لە لە یادە. 32 ئێستا پیاوەکانت بنێرە بۆ یافا، بانگهێشتی شیمۆن بکە پێی دەوترێت پەترۆ. ئەو میوانە لە ماڵی شیمۆنی چەرمساز کە لە کەناری دەریا دەژی. 33 بۆیە دەستبەجێ ناردم بە دواتا. ئەوە لە چاکەت بوو کە هاتی. ئێستا هەموومان لێرەین لەبەردەم خودادا بۆ ئەوەی گوێ لە هەموو ئەو شتانە بگرین کە پەروردگار فەرمانی پێکردوویت پێمان بڵێیت». 34 پەترۆ دەستی کرد بە قسەکردن: «ئێستا تێدەگەم کە لای خودا کەس لەویتر مەزنتر نیە، 35 بەڵکو ئەو کەسە وەردەگرێت کە چاکەکار و لەخواترسە بە بێ ئەوەی گرینگی بە رەگەزی بدات. 36 ئینجا وشەی خۆی بۆ گەلی یەسرائیل نارد، مزگێنی ئاشتی لە ڕێگەی یەشوای مەسیحەوە ڕاگەیاند کە پەروەردگاری هەمووانە. 37 دەزانن چی ڕوویداوە لە سەرانسەری پارێزگای یەهودا، کە لە گەلیلییەوە دەستی پێکردووە دوای ئەو یۆخەنا بانگەشەی بۆ لە ئاوهەڵکێشان دەکرد. 38 خودا یەشوای ناسیرەیی بە گیانی پیرۆز و هێزەوە دەستنیشان کرد،پاشان لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکیتر دەرۆیشت چاکەی دەکرد، و هەموو ئەوانەی چاک دەکردەوە کە لە ژێر دەسەڵاتی شەیتان بوون، چونکە خودا لەگەڵیدا بوو. 39 ئێمە شایەتحاڵی هەموو ئەو کارانەین کە لە ناوچەی یەهودیا و لە یورشەلایم کردوویەتی، بەڕاستی لەسە خاچەکە کوشتیان. 40 بەڵام لە ڕۆژی سێیەمدا لە هەستایەوە، و دەرکەوت 41 نە بۆ هەموو گەل، بەڵکو بۆ شایەتحاڵەکانی کە خودا پێشتر هەڵیبژاردبوون، بۆ ئێمە کە دوای هەستانەوەی لە مردن لەگەڵیدا خواردمان و خواردمانەوە. 42 فەرمانی پێکردین مزگێنی بەخەڵک بدەین، و شایەتحاڵی ئەوە بدەین ئەو هەمان کەسە کە خودا وەک دادوەری زیندوو و مردوو دەستنیشانی کردووە. 43 هەموو پێغەمبەران لەسەری شایەتی دەدەن کە هەرکەسێک باوەڕی پێی بێت لەڕێگەی ناوی ئەوەوە لێخۆشبوونی گوناهەکانی وەردەگرێت». 44 لە کاتێکدا پەترۆ هێشتا ئەم قسانەی دەکرد، گیانی پیرۆز هاتە سەر هەموو ئەوانەی گوێیان لە پەیامەکە بوو. 45 ئەو باوەڕدارە یەهودییانەی لەگەڵ پەترۆ هاتبوون، سەریان سوڕما کە بەخششی گیانی پیرۆز تەنانەت بەسەر نەتەوەکانیشدا ڕژاوە، 46 چونکە گوێیان لێ بوو کە بە زمانەکان قسەیان دەکرد، و ستایشی خودایان دەکرد. پاشان پەترۆ گوتی: 47 «ئایا کەسێک دەتوانێت ڕێگا لە ئاوهەڵکێشانیان بگرێت لە کاتێکدا ئەوانیش وەک ئێمە گیانی پیرۆزیان وەرگرتووە؟» 48 بۆیە فەرمانی دا کە بە ناوی یەشوای مەسیح لە ئاو هەڵکێشرێن. پاشان داوایان لە پەترۆ کرد کە چەند ڕۆژێک لەگەڵیان بمێنێتەوە.