بەشی ٥
1
سەبارەت بە پرسی سەردەم و کاتە دیاریکراوەکان پێویست ناکات دەربارەیان بۆتان بنووسم.
2
چونکە بە دڵنیاییەوە دەزانن کە ڕۆژی پەروەردگار دێت وەک چۆن دز لە شەودا دێت.
3
لە کاتێکدا خەڵک دەڵێن: ئاشتی و ئارامی هەیە! لەناوچوونێکی لە ناکاو دێتە سەریان، وەک ئازاری ژنێکی دووگیان، و هەرگیز ناتوانن لێی دەرچن.
4
جگە لەوە ئێوەش،ئەی برایان، ئەو ڕۆژەی کە وەک دزێ لە ناکاو دێت لە تاریکیدا نابن.
5
چونکە هەمووتان ڕۆڵەی ڕووناکی و ڕۆژن. ئێمە نە خەڵکی شەوین و نە خەڵکی تاریکی.
6
بۆیە، با نەخەوین وەک چۆن ئەوانی تر دەخەون، بەڵکو با بەئاگا و هۆشیاری بمێنینەوە،
7
چونکە ئەوانەیبە شەو دەخەون با بخەون و، ئەوانەی لە شەودا سەرخۆشن با سەرخۆش بن
8
بەڵام ئێمە، کە خەڵکی ڕۆژین، دەبێت بە ئاگایی بمێنینەوە، و باوەڕ و خۆشەویستی بکەین بە قەڵغانێک بۆ سینگمان، و هیوای ڕزگاربوون کڵاو بۆ سەرمان.
9
چونکە خودا ئێمەی دیاری کردووە نەک بۆ ئەوەی تووڕەیی بەسەرماندا بێت بەڵکو بۆ ئەوەی بە یەشوای مەسیحی پەروەردگارمان ڕزگارمان بێت،
10
کە لە پێناو ئێمە مرد بۆ ئەوەی هەموومان لەگەڵیدا بژین، جا چ لە بەئاگابوونی ژیاندا بین یان لە خەوی مردندا!
11
بۆیە دڵنەوایی یەکتر بدەنەوە و یەکتر بە هێز بکەن، هەروەک چۆن دەیکەن.
12
بەڵام داواتان لێدەکەین، برایان، ئەو کەسانە بناسن کە لە نێوانتاندا زۆر کۆشش دەکەن، وەک چۆن پەروەردگار دەیەوێت شوانایەتیتان دەکەن، و ئامۆژگاریتان دەکەن،
13
رێزیان بگرن بە رێزلێنان لە خۆشەویستیدا پێناو کارەکانیان. بە ئاشتی لەگەڵ یەکتردا بژین.
14
داواتان لێدەکەین، ئەی برایان، ئامۆژگاری تێکدەرەکان، و بێ ورەکان بە هێز بکەن، و پشتگیری لاوازەکان بکەن، و بە پشوودرێژییەوە لەگەڵ هەمووان رەفتار بکەن.
15
ئاگادار بن هیچ کام لە ئێوە خراپە بە خراپە وەلام نەدەنەوە هاوشێوەی ئەوان. بەڵکو بەردەوام هەوڵبدەن بە چاکە لەگەڵ یەکتر ولەگەڵ هەمووان رەفتار بکەن.
16
بەردەوام شاد بن؛
17
بێ بڕانەوە نزا بکەن؛
18
لە هەموو بارودۆخێکدا سوپاسگوزار بن: چونکە ئەمە خواستی خودایە بۆ ئێوە لە مەسیحی یەشوادا.
19
گیانەکە خامۆش مەکەن،
20
سووکایەتی بە پێشبینیەکان مەکەن؛
21
هەموو شتەکان تاقی بکەنەوە و دەست بە باشەوە بگرن.
22
خۆت بە دوور بگرە لە هەموو شتێ گومانی خراپەی تێدایە.
23
خودای ئاشتی خۆی بە تەواوی پیرۆزتان بکات، و خۆتان و گیان و جەستەتان تەندروست بکات، تا لە گەڕانەوەی پەروەردگارمان یەشوای مەسیحدا بێ کەموکوڕی بن.
24
چونکە خودا کە بانگهێشتتان دەکات ڕاستگۆیە، و ئەوەیش بە ئەنجام دەگەیەنێت.
25
ئەی برایان، لە پێناوماندا نزا بکەن.
26
بە ماچێکی پاکەوە سڵاو لە هەموو برایان!
27
بە پەروەردگار داواتان لێدەکەم کە ئەم نامەیە بۆ هەموو براکان بخوێندرێتەوە.
28
بەخششی پەروەردگارمان یەشوای مەسیح لەگەڵتان بێت.