بەشی ٢
1
کاتێک ڕۆژی پەنجاهەم هات، براکان لە یەک شوێن کۆبوونەوە،
2
لەناکاو دەنگێک لە ئاسمانەوە هات وەک دەنگی بایەکی بەهێز، ئەو ماڵەی پڕ کرد کە تێیدا دانیشتبوون.
3
پاشان زمانەکان وەک ئەوەی ئاگر بن بۆیان دەرکەوتن، و دابەشبوون و لەسەر هەر یەکێکیاندا،
4
هەموویان پڕ بوون لە گیانە پیرۆزەک، و دەستیان کرد بە قسەکردن بە زمانەکانی تر، هەروەک ئەوەی گیانەکە دەسەڵاتی قسەکردنی پێبەخشیبن.
5
لەو کاتەدا یورشەلایم بە هۆی ئەو یەهودییە لەخواترسانەی لە سەرجەم نەوەتەکانی جیهانەوە هاتبوون قەرەباڵغ بوو.
6
کاتێک گوێیان لەم دەنگە بوو، جەماوەرەکە بە سەرسوڕمانەوە کۆبوونەوە، چونکە هەریەکەیان گوێیان لە قسەکردن بە زمانی خۆیان بوو.
7
هەمووان سەریان سوڕمابوو. پرسیاریان دەکرد: «ئایا ئەمانە کە قسە دەکەن سەرجەمیان خەڵکی گەلیلی نین؟
8
ئەی چۆنە هەر یەکێک لە ئێمە زمانی ئەو وڵاتە دەبیستێت کە تێیدا لەدایک بووە؟
9
هەندێکمان پارت و ماد و ئیلامین. هەندێکمان خەڵکی میزۆپۆتامیا و یەهودیا و کەپادۆکیا و پۆنتۆس و ئاسیاین.
10
هەندێک لە فریگا و پامفیلیا، میسر و بەشەکانی لیبیا بەرامبەر قیرەوانین. لە ناوماندا زۆرێک لە ڕۆمەوە بۆ سەردان هاتوون،
11
یەهودی و ئەوانەی بوون بۆ یەهودی. هەندێکیان کرێتی وهەندێکی عەرەبن. ئەوەتا گوێمان لێیە کە بە زمانەکانمان قسەمان لەگەڵ دەکەن و کارە مەزنەکانی خودامان پێڕادەگەینن».
12
هەمووان بە سەرسوڕمان و سەرلێشێواوی لە یەکتریان دەپرسی: «مانای هەموو ئەمانە چییە؟»
13
هەندێکیشیان بە گاڵتەجاڕیەوە دەیانگوت: «ئەوان جگە لە سەرخۆش هیچی تر نین!»
14
پاشان پەترۆ لەگەڵ یازدە نێردراوان وەستا، و بە دەنگێکی بەرز وتاری بۆ دان، و گوتی: «ئەی یەهودییەکان، و هەموو ئەوانەی لە یورشەلایم نیشتەجێن! گوێ لە قسەکانم بگرن بۆ ئەوەی ڕاستی بابەتەکە بزانن!
15
ئەمانە سەرخۆش نین، وەک ئەوەی ئێوە بیری لێ دەکەنەوە، خەڵکی کاتژمێر نۆی بەیانی سەرخۆش نابن.
16
ئەمە هەر ئەوەیە کە لە زمانی پێغەمبەر یوئێلەوە وتراوە:
17
خودا دەفەرموێت: لە ڕۆژانی کۆتاییدا گیانی خۆم بەسەر هەموو مرۆڤایەتیدا دەڕێژم، کوڕ و کچەکانتان پێشبینی دەکەن، گەنجەکانتان بینین و پیرانتان خەون دەبینن.
18
لەو ڕۆژانەدا لە گیانی خۆم بەسەر هەموو خزمەتکارەکانمدا دەڕێژم، چ ژن و چ پیاو، ئەوانیش پێشبینی دەکەن.
19
نیشانە سەرسوڕهێنەر لە ئاسمان و زەوی ئەنجام دەدەم ، خوێن و ئاگر و دوکەڵی چڕ دەبێت!
20
وە پێش ئەوەی ڕۆژی پەروەردگار بێت، ئەو ڕۆژە مەزن و بەناوبانگە، خۆر تاریک دەبێت، مانگ دەگۆڕێت بۆ ڕەنگی خوێن.
21
بەڵام هەرکەسێک بە ناوی پەروەرگاروە بانگ بکات ڕزگاری دەبێت!
22
ئەی نەوەی یەسرائیل، گوێ بگرن لەم قسانە : یەشوای ناسیرەیی مرۆڤێک کە خودا بۆتانی سەلماند لە ڕێگەی ئەو پەڕجوو و سەرسوڕهێنەر و نیشانە باوەڕپێکراوانەی بە ئەو لە نێوانتاندا کردوویەتی، وەک خۆتان دەزانن.
23
بەڵام خودا بەپێی خواست و زانستی پێشوەختی دیاریکراوی خۆی، ڕێگەی دا کە بیگرن و لە خاچی بدەن و بە دەستی گوناهباران بکوژرێت.
24
بەڵام خودا لە مردن هەڵیستاندەوە، لە ئازارەکانی مردن ڕزگاری کرد، وەک چۆن نەدەکرا مردن لە چنگی خۆیدا بیهێڵێتەوە!
25
چونکە داڤید لەو بارەیەوە دەڵێت: من هەمیشە پەروەردگارم لە پێش خۆمەوە دەبینی چونکا ئەو لە ڕاستی منە هەتاکو نەهەژێم،
26
بۆیە دڵم شادە و زمانم شادی دەردەبڕی. جەستەم بە هیواوه پشوو دەدات.
27
گیانم لە ناو مردووەکاندا بەجێ ناهێڵیت، و ڕێگە نادەیت تاکە پیرۆزەکەت گەندەڵی ببینێت،
28
تۆ ڕێنماییت کردم بۆ ڕێگاکانی ژیان، بینینی ڕووخسارت پڕم دەکات لە شادی!
29
ئەی برایان، با ڕاشکاوانە پێتان بڵێم کە داڤیدی باوکمان مرد و بە خاک سپێردرا، و گۆڕەکەی تا ئەمڕۆش لای ئێمەیە.
30
چونکە داڤید پێغەمبەر بوو، دەیزانی کە خودا سوێندی بۆ خواردووە کە مەسیح لە رەچەڵەکی ئەو ئەبێت و لەسەر تەختەکەی دادەنیشێت،
31
باسی هەستانەوەی مەسیحی کرد وەک چۆن پێشتر بینیبووی، گوتی لە جیهانی مردوواندا نەمایەوە، جەستەی گەندەڵیی وەرنەگرت.
32
یەشوا لە مردن هەستایەوە و هەموومان شایەتحاڵی ئەوەین.
33
کاتێک بەرزبۆوە بۆ ڕاستەی خودا، و گیانەکە پیرۆزەکە بەڵێندراوی لە باوک وەرگرت، و بەسەر ئێمەیدا ڕشت. ئەوەی ئێستا دەیبین و دەیبیستن دەرئەنجامی ئەوەیە.
34
چونکە داڤید بە جەستەی خۆیەوە بەرز نەکرایەوە بۆ ئاسمان. پاشان بۆ خۆی دەڵێت: پەروەردگار بە پەروەردگارمی فەرموو: لە راستەی من دابنیشە
35
تا دوزمنەکانت بکەمە تەختە پێت.
36
کەواتە با هەموو نەوەی ئیسرائیل بە دڵنیاییەوە بزانن، کە خودا یەشوا ئەوەی ئێوە لە خاچتاندا، پەروەردگار و مەسیحە!»
37
ئەوانەی ئامادەبوون ئەم قسانەیان بیست، کاری کرد لە دڵیان، بۆیە لە پەترۆ و نێردراوانی دیکەیان پرسی: « برایان، چی بکەین؟»
38
پەترۆ وەڵامی دانەوە: «پاشگەز ببنەوە، و بە ناوی یەشوای مەسیح لە ئاوهەڵکێشرێن خودا لە گوناهەکانتان خۆش دەبێت و گیانە پیرۆزەکە بە دیاری وەردەگرن،
39
چونکە بەڵێنەکە بۆ ئێوە و منداڵەکانتان و هەموو ئەوانەیە کە دوورن، هەرکەسێک پەروەردگار خودامان بانگهێشتی کردبێت وەریدەگرێت!»
40
پاشان پەترۆ شایەتحاڵی بۆ ئامادەبووان دا و بە چەندین وتاری تر ئامۆژگاری کردن، و گوتی: «خۆتان لەم نەوە لاڕێیە ڕزگار کەن!»
41
ئەوانەی قسەکانیان پەسند کرد لە ئاو هەڵکێشران. نزیکەی سێ هەزار کەس لەو ڕۆژەدا پێوەندیان کرد.
42
هەمووان بەردەوام بوون لە وەرگرتنی فێرکارییەکانی نێردراوان، و ژیانی هاوبەش و شکاندنی نان و نزاکردن.
43
کاتێک زۆر سەرسوڕهێنەر و نیشانە لەلایەن نێردراوانەوە ئەنجامدرا، هەمووان تووشی سەرسامی بوون.
44
باوەڕداران هەموویان پێکەوە یەکگرتوو بوون، و لە هەموو ئەو شتانەی کە هەیانبوو بوون بە هاوبەش،
45
کەلوپەلی خۆیان دەفرۆشت و بەهاکەیان بە پێی پێویستی هەر کەسە دابەش دەکرد،
46
ڕۆژانە بە یەک دڵ و بەردەوام دەچوون بۆ پەرستگا، و لە ماڵەوە نانیان دەشکاند، و بە ڵخۆشی و دڵفراوانییە پێکەوە نانیان دەخوارد،
47
ستایشی خودایان دەکرد، و لەلایەن هەموو گەلەوە پێشوازییەکی باشیان لێکرا. پەروەردگار، هەموو ڕۆژێک، ئەو کەسانەی بۆ کڵێساکە زیاد دەکرد کە ڕزگاریان ببوو.