بەشی ٢

1 ئەی برایان، بە لەبەرچاوگرتنی باوەڕتان بە پەروەردگارمان یەشوای مەسیح، پەروەردگاری شکۆمەند، بە لایەنگری و جیاکاری لەگەڵ خەڵکدا مامەڵە مەکەن! 2 گریمان دوو کەس هاتنە ناو کۆبوونەوەکەتانەوە، یەکێکیان دەوڵەمەند بوو، جل و بەرگی گرانبەهای لەبەردا بوو و پەنجەکانی بە ئەڵقەی زێڕین ڕازاندبۆووە، ئەوی دیکەیان هەژار بوو، بە جل و بەرگی کۆنەوە. 3 ئەگەر بەخێرهاتنی پیاوە دەوڵەمەندەکە بکەن، بڵێین: «تکایە، لێرە لای سەرەوە دابنیشە!» پاشان بە کەسە هەژارەکە بڵێی: « تۆش، لەوێ بوەستە، یان لێرە لەسەر زەوی لە بەر پێی من دابنیشە!» 4 ئەوە پشتڕاست دەکاتەوە کە ئێوەجیاوازی چینایەتی دەکەن لە نێوان مرۆڤەکاندا، خۆتان دەکەنە دادوەر بە بیرکردنەوەی خراپ! 5 کەواتە برا خۆشەویستەکانم، ئایا خودا ئەو کەسانەی هەڵنەبژارد کە لە چاوی خەڵکدا هەژار بوون بۆ ئەوەی لە باوەڕەکەیاندا دەوڵەمەندیان بکات، ومافی ئەوەیانی پێداوە کە شانشینییەکە بە میرات بگرن کە بەڵێنی داوە بە خۆشەویستەکانی؟ 6 بەڵام ئێوە بە بێرێزییەوە مامەڵەتان لەگەڵ هەژارەکاندا کردووە. ئایا دەزانن دەوڵەمەندەکان ئەوانەن کە زاڵن بەسەرتاندا و پەلکێشی ناو دادگاکانتان دەکەن، 7 و گاڵتە بە مەسیح دەکەن کە ئێوە هەڵگری ناوە جوانی ئەون؟ 8 چەند کارێکی باش دەکەن کاتێک ئەو بنەما شاهانە جێبەجێ دەکەن کە لە تەوڕاتدا ئاماژەی پێکراوە: «نزیکەکەت وەک خۆت خۆش بوێت!» 9 بەڵام کاتێک بە لایەنگری و جیاکارییەوە مامەڵە لەگەڵ خەڵک دەکەن، توشی گوناهە دەبن و تەورات وەک سەرپێچیکار بڕیارتان لەسەر دەدات. 10 دەزانن هەرکەسێک گوێڕایەڵی هەموو ئەو راسپاردانە بێت کە لە تەوراتی موشەدا هاتووە، و تەنها لە یەکێکیان سەرپێچی بکات، تاوانبار دەبێت، هەروەک ئەو کەسەی سەرپێچی لە هەموو راسپاردەکان بکات. 11 بۆنموونە، بۆیە خودا، فەرموویەتی: «داوێنپیسی مەکەن» هەروەک چۆن فەرموویەتی: «مەکوژە!» ئەگەر داوێنپیسی نەکەیت، بەڵام کەسێک بکوژیت، ئەوە تەوراتت پێشێل کردووە. 12 ئەگەر، بە قسە و کردار بەپێی یاسای ئازادی مامەڵە بکەن، بە پێی ئەوە دادگایی دەکرێن. 13 چونکە بڕیاردان بۆ ئەو کەسانەی کە بەزەییان نیە دەبێ بڕیارێکی بێ بەزەییانە بێت. بەڵام بەزەیی باڵاترە لە بڕیار! 14 ئەی برایان، ئایا سوودی هەیە کەسێک بانگەشەی ئەوە بکات کە باوەڕدارە، بەڵام هیچ کردارێکی نییە بۆ سەلماندنی ئەمە، ئایا باوەڕێکی لەم شێوەیە دەتوانێت ڕزگاری بکات؟ 15 گریمان خوشک یان برایەک پێویستییەکی زۆری بە پۆشاک و خواردنی ڕۆژانە هەبوو، 16 یەکێکتان پێتان گوت: «هیواخوازم هەموو چاکەکان بۆ ئێوە بێت. جلی و بەرگی گەرم لەبەر بکەن، و خواردنی باش بخۆن!» بەبێ ئەوەی جلوبەرگ و خواردنی پێویستی بۆ دابین بکەن، لەوەدا چ سوودێک هەیە؟ 17 کەواتە بەم شێوەیە دەبینین کە باوەڕ بە تەنیا و بەبێ کردەوە مردووە. 18 ڕەنگە یەکێک لە ئێوە بڵێت: «ئێوە باوەڕتان هەیە، منیش کردەوەم هەیە». پیشانم بدە چۆن ئەبێت باوەڕەکەت بە بێ کرداربێ، و منیش پیشانت دەدەم باوەڕ بە کردارەکانمەوە چۆنە. 19 ئایا باوەڕت وایە کە خودا یەکە؟ کارێکی باش دەکەیت! شەیتانەکانیش باوەڕیان بەم ڕاستییە هەیە، بەڵام لە ترسان دەلەرزن. 20 ئەمەش دڵنیات دەکاتەوە، ئەی مرۆڤی گێل، باوەڕی بێ کردارباوەڕێکی مردووە! 21 با نموونەیک لە ئەڤراهامی باوکمان وەربگرین: چۆن ڕاستودروست بوو؟ ئایا بە کردارەکانی نەبوو، کاتێک یتساخی کوڕی لەسەر قوربانگاکە پێشکەش کرد 22 دەبینیت باوەڕەکەی ئەڤراهام لەگەڵ کرداری یەک بووە. بە کردارەکان باوەڕ تەواو دەبێت. 23 بەم شێوەیە، ئەوەی تەوڕات دەیگوت جێبەجێ بوو: «ئەڤراهام باوەڕی بە خودا هێنا، و ئەوەی بە ڕاستودروستی بۆی هەژمار کرا»، تا ئەو ڕادەیەی کە ناوی لێنرا «دۆستی خودا». 24 کەواتە دەبینیت مرۆڤ تەنها بە باوەڕی خۆی ڕاستودروست نابێت، هەروەها بە کردارەکانیشی. 25 هەروەها لەسەر ئەم بناغەیە، رەخابی داوێنپیس بە راستودروست هەژمار کرا: کاتێک ئەو دوو پیاوەی کە نێردرابوون بۆ لای پێشوازی لێکردن، و بە ڕێگایەکی دیکەدا رەوانەی کردن. 26 وەک چۆن جەستەی مرۆڤ دەمرێت ئەگەر گیانی لێ دەرچێت، بە هەمان شێوە باوەریش دەمرێت ئەگەر کردار لەگەڵیدا نەبێت!