1 ئەمە بینینێکە لەلایەن خوداوە بە یەشوای مەسیح دراوە، بۆ ئەوەی ئەو شتانە بۆ خزمەتکارەکانی ئاشکرا بکات کە دەبێت بەم زووانە ڕوو بدەن. مەسیحیش لە ڕێگەی فریشتەکەیەوە بۆ یۆخەنای بەندەی ئاشکراکرد. 2 شایەتحاڵی یۆخەنا لەسەر وشەی خودا و شایەتحاڵی یەشوای مەسیح، و هەموو ئەو شتانەی کە بینیویەتی. 3 بەختەوەرە ئەو کەسەی ئەم پەرتووکی پێشبینییە دەخوێنێتەوە و بۆ ئەوانەی دەیبیستن، و چاودێری ئەوە دەکەن کە تێیدا هاتووە، چونکە وادەی هاتنەدی پێشبینیەکە نزیکە! 4 لە یۆخەنا، بۆ حەوت کڵێساکەی هەرێمی ئاسیا: بەخشش و ئاشتیتان بۆ بێت لەوەی کە هەبووە و کەهەیە و کە دێت، و لە حەوت گیانەکەی بەردەم تەختەکەی، 5 لە یەشوای مەسیحەوە شایەتحاڵی دڵسۆز، نۆبەرەی ئەوانەی لە مردن هەستانەوە، پاشای پاشاکانی زەوی، لەبەر خۆشەویستیەکەی بۆ ئێمە لە پێناوماندا مرد و بە خوێنی خۆی لە گوناهەکانمان شۆردینیەوە، 6 وە ئێمەی کردە شانشین، و کاهین بۆ خودای باوکی، شکۆمەندی و دەسەڵات بۆ ئەوە بۆ هەمیشە و هەتاهەتایە. ئامین! 7 ئەوەتا ئەو لەگەڵ هەورەکان دێت! هەموو چاوێک دەیبینێت، تەنانەت ئەوانەش کە ڕمیان لێدا، هەموو هۆزەکانی سەر زەویش بەهۆی ئەوەوە ماتەمینی دەگێڕن! بەڵێ، ئامین! 8 «من ئەلف و ێم» (سەرەتا و کۆتایی). ئەمە دەفەرموێت پەروەردگاری خودا کە هەبووە و هەیە و دێت، توانادارەکە بەسەر هەموو شتێکدا. 9 من، ێۆخەنای براتانم و هاوبەشی تەنگانە و شانشینی ئارام گرتن لە یەشوادا، دورخرایەوە بۆ دوورگەیەک کە پێی دەوترێت پەتمۆس، لە پێناوی وشەی خودا و شایەتحاڵی یەشوا. 10 لە ڕۆژی پەروەردگار، لە گیانەکەدا بووم، لە پشتمەوە گوێم لە دەنگێکی بەرز بوو وەک کەڕەنا 11 دەفەرموێت: «ئەوەی دەیبینیت لە پەرتووکێکدا بینووسە، و بینێرە بۆ حەوت کڵێساکە: لە ئەفەسۆس، سمیرنا، پڕگامۆس، سیاتیرا، ساردس، فیلادلفیا و لاودیکیا». 12 کاتێک ئاوڕم دایەوە بۆ دەنگەکە، حەوت چرادانی زێڕينم بینی، 13 کە ڕووم کردە دەنگەکە، یەکێکی وەک ڕۆڵەی مرۆڤم بینی لە ناوەڕاستی حەوت چرادانە زێڕینەکەدا وەستابوو، جلێکی درێژی لەبەردا بوو تا بەرپێی، وە پشتێنێکی زێڕینی لە سنگیوە پێچا بوو. 14 مووی سەری وەکو خوری بێگەرد وەک بەفر سپی بوو، چاوەکانی وەک بڵێسەی ئاگر بوون. 15 پێیەکانی بریقەدار بوو وەک مس کە بە ئاگر پوختە کرابێت، دەنگیشی وەک هاژەی تاڤگە وابوو، 16 ڕووخساری وەک خۆری نیوەڕۆ بە ڕووناکی دەدرەوشایەوە. حەوت ئەستێرەی لە دەستی ڕاستی بوو، شمشێرێکی تیژی دوو لێوار لە دەمی دەرچوو. 17 کاتێک بینیم وەک مردوویەک کەوتمە بەر پێیەکانی، بە دەستی ڕاستی دەستی لێدام و فەرمووی: «مەترسە! من یەکەم و دواهەمینم، 18 منم زیندووەکە. مردبووم، بەڵام ئەوەتا ئێستا بۆ هەتاهەتایە زیندووم. کلیلەکانی مردن و جیهانی مردووانم پێیە. 19 بنووسە چیت بینی، و ئێستا چی ڕوودەدات، وە ئەوەی خەریکە لە داهاتوودا ڕوودەدات. 20 نهێنی ئەو حەوت ئەستێرەیەی کە لای ڕاستم بینیت، و حەوت چرادانە زێڕینەکەش ئەمەیە: حەوت ئەستێرەکە فریشتەکانی حەوت کڵێساکەن، حەوت چرادانەکەش خودی حەوت کڵێساکەن.